وه‌زیرى دارایی عێراق له‌باره‌ى موچه‌ى هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات

ئابوری

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 17983 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى په‌رله‌مانتارێكى كورد له‌به‌غدا ئاشكرایكردوه‌، هۆكاری دواكەوتنی ناردنی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم، بۆ كەمیی نەختینە (سیولە) دەگەڕێتەوەو وەزیرى داراییش له‌وباره‌یه‌وه‌ بڕیارێكى ده‌ركردوه‌و ئێستاش سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتەیە.


دوێنێ بەر لەتەواوبونی كاتی ئاسایی دەوامی فەرمیی، فالح ساری وەزیری دارایی عێراق، واژۆی لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم بەلێبڕینی 120 ملیار دینارەكەوه‌ کرد، سەرچاوەیەکیش لەدارایی عێراق ڕایگەیاندبوو، لەمڕۆ دوشەممەوە دەست بەڕێکارەکانی خەرجكردنی پارەكە دەکرێت‌و یەک بۆ دوو ڕۆژ بۆ تەواوکردنی ڕێكارەكانی تەمویلكردن پێویستە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ شێروان دوبەردانی په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى پارتى له‌به‌غدا ئاشكرایكرد، "وەزیری دارایی فیدڕاڵ بڕیاریداوە، موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بخاته‌ پێش دابه‌شكردنى موچه‌ى سەرۆكایەتییەكانی عێراق، ئەمەش خاڵێكی ئەرێنییە".

به‌وته‌ى دوبه‌ردانى، "ئێمە وەكو پەرلەمانتاران‌و فەرمانبەرانی سەر بەمیلاكی دیوانی په‌رله‌مانى عێراق، تائێستا موچەى مانگى شه‌ش-مان وەرنەگرتوەو كێشەی كەمیی نەختینە هەیە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "وەزیری دارایی فیدڕاڵ پێیڕاگەیاندوین، سەرەتا موچەی موچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی وەزارەتەكانی فیدڕاڵ تەمویلدەكەم، ئینجا موچەی په‌رله‌مان‌و دیوانی سەرۆكایەتیی كۆمارو سەرۆكایەتیی وەزیران دابەشدەكرێت".