شارپرێس ـ كهنداڵ جودى:
دوای تێپەڕبونی زیاتر لەنیو سەدە، پڕۆژەی (کەمەربەندی عەرەبی) هێشتا وەک یەکێک لەکێشە هەرە پڕ مشتومڕەکان لەڕۆژئاوای کوردستاندا ماوەتەوە، پڕۆژەیەک کە کاریگەرییەکانی تەنها لەمێژودا قەتیس نەماون، بەڵکو تاوەکو ئەمڕۆش ڕەنگدانەوەی بەردەوامیان لەسەر ژیانی کوردان، مافی خاوەندارێتیو گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە جێهێشتوە، کێشەی (کەمەربەندی عەرەبی) یەکێکە لەدۆسیە هەرە گرنگەکان لەڕۆژئاوای کوردستان؛ چونکە کاریگەری قووڵی کۆمەڵایەتی، دیمۆگرافیو سیاسیی لەسەر خەڵکی ناوچەکە دروستکردوەو تائێستاش جێگەی گفتوگۆیە.
پڕۆژەی کەمەربەندی عەرەبی کەی دەستیپێکرد؟
پڕۆژەكه لەڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت لەپارێزگای حەسەکە لەساڵی 1973و لەسەردەمی حافز ئەسەد سەرۆکی ئەوکاتەی سوریا جێبەجێکرا، ئەم پڕۆژەیە لەساڵانی شەستەکاندا لەلایەن ئەفسەرو سیاسەتمەدار (مەحمەد تەڵەب هیلال)ەوە پێشکەشکرابوو.
پڕۆژەکە چۆن جێبەجێکرا؟
لەکاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا، ڕژێمی بەعسی ئەوکاتە، خێزانە عەرەبەکانی لەناوچەکانی ڕەققەو شوێنەکانی دیكهى سوریا هێناو لەناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا نیشتەجێیکردن، ئەم کەمەربەندە بەتایبەت لەسەرێکانییەوە تاوەکو شاری دێرک بەدرێژایی زیاتر لە300 کیلۆمەترو بەپانتایی 20 کیلۆمەتر کێشرا.
کاریگەرییەکانی پڕۆژەکە لەسەر کوردان
لەئەنجامی ئەمەدا، ڕژێمی بەعس زەویو زارەکانی کوردی لەنێوان سەرێکانی تا دێرک داگیركردو دایە دەست ئەو خێزانە عەرەبانەی کە لەوێ نیشتەجێیکردن، هاوکات، ڕژێمی بەعس ڕەگەزنامەی سوری لەهەزاران کوردی ڕۆژئاوا سەندەوە و وەک بێگانە (أجانب) ناونوسکران.
شاهیدییەک لەزمان شایەدی ئەو سەردەمەوە
فارس شەمۆ کوردێکی ئێزدییە لەگوندی "تل خاتون"ی سەر بەشاری تربەسپی، فارس شەمو کە خۆی شایەتحاڵی ڕۆژانی زەوتکردنی زەوییەکانیان بوە، چیرۆکەکەی بۆ شارپرێس بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە، "لەساڵی 1973دا ئێمە لەگوندی خۆمان بوین، ئەفسەرێکی پۆلیسی ڕژێمی بەعس هاتە گوندەکەمانو پێی وتین کە زەوییەکانتان دەدەینە عەرەبەکان، ئێمە دژی وەستاینەوەو کاتێک خێزانە عەرەبەکان هاتن، چوینە بەردەمیان، بەڵام ڕژێمی بەعس لەوکاتەدا هێزێکی گەورەی هێنایە ناوچەکەو هێرشیکردەسەرمان".
فارس شەمو ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوبەری زەوییەکانی 160 دۆنم بوە، ڕژێمی بەعس هەموی لێسەندوەو داویەتی بەعەرەبەکان، پاشان وتی، "ئامانجی ڕژێمی بەعس لەمکارە، گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردان بوو، بۆ ئەوەی کورد لەگوندەکانی خۆیان کۆچبەربنو ڕوو لەدەرەوەی وڵات بکەن".
شەمو لەکۆتایی قسەکانیدا داوای لەحکومەتی دیمەشقو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کرد کە چارەسەرێکیان بۆ بدۆزنەوەو زەوییەکانیان بۆ بگەڕێننەوە.
ڕوانگەی یاسایی لەسەر پڕۆژەکە
گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی کەمەربەندی عەرەبی تەنها لەڕوی مێژوییو ئامانجە شاراوەکانییەوە نییە، بەڵکو پرسیارە گرنگەکان لەسەر مافی کوردان، گۆڕینی دیمۆگرافیاو کاریگەری ئەم سیاسەتانە لەسەر ژیانی دانیشتووانەکە تائێستاش بەردەوامن، لەم چوارچێوەیەدا، پارێزەرو مافناس خالید عومەر سەبارەت بەپڕۆژەی کەمەربەندی عەرەبی لەڕوی قانونییەوە، نرخاندنێکی گرنگی بۆ شارپرێس کردوە.
پڕۆژەکە لەڕوی یاساییەوە چۆن دەنرخێندرێت؟
خالید عومەر لەسەرەتای قسەکانیدا، تیشکیخستەسەر نرخاندنی پڕۆژەی "کەمەربەندی عەرەبی" لەڕوی مافەکانی مرۆڤەوەو وتی، "ئەم پڕۆژەیە لەڕوی یاساییو مافەکانی مرۆڤەوە، بهگوێرهى مادەی 7ی پەیماننامەی ڕۆمای دادگای نێودەوڵەتی (تاوان)ی ساڵی 1998، وەک "تاوان دژی مرۆڤایەتی" هەژمار دەکرێت".
پارێزەر خالید عومەر جەختیکردەوە، "پڕۆژەی کەمەربەندی عەرەبی کە ئامانجی سەرەکی گۆڕینی دیمۆگرافیا بوو لەڕێگەی زەوتکردنی زەوییەکانی کوردو دابەشکردنیان بەسەر عەرەبەکاندا، کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر موڵكو ماڵى کوردانو جێگیربونیان لەسەر زێدی خۆیان دروستکردوە".
کاریگەرییە یاساییەکانی پڕۆژەکە تاوەکو ئەمڕۆ
لەسەر پرسیاری كهنداڵ جودى پهیامنێرى شارپرێس سەبارەت بەوەی کە ئایا کاریگەری یاسایی ئەم پڕۆژەیە تائێستا چییە، یاساناس خالید عومەر وتى، "تائێستاش، کوردان بێبەشن لەمافو موڵکەکانیان، واتە تائێستا زەوییەکانی کورد نەگەڕێندراونەتەوە، لەهەمانکاتدا، ئەو عەرەبانەی کە خەڵکی ناوچەکە نین، بەزەبری هێز لەناوچە کوردییەکاندا نیشتەجێکراونو زەوییەکانی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، بۆیە ئەگەر ئەم دۆسیەیە بەشێوەیەکی یاسایی چارەسەرنەکرێت، کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ هەمیشە دەمێننەوە".
چارەسەری پێشنیازکراو
پارێزەر خالید عومەر سەبارەت بەچارەسەرکردنی کاریگەری ئەو سیاسەتانەی کە بەسەر کورداندا سەپێندراون بەشێوازی یاسایی، جهختیكردوه، "چارەسەرکردنی دۆسیەی کەمەربەندی عەرەبی دەبێت لەڕێگەی دەرکردنی یاسای تایبەتەوەبێت، کە تێیدا زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە، واتە کوردان دوبارە زەوییەکانی خۆیان بەدەستبهێننەوە، لەهەمانکاتدا، دەبێت قەرەبوی دارایی ئەو زیانانە بەکوردان بدرێت کە لەساڵانی حەفتاکانەوە تائێستا بەهۆی پڕۆژەی کەمەربەندی عەرەبییەوە لێیان کەوتوە، هەروەها، ئەو عەرەبانەی کە هێنراونەتە ناوچە کوردییەکان، پێویستە بهگوێرهى یاسا بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنو ماڵومڵکی ڕەسەنی خۆیان لەڕەققە".
بۆ ئەوەی مێژوی پڕۆژەی کەمەربەندی عەرەبیو ئەو بارودۆخە سیاسییەی بوە هۆی دەستپێکردنی پڕۆژەکە باشتر تێبگەین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە مێژوییەکانو ڕای پسپۆران، لەم چوارچێوەیەدا، برادۆست مێتانێ مێژونوسی تایبەت بەپارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان لهبارهى سەرەتای پڕۆژەکە، ئامانجەکانیو شێوازی جێبەجێکردنی لەو سەردەمەدا قسهى بۆ شارپرێس كردو وتى، "بیرۆکەی پڕۆژەکە لەساڵی 1931دا دەستیپێکرد، کاتێک مەحمەد کورد عەلی پێشنیازی دورخستنەوەی کوردانی لەناوچە سنورییەکان کرد، دواتر لەسەردەمی یەکێتی نێوان سوریاو میسر گەشەیسەندو ڕاپۆرتەکەی (مەحمەد تەڵەب هیلال) لەساڵی 1963دا بوو بەبنەمای پڕۆژەکە، پڕۆژەکە لەدوو قۆناغدا جێبەجێکرا؛ قۆناغی یەکەم لەنێوان ساڵانی 1959 ـ 1961و قۆناغی دوەمیش لەساڵانی 1974 ـ 1975 لەسەردەمی حافز ئەسەدا بوو.
سهبارهت بهئامانجەکانی دەوڵەتی سوریا لەجێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا، مێتانێ ڕایگهیاند، "ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە لاوازکردنی بونی کورد بوو لەڕوی دیمۆگرافی، ئابورییو سیاسییەوە، ئەمەش لەڕێگەی کۆچبەرکردنی کوردان، دەستبەسەرداگرتنی خاکو موڵكو ماڵیانو نیشتەجێکردنی عەرەب لەشوێنی ئەوان جێبەجێکرا، هەروەها ئامانجێکی دیكهى، پچڕاندنی پەیوەندییو بەستەرەوەی نێوان ناوچە کوردییەکان بوو".
ڕونكردنهوهى زیاترى ڕاگهیاند لهبارهى ئهوهى ئاخۆ ئهو پڕۆژەیە لەپارێزگای حەسەکە چۆن جێبەجێکرا؟، مێتانێ ڕونیكردهوه، "پڕۆژەکە بەزەوتکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کوردو دابەشکردنیان بەسەر ئەو خێزانە عەرەبانەی لەناوچەکانی دیكهوه هێنرابون، جێبەجێکرا، بۆ ئەم مەبەستەش 39 گوندی نوێ بەهەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دروستکران، دواتریش دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان بەپاڵپشتی دەزگا ئەمنیو سەربازییەکان بەردەوامبوو، سەرەڕای ئەوەی خەڵکی ناوچەکە لەدژی ئەمە بەرگرییان کرد".
ئهوهشى وت، "پڕۆژەکە لەسەر هێڵی سنوری بەدرێژایی نزیکەی 355 کیلۆمەتر لەدێرکەوە تا سەرێکانی، بەتێپەڕبون بەگرکێ لەگێ، تربەسپیو قامیشلۆدا جێبەجێکرا، لەم ناوچانەدا، 39 گوندی نوێ ئاواکرانو زیاتر لە4500 خێزانی عەرەبیان تێدا نیشتەجێکرا، دوای ئەوەش زەوتکردنی زەوییەکانی دیكه بەردەوامی هەبوو، پڕۆژەکە بوو بەهۆی گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتوان؛ ڕێژەی عەرەب زیادیکردو ڕێژەی کورد بەهۆی کۆچبەریو هەژارییەوە کەمیکرد، کورد لەخاکو کارەکانی خۆیان بێبەشکران، ئەمەش بوو بەهۆکاری هەژاری، کۆچ، پاشەکشەی پرۆسەی پەروەردەو دروستبونی کێشەی کۆمەڵایەتی لەنێوان هەردوو پێکهاتەکەدا".
