بەمزوانە ماكرۆن سەردانی دیمەشق دەكات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 95 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

سەرۆكایەتی كۆماری سوریا ڕۆژی یەكشەممە سەردانێكی داهاتووی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسای بۆ دیمەشق ئاشكراكرد بەمزوانە. بڕیارە لە سەردانەكەدا تیشك بخرێتە سەر پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و پرسەكانی بەرژەوەندی هاوبەش.

ئەمە یەكەم سەردانی ماكرۆن دەبێت بۆ دیمەشق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٤، هەروەها سێیەم سەردانی سەركردەیەكی بیانی دەبێت بۆ ئەو وڵاتە، دوای سەردانی شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر لە مانگی یەكی ساڵی ٢٠٢٥ و سەرۆكی ئۆكرانیا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی لە مانگی نیسانی ٢٠٢٦دا.

لە ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی سوریادا ئاماژە بەوە كراوە كە سەرۆكی فەرەنسا لەگەڵ شاندێك لە وەبەرهێنەران و نوێنەری كۆمپانیا فەرەنسییەكان بۆ بەرزكردنەوەی هاوكارییە ئابوورییەكان سەردانی سوریا دەكات"، ئاماژەی بەوەشكردووە، "دانوستانەكان باس لە پێشهاتەكانی بارودۆخی ناوچەكە و نێودەوڵەتی دەكەن".

ماكرۆن دەبێتە یەكەم سەرۆكی فەرەنسا كە لەدوای نیكۆلا ساركۆزی  سەردانی سوریا بكات، ساركۆزی لە2009 دوو ساڵ پێش سەرهەڵدانی ئەو شەڕە نێوخۆییەی كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە نیو ملیۆن كەس و وێرانكارییەكی بەرفراوان و ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس سەردانی سوریای كرد.