شارپرێس:
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەهەڵدانەوەی
دۆسیەی 3300 داواکراوو سزادانی تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی کوردان، جەختدەکاتەوە،
"تاوانەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشوو بەتێپەڕبونی کات بەسەرناچن"، دهشڵێت،
"سەرۆک کۆمار لەڕوی دەستوریی یان یاساییەوە دەسەڵاتی هەموارکردن، سوککردن، یان
هەڵوەشاندنەوەی بڕیارهكانى لەسێدارەدانی نییە کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی
عێراقەوە دەرچون، بەڵکو ڕۆڵی تەنها کورتدەبێتەوە لەدەرکردنی مەرسومی کۆماری تایبەت
بەجێبەجێکردنی حوکمەکە".
دادوەر سەعد لامی سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی
عێراق ڕایگەیاند، دادگاکە لەسەر بنەمای دەقێکی دەستوریی بەردەوامە لەکارەکانی تا یەکلاکردنەوەی
سەرجەم ئەو دۆسیانەی کە خراونەتە بەردەمی، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، نزیکەی 3300 فەرمانی
دەستگیرکردن دژی ئەوکەسانە هەیە کە لەسەردەمی ڕژێمی پێشودا تاوانی دژی مرۆڤایەتییان
ئەنجامداوەو تائێستا جێبەجێنەکراون.
لامی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی
عێراقی (واع) ڕایگەیاند، "دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەساڵی 2005 بهگوێرهى
یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2005 دامەزراوە کە درێژکراوەی ئەو دادگایەیە کە ئەنجومەنی
حوکم لەساڵی 2003 لەژێر ناوی (دادگای تایبەتمەندی عێراقی بۆ تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی)
دایمەزراند کە کارەکانی تەنها لەقۆناغی لێکۆڵینەوەدا قەتیس بوو".
وتیشی:"دادگاکە دوای هەڵبژاردنی کۆمەڵەی
نیشتمانی لەساڵی 2005، بوو بەدادگایەکی پشتبەستوو بەیاسایەکی نیشتمانی لەژێر ناوی
(دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق)، بەو پێیەش ئەو دادگایەی کە بهگوێرهى یاسای
ژمارە (1)ی ساڵی 2003 پێکهاتبوو، هەڵوەشایەوە".
ڕونیشیکردەوە، "دادگاکە پێکهاتوە لەدەستەیەکی
لێکۆڵینەوە کە سێ دادوەرو سێ ئەندامی داواکاری گشتیی لەخۆدەگرێت، دادگایەکی تاوانەکان
کە پێنج دادوەرو سێ ئەندامی داواکاری گشتیی لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دەستەیەکی پێداچونەوە
(تەممیز) کە لەنۆ دادوەر پێکهاتوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "دادگاکە لەڕوی کارگێڕییەوە
بەسترابوەوە بەئەنجومەنی وەزیرانەوە تا دەرچونی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2011 کە بەستنەوەی
بەئەنجومەنی وەزیرانەوە هەڵوەشاندەوەو بەستییەوە بەئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە، بەمەش
لەساڵی 2012وە بوە یەکێک لەپێکهاتەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، ئەمەش هاوتەریب
بوو لەگەڵ بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەجۆرێک کە سەربەخۆییو بێلایەنی دادوەریی
بەهێز دەکات".
لامی جەختیشیکردەوە، "دادگاکە لەکاتی
دامەزراندنییەوە، دادگایی ژمارەیەک لەسەرکردەو سیمبولەکانی ڕژێمی پێشوی کردوەو نزیکەی
20 حوکمی لەسێدارەدان دەرچون کاتێک کە بەسترابوهوه بەئەنجومەنی وەزیرانەوە، دوای
ساڵی 2012 بوو بەدادگایەکی پسپۆڕو دادوەرەکانی بهگوێرهى یاسای ڕێکخستنی دادوەری
ژمارە 160ی ساڵی 1979ی هەموارکراو دادەمەزرێنو لەڕوی کارگێڕییەوە بەستراونەتەوە بەئەنجومەنی
دادوەرییەوەو بڕیارەکانیشی کۆتایی نین، بەڵکو قابیلی تانەلێدانن لەبەردەم ئەنجومەنی
باڵای دادوەریی، وەک هەموو دادگاکانی دیکە کە هەندێکیان پسپۆڕن لەنەهێشتنی گەندەڵی
یان تاوانەکاندا".
ڕونیشیکردەوە، "عێراق دادگای تاوانەکانی
تێدایە کە تایبەتن بەدۆسیەکانی تیرۆر، گەندەڵیو دۆسیە گومرگییەکان، لەکاتێکدا
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق تایبەتە بەسەیرکردنی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی،
تاوانەکانی جەنگو تاوانەکانی کۆمەڵکوژی (جینۆساید)، بڕیارەکانی کێشەی تەممیزیان هەیە
لەبەردەم دادگای تەممیزی فیدراڵیو سەرجەم دادوەرەکانیشی عێراقینو بهگوێرهى یاسای
ڕێکخستنی دادوەری دامەزراون".
بهوتهى لامی، "سەرۆکایەتی کۆمار لەڕوی
دەستوریی یان یاساییەوە دەسەڵاتی هەموارکردن، سوککردن، یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیارهكانى
لەسێدارەدانی نییە کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە دەرچون، بەڵکو ڕۆڵی
تەنها کورتدەبێتەوە لەدەرکردنی مەرسومی کۆماری تایبەت بەجێبەجێکردنی حوکمەکە، بهواتاى
ئهوهى، بهگوێرهى مادەی 27ی یاسای دادگاکە، بەهیچ جۆرێک ڕێگه بەسەرۆک کۆمار
نادرێت سزا کەمبکاتەوە یان هەڵیبوەشێنێتەوە".
ڕونیشیکردەوە، "یاسای پێکهێنانی دادگاکە
ناوی کەسانی دیارینەکردوە بۆ دادگاییکردن، بەڵکو ئەو تاوانانەی دیاریکردوە کە دەکەونە
چوارچێوەی پسپۆڕییەکەیەوە، ئەوانیش تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگو کۆمەڵکوژین،
هەرکەسێک ئەو تاوانانەی بەسەردا بسەلمێت، ڕەوانەی دادگا دەکرێت، دادگا دادگایی هەر
کەسێک ناکات کە پۆستێکی جێبەجێکردن، ئەمنی، یان حزبی لە ڕژێمی پێشودا هەبوبێت، بەڵکو
تەنها سەیری ئەو دۆسیانە دەکات کە سکاڵایان تێدایە سەبارەت بەئەنجامدانی تاوانەکانی
دژی مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ، یان کۆمەڵکوژیی".
