شارپرێس:
دوای نزیکەی دوو دەیە لەکۆنترۆڵی ڕەها،
بزوتنەوەی حەماس بڕیارێکی مێژویی دەداتو حکومەتەکەی لەکەرتی غەززە هەڵدەوەشێنێتەوە
بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵات بەلیژنەیەکی تەکنۆکرات، هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی
دانوستانە چڕەکانی ئاگربەست لەقاهیرە.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت-ی لەندەنی، ئێوارەی ڕۆژی
یەکشەممە بڵاویکردەوە، سەرکردایەتی بزوتنەوەی حەماس بەرەو ئەوە دەچێت هەڵوەشاندنەوەی
"لیژنەی بەدواداچونی کارەکانی حکومەت" ڕابگەیەنێت کە بەحکومەتی ڕاستەقینەی
بزوتنەوەکە لەکەرتی غەززە دادەنرێت، ئەمەش دوای نزیکەی دوو دەیە لەبەڕێوەبردنی تەواوەتی
کاروباری کەرتی غەززە.
ڕۆژنامەکە لەزاری دوو سەرچاوەی ناو بزوتنەوەکەوە
ڕایگەیاندوە، ئەم هەنگاوی هەڵوەشاندنەوەیە لەچوارچێوەی "دەستپێشخەرییەکدایە"
بۆ کردنەوەی ڕێگه لەبەردەم هاتنی لیژنەی بەڕێوەبردنی غەززە یان ئەوەی بەلیژنەی تەکنۆکرات
دەناسرێت کە لەلایەن کەسایەتی فەڵەستینی، عەلی شەعسەوە بەڕێوەدەبرێت، بۆ ئەوەی بچێتە
ناو کەرتی غەززەو ئەرکەکانی وەربگرێت، ئەمەش دوای نزیکەی شهش مانگ لەپێکهێنانیو ڕەتکردنەوەی
ئیسرائیل بۆ چونە ناوەوەی ئەندامانی لیژنەکە بۆ ناو کەرتی غەززە.
دکتۆر عەلی عەبدولحەمید شەعس ئەندازیارو بەرپرسێکی
باڵای فەڵەستینییە کە سەرۆکایەتی لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە (لیژنەی تەکنۆکرات)
دەکات، ئەم لیژنەیە لەسەرەتای ئهمساڵ بهگوێرهى قۆناغی دوەمی پلانێکی نێودەوڵەتی
بەسەرپەرشتی ئەمریکاو نێوەندگیری قەتەر، میسرو تورکیا پێکهێنرا بۆ گرتنەدەستی
کاروباری مەدەنیو ئاوەدانکردنەوەی غەززە وەک جێگرەوەیەک بۆ حوکمڕانیی حەماس.
لەکاتێکدا یەکێک لەدوو سەرچاوەکەی حەماس ڕایگەیاندوە
کە "ڕاگەیاندنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکە ئهمڕۆ دوشەممە دەبێت، بهڵام سەرچاوەی
دوەمی حهماس جەختیكردوهتهوه لەنزیکبونەوەی کاتەکە بێئەوەی بەوردی دیاریی
بکات".
حەماس لەوکاتەوەی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی
2006دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کۆنترۆڵی کەرتی غەززەی کردو لەساڵی 2007دا دوای
ململانێیەکی خوێناوی لەگەڵ بزوتنەوەی فەتح، دەسەڵاتی خۆی بەتەواوی بەسەردا سەپاندو
بەردەوامبوو لەبەڕێوەبردنی سەرجەم کاروباری کەرتی غەززە.
هاوکات، سەرچاوەکان لەبزوتنەوەی حەماسو لایەنە
فەڵەستینییەکانەوە ڕایانگەیاندوە، لەماوەی دوو ڕۆژدا کۆبونەوەی نوێو نزیک لەقاهیرەی
پایتەختی میسر بەڕێوەدەچن بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان سەبارەت بەقۆناغی دوەمی ڕێککەوتنی
لەرزۆکی ئاگربەست لەکەرتی غەززە.
