سەدەی ٢١ بۆ مرۆڤایەتی
سەدەیەکی چارەنووسساز دەبێ نەک بەم واتایە کە مرۆڤ دەست به شۆڕشێکی نوێ لە
قۆناخێکی مێژووییدا بکات بەڵکوو ڕووبەڕووی قەیرانێکی دەبێتەوە کە ڕەنگه تێپەڕاندنی
کۆتایی گۆڕان لەو ڕەواڵەتەدا ببێ کە ئەمڕۆکە دەیناسین و ئەویش شتێک نییە جیا لە
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە. لێکۆڵینەوەکان و زانیارییە کۆکراوەکان لە سەرانسەری
جیهان دەرخەری ئەم ڕاستییەنە که قەیران و دیاردە ژینگەییەکان بەرەو ئاراستەیەکی
هەستیار لە جووڵەدانە. بۆ نەموونە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئاستی جیهانی بەراورد
بە پێشبینییەکانی کە لە پەیاننامەکاندا بڕیاری لەسەر دەدەن چەندین هەنگاو لە
پێشترە. کاریگەرییە چالاکی و دەستتێوەردانەکانی مرۆڤ لەسەر ژینگه جێی حاشاکردن
نییه و ئەمڕۆکه سووتەمەنییە بەردینەکانی وەک خەڵووزی بەرد و نەوت، تاوانباریی
سەرەکی ئەم لێکترازانەنە کە پێشکەوتنەکانی مرۆڤی لەماوەی سەدەی ڕابردوودا خێراتر و
مسۆگەر کردبوو بەڵام لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە نوێیەکان ڕەهەندێکی جیاوازتر و
کارەساتبارتر لەم بابەتە نیشان دەدەن. مانگە دەستکردەکان، ئامێرە پێشکەوتووکان و
هەموو زانیارییەکانی کە لەڕێگەی ناوەنده زانستییەکان کۆ دەکرێنەوە بەڕوونی نیشان
دەدەن جیهان لەسەر هێڵێکی مەترسیدار لە جووڵە دایه. هەربۆیە، خێرایی ئەم دیاردەیە
بەڕادەیەک تەشەنەی گرتووە کە پەیهاتەکانی لەسەروو ١.٥ دەرەجەی سانتیگراد و سەرووی
٣ دەرەجەی سانتیگراد لەسەر کۆمەڵگاکان و ژیان لەسەر زەوی کاولکارانە دەبێ.
ژمێرکۆ بڵاوکراوەکانی
دەیەی رابردوودا، نیشاندەری تێپەڕاندنی بەشێکی بەرچاو لە هێڵە دیاریکراوەکان بوون
کە تەنانەت زۆرینەی دەوڵەتەکان بەتێکڕایی لەسەریان کۆک بوون. ڕێکخراوەی جیهانیی کەشوهەوا تێبینییەکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە کە لەخۆگری دەورەیەکی یانزە ساڵە لەنێوان
ساڵانی ٢٠٢٥ – ٢٠١٥ بوو. بەپێی بەراوردەکانی ئەم ڕێکخراوەیە ساڵی ٢٠٢٤ گەرمترین
ساڵ بووە و هاوکات، زانیارییەکانی مانگی دەستکردی کۆپێرنیک دەریدەخەن کە جیهان
لەدوای شۆڕشی پیشەسازیی تاکوو ئەمڕۆکە بە چ ڕادەیەک گەرمتر بووە. لێکۆڵینەوەکان ئاماژە
بەم خاڵه دەدەن کە گەرمبوونی جیهان تەنیا سنووردار بە ناوچە ویشکارۆکان نییه
بەڵکوو شوێنەکانی وەک جەمسەریی باشووریش ئاستی نێونجی و ئاسایی خۆیان تێپەڕاندووە.
ئەگەر سەیری هێڵکارییەکانی کۆپێربیک بکەین دەردەکەوێ کە بۆ یەکەمجار، ڕێژەی نێونجی سووڕێکی سێ ساڵان
لەنێوان ٢٠٢٥ – ٢٠٢٣ تەنانەت لە ئاستی دیاریکراویی ١.٥ دەرەجەی سانتیگرادیش سەرتر
ڕۆیشتووە. هەربۆیە، پەیماننامەی پاریس وێڕای واژۆی ١٩٥ وڵات، لەسەر ئەم پرسە
ڕێککەوتن کە گەرمبوونی جیهانی لەژێر ٢ دەرەجەی سانتیگراد وە بە دیاریکراویی ١.٥
دەرەجەی سانتیگراد سنووردار بکەنەوە کە بۆ ئەم مەبەستە لە هەنگاوی یەکەمدا، دابەزاندنی
ئاستی دەردانی کەربۆن وەک ڕیزبەندییەکی سەرەکی پێناسە کرا. زانیارییەکانی کۆپێرنیک
دەریخست کە مرۆڤ هەتا چ ڕادەیەک لە ئامانجەکەی دوور کەوتووە و به چ ڕادەیەک لە
هێڵە سوورەکە نزیک دەبێتەوە. هەروەها، خاڵێکی جێی سەرنجی دیکە ئەمە بوو کە ئێمە
هەر چەند لەساڵی ٢٠٢٥ شایەتی کارابوونی دیاردەی ئێلنینۆ نەبووین و لەلایەکی
دیکەوە زەوی لەژێر کاریگەریی "لانینا"(دەستەخووشکی ئێلنینۆ) بووە کە چی
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی بە ڕادەیەکی بەرچاو کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەم سووڕە
فێنککەرەوەش هەبووە.
گازە گووڵخانەیییەکان تاوانباریی
سەرەکی؛
ڕێکخراوەی جیهانیی کەشوهەوا،
لە بەڵگە بڵاوکراوەکانیدا چڕیی دیئۆکسیدی کەربۆن، مێتان و ئۆکسیدی نێترۆژێنی لەم
سەدەیەدا بەراورد به ٨٠٠ هەزار ساڵی ڕابردوو لە بەرزترین ئاستدا پۆلێن کردووە. بۆ
نەموونە، چڕیی دیئۆکسیدی کەربۆن بۆ سەروو ٤٢٣ بەش لە هەر میلیۆنێکدا گەیشتووە کە
بەواتای بەرزبوونەوەیەکی ١٥٢ لەسەدایی دێ وە ئەم ڕێژەیە لەدوای شۆڕشی پیشەسازیی
ڕوویداوە. لە لایەکی دیکەوە، تەنانەت سووڕی سرووشتییەکەی زەوی که کاری هەڵمژینی دیئۆکسیدی
کەربۆنی هەبووە وردە وردە ڕووی لە دابەزینه هەرچەند، سرووشت هەوڵی هاوسەنگکردنی
ئەم ناهاوسەنگییە دەدات بەڵام ئەم هەوڵە لاوازیییەکی زۆری پێوە دیارە و دیاردە
سرووشتییەکانی دیکەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەم پرسە داناوە. بۆ نەموونە،
زەریاکان لەماوەی یەک دەیەی ڕابردوو نزیک بە ٢٩ لەسەدای کۆی گشتیی گازە
گووڵخانەیییەکانیان هەڵمژیوە بەڵام ئەم سووڕەش توانا سەرەکییەکەی لەدەستداوه و
بەپێی لێکۆڵینەوەکان هەڵمژینی کەربۆن لە زەریاکاندا تووشی ڕاوەستان بووە.
مرۆڤ، تاکوو سەدەیەک
لەمەوبەر زۆرتر تیشک و تینی خۆری وەک هۆکاریی گەرمبوونی زەوی پێناسە کردووە کە
تێڕوانینێکی هەڵەش نەبووە هەمگە لە سووڕە ئاسایییەکەی خۆیدا. ئێستاکەش بەشێکی
بەرچاو لە خەڵک باس لەوە دەکەن کە ئەمە دیاردەیەکی سرووشتییە و مرۆڤ هیچ دەست
تێوەردانێکی لەم پرسەدا نەبووە. ئەگەر پرسیار لە کەسێکی سەروو ٤٠ ساڵە سەبارەت به
گۆڕان لە ورزەکان یان ڕێژەی بارینەکان بکەی ڕاشکاوانە دەتوانێ جیاوازیی نێوان ئەم
چەند دەیەی بخاتە بەرباسەوە بەڵام لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان مەترسیدارتر لە
قسەکانن. لەڕاستیدا، ٩٠ لەسەدای گەرمای زێدە کە لەلایەن گازە گووڵخانەیییەکانەوە لە
بەرگەهەودا گیر دەخوات لە زەریاکاندا دێپۆ دەبێ. کەواته، مرۆڤێکی ئاساییش لەدوای
چەند دەیە بەڕوونی ئەم گۆڕانکارییە دەبینێ. پێوانە و لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوەکانی وەک ناساش جێی
تێڕامانن:
بەپێی بەڵگە کۆکراوەکان،
ڕێژەی دیئۆکسیدی کەربۆن لە بەرگەهەوادا لەماوەی یەک سەدەی ڕابردوو لە ٣٢٠ بۆ
سەروو ٤٢٠ بەرز بووەتەوە کە ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر گەرمبوونی زەوی
داناوە وە ...
هاوکات پلەی گەرمی
جیهانی لەماوەی دەیەی ڕابردوودا گەرمترین ساڵەکانی تۆمار کردووە.
هەروەها، مێتان وەک گازێکی
گووڵخایی بەهێز، توانای لەداوخستنی گەرمای هەیە و لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا
ڕێژەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە. بەپێ بەراوردەکان ٦٠ لەسەدای دەردانی مێتان بەهۆی
چالاکییەکانی مرۆڤ ڕوویداوە. کشتوکاڵ، سووتەمەنی بەردین و شوێنەکانی دێپۆکردنی زبڵ
سەرچاوەکانی دەردانی مێتان بوونە.
گەرمبوونی زەریاکان؛
بەدڵنیایی ئاویی زەریاکان دەورگێڕانێکی بەرچاویان لەمەڕ هەڵمژینی گەرمادا هەیە.
ئامارەکان نیشان دەدەن لەماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا نزیک به ٩٠ لەسەدای ئەو گەرما
زێدەیەی کە بەرهەم هاتووە لەلایەن زەریاکانەوە هەڵمژراوە و ئەم بابەتە، هۆکاریی
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی ئاوەکانە و زۆربەی ئەم گەرمایە لە قووڵاییەکی ٧٠٠ – ٠
میتر دێپۆ دەبێ.
خەڵک، بەپێی هەڵکەوتەی
جوگرافیایی هەست بە بەرزیی و نەزمیییەکانی پلەی گەرما دەکەن وە بەژایییەکان لەچاو
بە زەریاکان بەشێوەیەکی خێراتر خەریکی گەرمتر بوونن. ئەم بەرزبوونەوەی پلەکانی
دەما هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی کۆمەڵگاکان و گیاندارەکان درووست دەکات.
ئەگەر سەیری زانیارییەکانی کۆپێرنیک بکەین بەڕوونی دەردەکەوێ کە ساڵی ٢٠٢٥ نزیک بە
٥٠ لەسەدا پانتایی وشکایییەکانی سەر زەویی بۆ ماوەیەکی زۆرتر تووشی گەرمایەکی درێژخایەنتر
و پڕووکێنەرتر بوونە کە سەرووی ٣٢ دەرەجەی سانتیگراد بووه. بۆ نەموونە، ژمارەی
کەسانێک کە لەم شەپۆلە نوێیەی گەرما لە ئەوروپا گیانیان لەدەستدا دەریدەخات کە
گەرمبوون لەسەر ئاستی جیهانیی هەتا چ ڕادەیەک دەتوانێ کارەساتبار ببێ. لێرەدا
گرینگە ئاماژە بەم خاڵە هەستیارەش بکرێ کە پرسەکە تەنیا تێپەڕاندنی پێوانەکان نییە
بەڵکوو دەکرێ مرۆڤ بەهۆی چالاکییەکانی بگاتە خاڵێکی وەرچەرخان کە گەڕانەوەی نەبێ.
هەربۆیە، ئەو ڕێژەیە لە گەرما کە زەریاکان هەڵیدەمژن بەبێدەنگی پلەکانی گەرمای بەرزتر
کردووە و ئەمە کاریگەرییەکی هەمەلایەنە لەسەر ژینگە لە ئاستە جیاجیاکاندا درووست
دەکات.
ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛
گەرما و پرسی ئاو
کاریگەرییەکانی گەرمبوونی
جیهانی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هیندێک ناوچە زووتر لە بەشەکانی دیکه خۆیان
دەردەخەن. ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکێک لەم شوێنانەیە کە گەرمبوونی جیهانی دەتوانێ
خەسارێکی زۆری لێ بدات. ئەم دیاردەیە لە تەنیشت پرسی ئاو و ڕێژەی کەمیی بارینەکان
خووڵقێنەری بارودۆخێکه کە ململانێیەکان بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرز دەکاتەوە لە
کاتێکدا کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی خاوەن پاشکۆیەکی بەهێز نین وە بەهۆی
گرێدراوییان بە ناوەندە سیاسییەکانەوە ناتوانن کاریگەرییەکی ئەوتۆ و ئەرێنی لەسەر
پرسەکان درووست بکەن.
"کەوانی بەپیت"
کە چەندین هەزار ساڵ هێمای ژیار و ژیان بووە ئەمڕۆکە نەک تەنیا قەیرانە سیاسی و
ئابووریییەکان بەڵکوو قەیرانە ژینگەیییەکانیش کارتێکەرییەکی قووڵیان لەم ناوچەیە هەیە.
قەیرانەکان تەنیا سنووردار بە جەنگەکان یان وەدەستخستنی چاڵە نەوتەکان یان سنوورە
ئاویی وە دەوڵەتداریی نەماوەتەوە بەڵکوو گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەتوانێ خاڵی
وەرچەرخانی زۆر کێشە و گرفت ببێ. ئەگەر سەیری هەر کام لە وڵاتەکانی ئەم ناوچەیە
بکەین ویشکەساڵی تەنگی پێهەڵچنیون و دابەزینی ڕێژەی بارینەکان دۆخەکەی بەتەواوەتی
ئاڵۆزتر کردووە. بۆ نەموونە، ئێراق لەساڵی ٢٠٢٥ یەکێک لە گەرمترین ساڵەکانی تێپەڕ
کرد کە لەماوەی سەردەی ڕابردوودا کەموێنە بوو. ئاویی ڕووبارەکانی کە لەم پانتایییە
تێپەڕ دەبن تووشی دابەزینێکی بەرچاو بوونە و پەرەیان به ویشکەساڵییەکی بەربڵاو لەم
وڵاتە داوە. ئەگەر سەیری وڵاتەکانی دیکەش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەین وەک ئێران،
سووریە، ئەرەبستان، تورکیه و ... بارودۆخەکە لەم وڵاتانەشدا دڵخۆشکەر نییه.
ئاوڕێک لە ئێران بدەینەوە.
پایتەختی ئەم وڵاتە کە حەشیمەتێکی سەروو ١٠ میلیۆن کەسی لەخۆ گرتووە بەڕادەیەک
تووشی قەیرانی کەمئاویی هاتبووە کە ئەگەر بێبارانی درێژەی ببا ڕێگەچارەیەک جیا لە
چۆلکردنی حەشیمەتێکی چەند میلیۆنی لە دانیشتووانی ئەم گەورەشارە نەدەما. ئەگەر
ئێستاکەش سەیری ژمێریارە فەرمییەکانی ئەم وڵاتە بکرێ هێشتا بەنداوەکان بەباشی پڕ
نەبوونە و مەترسییەکە وەک خۆی ماوەتەوە. هەرچەند، ئێران ڕووبەڕووی ویشکەساڵییەکی
بەردەوام هاتووە بەڵام قەیرانی ئاو لەم وڵاتەدا درێژخایەنە و نەبوونی ڕێژخانەکان
قەیرانی کەمئاویی و بێئاویی بەربڵاوتر و کاریگەرتر کردووە. بەدڵنیایی بۆ وڵاتێک کە
کشتوکاڵ بربرەی ئابوورییەتی و هاوکات ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئاو لەم کەرتەدا بەکار
دەهێندرێ، ئەمە دەتوانێ ململانێیەکان قووڵتر بکاتەوە.
ڕەنگه هەڵە نەبین ئەگەر
بڵێن ئێراق لەئاست بە وڵاتەکانی دیکە گرێدراوییەکی بەرچاوی بە دوو ڕووباری دیجلە و
فرات هەیە. ئەم وڵاتە وێڕای خێراییەکی بەرچاو بەرەو ویشکبوون دەڕوات و دوو
دەوڵەتی ئێران و تورکیه ڕێژەیەکی زۆر کەمتر لەو ئاوەی کە بەپێی یاسا
نێودەوڵەتییەکان گرینگە بەربدەنەوە، بەرەو ئێراق بەردەدەنەوە. بەپێی لێکدانەوەکانی
ناسا، سەرچاوە ئاویییەکان لە ئێراق تووشی دابەزینێکی بەرچاو بوونەتەوە. هەربۆیە،
پرسی کۆچبەری وردە وردە بەرەو دیاردەیەکی هەمیشەیی دەگۆڕدرێ ئەگەر گۆڕانکارییەکی
بنەڕەتی لە ڕەهەندە نێوخۆیی و هەرێمییەکان ڕوو نەدات. کەواته، کۆچبەریی بەهۆی
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە لە ئێراق دوور لە چاوەڕوانی نییه. ڕێکخراوەی "چاتم هاوز" دەستنیشانی دەکات کە: " ئێراق
نزمترین ئاستی ئاویی کۆکراوەی لەماوەی زیاتر لە هەشت دەیەی ڕابردوودا تۆمار
کردووە، بەجۆرێک کە بارستای ئاوەکەی لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە نزیکەی ١٨
میلیارد میتری سێجاوە بۆ کەمتر لە ١٠ میلیارد میتری سێجاوە دابەزیوە؛ ئەمەش
نیشانەیەکی ڕاشکاوی قەیرانێکی گەورەترە." ئەم دابەزینە تەنیا کاریگەری لەسەر
کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارەکان نابێت، بەڵکوو خەسارێکی قووڵتر لەسەر ئابووری،
حەشیمەت و پرسە سیاسی و ئەمنییەکان جێدەهێڵێت.
سەرچاوە: ناسا
بابەتێكی حاشاهەڵنەگر ئەمەیە
کە پرسی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی ململانێیه ئایدۆلۆژییەکان و نەبوونی
سیستەمێکی سیاسی گونجاو کە وەڵامدەری یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ببێ، هەتا
ڕادەیەکی بەرچاو پشتگوێ دەخرێ. لەڕاستیدا، نەک تەنیا تێڕوانینێکی درێژخایەن و
ستراتژیک بۆ پرسی ئاو نییه بەڵکوو ئەمە ئایدۆلۆژیایە کە ڕێڕەوەکە دیاری دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە بەهۆی داهاتی دەستکەوتوو لە نەوت وە بەهۆی
سیاسەتەکانی کە دەتوانێ هەر لایەنێک لە دەرەوەی بازنەکەیان وەک نەیار پێناسە بکات
بەبێ ڕەچاوکردنی قەیرانێکی وەک قەیرانە ژینگەیییەکان، ئەم پرسە لەدژی یەکتر بۆ
بەرژەوەندیییەکانیان بەکار دەهێنن. کەواته، ئاو دەتوانێ وەک چەکێکی تۆقێنەر لەدژی
هەر لایەنێک بەکار بهێدرێ و لانیکەم تاکوو ئێستاکە تورکیه و ئێران نیشانیان داوە
کە لەم پرسەدا خۆیان یەکلاکردۆتەوە.
کۆدەنگییەکی گشتی هەیە
کە نیشان دەدات سیاسەتی لێدانی بەنداوەکان لەلایەن تورکیەوە کارەساتی ژینگەیی بۆ ئێراق
و سووریه وە تەنانەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لێ کەوتۆتەوە. تورکیه لەماوەی پێنج دەیەی
ڕابردوو ڕێژەیەکی زۆر لە ئاویی دوو ڕووباری دیجله و فراتی گلداوەتەوە. هەروەها،
ئێران بەهۆی سیاسەتەکانی کە لەژێر ناوی "جیهادی سازندەگی" لە سەردەمی
دەورەی سەرکۆماری هاشمی ڕەفسەنجانی دەستیپێکردبوو و تاکوو ئەمڕۆکەش بەردەوامه
ڕێڕەوی زۆرێک لە سەرچاوە ئاویییەکانی گۆڕیوە و تەنانەت لە ئاستی نێوخۆیییش
گۆڕانکارییەکی گەورە و نەرێنی لەسەر پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێهێشتووە.
هەربۆیە، دەتوانین بڵێن ململانێیەکی لەم چەشنە کە تێکەڵ بە پرسه ئایدۆلۆژییەکان کراوە
مەترسییەکی جیدی لێ دەکەوێتەوە و ئەگەر بەئاستێکی بێ گەڕانەوە بگات ئەوکات شایەتی
کارەساتێکی گەورەی مرۆڤی دەبین.
کوردستان،
جوگرافیایەکی لەبیرکراو؛
جێی
حاشاکردن نییە کوردستان بەهۆی نەبوونی دەوڵەتەوە، جوگرافیایەکەی ڕووبەڕووی قەیرانی
جۆراجۆری ژینگەیی هاتۆتەوە. ئەم پشتگوێ خستنە نەک بەهۆی نەبوونی ڕێکارەکان بەڵکوو
بەهۆی سیاسەتێکی ئەمنییەوە دێ کە ئەو چوار دەوڵەتە لەسەر کوردستان و ژینگەکەی
ڕەچاوی دەکەن. کوردستان، وێڕای زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و بەهۆی هەبوونی چەندین
ڕووبارەوە کە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاوی دەیان میلیۆن کەسن، خاوەن
تایبەتمەندییەکی ژیانبەخشه. ڕووبارەکانی وەک دیجلە و فرات، سیروان، گاماسیاو، زێ
گەورە و بچووک و ... تەنیا بەشێک لەم ڕووبارانەنە کە ژیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بەزیندوویی دەهێڵنەوە. بەدڵنیایی، دارستانەکانی زاگرۆسیش سییەکانی ئەم ناوچەنە و
هاوکات، ڕێژەی بارینەکان گرینگی جوگرافیای کوردستان بۆ لەسەرپێ مانەوەی کۆمەڵگاکان
چەندین قات زۆرتر دەکات.
لێرەدا
بابەتی ژینگەی کوردستان بەمەوە گرێدراوە کە هیچ کام لەم دەوڵەتانە ڕاستەوخۆ و
ناڕاستەوخۆ گرینگی بەم پرسە تەنانەت لەنێو سنووریی جوگرافیایی خۆیانیش نادەن وە
زۆرتر وەک سەرچاوەیەک بۆ دەرهێنان و بەکارهێنانی ماک و بەرهەمەکانی مامەلەی لەگەڵ
دەکەن. هەربۆیە، تاکوو ئێستاکەش قەیرانی سووتانی دارستانەکان، یان پیسبوونی
سەرچاوە ئاویییەکان یان دابەزینی ئاستی ئاویی ژێرزەوی، یان لەناوچوونی تاڵاوەکان و
دەریاچەکان یان سیاسەتێک بەدوور لە دوژمنایەتی، لەئاست بە ژینگەی کوردستان بەدی
ناکرێ. هاوکات بەشە جیاوازەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگای ناوەندگەرا نایانهەوێ کە پرسی
ژینگەی کوردستان لە ڕاگەیاندنەکان و ڕای گشتیدا دەنگدانەوەی ببێ. هەربۆیە، ئێمە
تێگەیشتنێکی ڕوونتر و باشترمان سەبارەت بە ویشکەساڵی و قەیرانی کەمئاویی لە
ئیسفەهان(ئێران)، سووتانی دارستانەکان لە ئانتالیا(تورکیه)، یان تاڵاوەکانی
باشووری ئێراق یان ویشکەساڵی لە سووریە هەیە وە لەم نێوانەدا جوگرافیای کوردستان
بەشێوەیەکی یەکجار سنووردار لەئاستی ئەم کۆمەڵگایانە و ڕای گشتیدا ڕەنگدانەوەی
دەبێ کە ئەمە تێڕوانینێکی مەترسیدارە وە زۆربەی جار قەبارەی خەسارەکان نازانین.
بەکورتی ڕووبارەکان،
دارستانەکان، کانزاکان وە ڕاستیدا گشتییەکی ژینگەی کوردستان بەشێوازی جۆراوجۆر
خەساری لێدەدرێ و دەوڵەت و دامودەزگاکان نەک تەنیا چاوپۆشی لێ دەکەن بەڵکوو
زۆربەی جار خۆیان ئەنجامدەری سەرەکی کردەوەکان و ئەم تاوانانەنە. ئەم جوگرافیایە
وە ژینگەکەی پەیویستە پشتگوێ نەخرێ و لە هەموو بوارەکاندا بەشێوەیەکی لۆژیکی و
دوور لە دەمارگرژییەکان کار بۆ پاراستنی بکرێ. جێی حاشاکردن نییه که تەشەنەسەندنی
قەیرانە ژینگەییەکان لەم ناوچەیەدا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و نەرێنی و کاولکارانەی
لەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێ.
ئەرسەلان بورنا