چۆن پلانی هێرشێكی گەورەی ئێران و حەماس و حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل شكستی هێنا؟

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 664 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

بەڵگەنامە نهێنییەكان وردەكاری بێ وێنەیان دەربارەی سروشتی پەیوەندی نێوان حەماس و حیزبوڵڵا ئاشكرا كردووە دوای ساڵانێك لە هەماهەنگی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری  كە ئامانج لێی ئامادەكاریی بووە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی فرە بەرەیی لەگەڵ ئیسرائیل بەپشتیوانی ئێران.

ئەو بەڵگەنامانە كە پەیامنێری ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاشكرایكردووە، لەكاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی كەرتی غەززەدا دۆزراونەتەوە و نەتوانراوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ ڕاستەقینەیان پشتڕاست بكرێتەوە، كە بریتین لە نامە و گفتوگۆ و ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكانی ساڵی 2019 تا 2023، باس لە پەیوەندییەكانی نێوان حەماس و سەركردەكانی حیزبوڵڵا دەكەن، هەروەها باس لە ڕۆڵی سوپای پاسدارانی ئێران لەو هەماهەنگییەدا دەكەن.

بەگوێرەی بەڵگەنامەكان، قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە ساڵی 2019دەستیپێكردووە و هاوكات لەگەڵ پەرەپێدانی پلانە سەربازییەكانی حەماس بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل. 

 ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس لەو كاتەدا كە (لەهێرشی ئیسرائیل دوای هێرشی ئۆكتۆبەر لەتاران كوژرا)، نامەیەكی بۆ حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵا كە لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژرا، نارد و متمانەی خۆی دەربڕی كە ئەو حزبە دەبێتە هاوبەشی هەر ڕوبەڕوبوونەوەیەكی داهاتوو لەگەڵ ئیسرائیل.

بەڵگەنامەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە پەیامێكی هاوشێوە بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش نێردراوە، هەنگاوێك بە سەرەتای دامەزراندنی چوارچێوەیەكی هەماهەنگی لە نێوان لایەنەكانی ئەو وڵاتانە دادەنرێت كە بە "میحوەری خۆڕاگری" ناسراوە.

ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە بەیروت
بەڵگەنامەكان ئاشكرای دەكەن كە یەكەم تاقیكردنەوەی پراكتیكی ئەم هەماهەنگییە لە كاتی ئۆپەراسیۆنێك بووە لە ساڵی 2021دا، كە ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە بەیروت دامەزرا، كە لە نوێنەرانی حەماس و حیزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ئێران پێكهاتبوو.

بەگوێرەی بەڵگەنامەكان، حیزبوڵڵا زانیاری هەواڵگری لەسەر جموجۆڵەكانی سوپای ئیسرائیل و چالاكییەكانی هێزی ئاسمانی و جێگیركردنی هێزەكانی بۆ حەماس دابینكردووە، ئەمەش لە وەڵامی داواكاری ڕاستەوخۆی سەركردایەتی بزووتنەوەكە. 

ڕاپۆرتە ناوخۆییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە ژووری ئۆپەراسیۆنەكان بە درێژایی ڕۆژانی ڕوبەڕوبوونەوەكە لە دانیشتندا ماوەتەوە.

پووچەڵكردنەوەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئیسرائیل
بەڵگەنامەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە حیزبوڵڵا زانیاری هەواڵگریی بە حەماس داوە كە یارمەتیی داوە بۆ ئەوەی بزانێت ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل بەشێك بووە لە پلانی فریودانی سەربازی.

هەروەها لە بەڵگەنامەكاندا باس لە هۆشدارییەكی پێشوەختە كراوە كە لەلایەن حیزبەكەوە چەند كاتژمێرێك پێش هەوڵی تیرۆركردنی فەرماندەی لیوای باكووری غەززە، ئەحمەد ئەلغەندوور، دوای چاودێریكردنی چالاكییە هەواڵگرییە چڕەكان بەسەر ناوچەی جەبەلیاوە بە حەماس دراوە، كە بووە هۆی ئەوەی حەماس ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگرێتەبەر.

ناكۆكی لەسەر ئاستی بەشداریكردن
سەرەڕای ئەم پشتگیرییە، بەڵگەنامەكان ناكۆكی لە نێوان هەردوولا سەبارەت بە ئاستی بەشداری سەربازی ئاشكرا دەكەن.

بەگوێرەی ئەو نامانەی نوسراون، بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس سەركردایەتیی حیزبوڵڵایان ئاگادار كردۆتەوە كە دەستێوەردانی حیزبوڵڵا لە كاتی ئۆپەراسیۆنی پاسەوانی دیواردا سنووردار بووە و داوای كردنەوەی بەرەیەكی باكوورییان كردووە بۆ بەرتەسككردنەوەی جموجۆڵەكانی سوپای ئیسرائیل و كەمكردنەوەی گوشارەكانی سەر كەرتی غەززە. لە بەڵگەنامەكاندا ئاماژە بە یەكێك لە یاریدەدەرەكانی حەسەن نەسروڵڵا كراوە كە بەڵێنی داوە ئەو داواكاریانە بگەیەنێتە سەركردایەتی حزبەكە بۆ ئەوەی تاوتوێی بكەن.

كۆبوونەوەكان بۆ خستنەڕووی سیناریۆیەكی جەنگ
لە مانگی ئایاری ساڵی 2022 لە بەیروت كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو بەبەشداری  ساڵح عاروری و خەلیل حەیە لە حەماس و حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی پێشووی حزبوڵڵا و بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێران.

لە بەڵگەنامەكاندا هاتووە كە سەركردایەتی بزووتنەوەی حەماس لە میانی كۆبوونەوەكەدا دیدگایەكی بۆ دەستپێكردنی ڕوبەڕوبوونەوەی بەرفراوانی ناوچەیی خستۆتەڕوو، لەسەر بنەمای ئەوەی كە بە لاوازی دۆخی سیاسی ناو ئیسرائیل وەسفی كردووە، پەرەسەندنی گرژییەكانی كەرتی ڕۆژئاوا، سەرقاڵبوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و هەوڵەكانی ڕاگرتنی پرۆسەی ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل.

نەسروڵڵا داوای دیاریكردنی ئامانجەكانی جەنگ دەكات
بەپێی بەڵگەنامەكان، حەسەن نەسروڵڵا بەو پێشنیازە ڕازی نەبووە. بەڵكو داوای كرد كە ئامانجە ستراتیژییەكانی شەڕەكە دیاری بكرێت پێش ئەوەی ڕێكبكەون لەسەر میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی، پرسیاری ئەوەی كرد كە ئایا ئامانجەكە ڕووخاندنی ئیسرائیلە یان گەیشتن بە ئامانجی سنووردارتر.

سەركردایەتی بزووتنەوەی حەماس ئەو تێبینیانەی گەیاندووەتە یەحیا سینوار كە دواتر دەستی كردووە بە ئامادەكردنی سیناریۆی جۆراوجۆر بۆ ئەو ڕوبەڕوبوونەوەیە.

سیناریۆی پەسەندكراو
بەڵگەنامەكان ئاشكرای دەكەن كە سینوار ئەوەی ناوی لێنابوو "شەڕی بەڵێنی دووەم" وەك سیناریۆی پەسەندكراو پێشنیار كردووە. ئەم سیناریۆیە بریتی بوو لە دەستپێكردنی هێرشێكی سەرسوڕهێنەر لە یەك كاتدا لە چەندین بەرەوە بۆ ئەوەی گورزێكی ستراتیژی لە ئیسرائیل بدات.

پلانەكە كاتی ئۆپەراسیۆنەكەی بەستووەتەوە بە جەژنی جولەكەكانەوە لە ساڵی 2023پێش ئەوەی دواتر كاتی جێبەجێكردنەكەی بگۆڕدرێت. هەروەها سیناریۆكان ئەگەری بەكارهێنانی سنوورەكانی ئوردن و سوریای لەخۆگرتبوو.

دەستپێكردنی شەڕ
كاتێك حەماس لە حەوتی ئۆكتۆبەری 2023 هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێكرد، یەحیا سینوار نامەیەكی بۆ حەسەن نەسروڵا نارد بە پەلە دەست بەهێرش بكەن، بەڵام حیزبوڵڵا بەشێوەیەكی سنوردار هێرشی دەستپێكرد، هێرشێك نەبوو لە ئاست چاوەڕوانییەكانی حەماسدا.

بەپەلە