وه‌فدێكى به‌غدا له‌هه‌ولێره‌و به‌دواداچون بۆ خه‌رجى‌و داهاتى سه‌رده‌مى سودانى ده‌كات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2236 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ململانێی داهات‌و شەفافییەت گەیشتە لوتکە، بەغدا بەدەسەڵاتی ڕەهاوە لەناوجەرگەی فەرمانگەکانی هەولێرەو چارەنوسی دارایی هەرێم لەسەر مێزی وردبینی کتوپڕ یەکلادەبێتەوە، شارپرێس زانیاریى ده‌ستكه‌وتوه‌، وه‌فدێكى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق ئه‌مڕۆ هه‌شت ڕۆژه‌ له‌هه‌ولێرن، وه‌فده‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ سه‌ردانى هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك بكه‌ن‌و به‌دواداچون بۆ خه‌رجى‌و داهات بكه‌ن.


به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى شارپرێس، وه‌فده‌كه‌ به‌دواداچون بۆ خه‌رجى‌و داهاتى سێ مانگى كۆتایی ساڵى 2025 ده‌كه‌ن‌و ئه‌گه‌رچى مانگانه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاپۆرتى ته‌رازوى پێداچونه‌وه‌ى ناردوه‌ته‌ به‌غدا، به‌ڵام وه‌فده‌كه‌ خۆیان له‌داهات‌و خه‌رجى ده‌كۆڵنه‌وه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى شارپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌ى تایبه‌ته‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوه‌، وه‌فده‌كه‌ تاوه‌كو كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌مێننه‌وه‌و له‌هه‌رێمى كوردستان‌و به‌غداش ده‌ستكراوه‌كراون هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك بیانه‌وێت به‌بێ ئاگادارى پێشوه‌خته‌، سه‌ردانى ده‌كه‌ن‌و وردبینى بۆ ئه‌ژمێره‌ى كۆتاییان ده‌كه‌ن، به‌ته‌وابونى وردبینییه‌كه‌ ژمێره‌ى دارایی ساڵى ڕابردوو له‌نێوان هه‌ردولا داده‌خرێت.

پەیوەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، لەساڵانی ڕابردودا یەکێکبوە لەئاڵۆزترین‌و هەستیارترین دۆسیە سیاسیی‌و ئابورییەکان، پاش بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ نادەستوریبونی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم‌و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان لەئاداری 2023، داهاتەکانی هەرێم توشی پاشەکشەیەکی گەورە بون، بەغدا مەرجی ناردنی موچەو شایستە داراییەکانی بەستەوە بەڕادەستکردنی تەواوی داهاتە نانەوتییەکان (گومرک‌و باج)و وردبینیکردنی خەرجییەکان.

لەناوەڕاستی ساڵی 2023، پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی (2023 ـ 2025)ی پەسەندکرد، لەو یاسایەدا، پشکی هەرێم بەڕێژەی 12.67% دیاریکرا، بەڵام پێدانی ئەم پشکە بەستراوە بەزنجیرەیەک مەرجی توند، لەوانەش پشکنین‌و وردبینیکردنی ته‌واوی ژمێره‌ کۆتاییەکانی هەرێم لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵییەوە.

یەکێکی دیكه‌ لەخاڵە ناکۆکەکانی ئەمدواییانە، پرسی شێوازی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو لەنێوان پڕۆژەی ناوخۆیی هەرێم (هەژماری من)و بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ "تەوتین"کردنی موچەکان لەبانکە فیدراڵییەکاندا، کە کێشمەکێشێکی زۆری دروستکرد.

ناردنی ڕاپۆرتی مانگانەی "تەرازوی پێداچونەوە" لەلایەن هەولێرەوە بۆ بەغدا بەسنەبوو بۆ ڕازیبونی لایەنی فیدراڵی، بۆیە، ڕێگەدان بەوه‌فدى چاودێری دارایی بەغدا بۆ پشکنینی مەیدانی‌و  کتوپڕی فەرمانگەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، وەک وەرچەرخانێک دەبینرێت بۆ نەهێشتنی گومانەکان‌و داخستنی یەکجاریی دۆسیەی دارایی ساڵی ڕابردوو.

هاوكات کێشەی ناردنی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆ (نانەوتی) یەکێکە لەگەورەترین گرێکوێرە داراییەکانی ئێستای نێوان هەولێرو بەغدا، بەغدا ئەم بڕە پارەیە وەک مەرجێکی بڕاوەو چەسپاو بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دادەنێت، لەکاتێکدا هەرێم دەڵێت، بەهۆی کەمبونەوەی داهاتەوە ناتوانێت مانگانە ئەو بڕە جێگیرە بنێرێت.