بەدواداچونێکی ڕۆژنامەوانی تایبەت بە پڕۆژە یاسای تاوانەکانی تەکنەلۆژیا

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەم وەرزەی خۆیدا، ئامادەکاری دەکات بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری، کە سزای توندی وەک زیندانی هەتاهەتایی و غەرامەی دارایی گەورەی تێدایە، پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە 32 ماددە پێکهاتووەو سزا داراییەکان بەپێی جۆری تاوانەکە دەگۆڕێن.
غەرامەی دارایی بۆ هەندێك تاوان دەگاتە 35 ملیۆن دینار، جگە لەوەی هەندێك بڕگە سزای زیندانی هەتاهەتاییشیان تێدایە، بۆ ئەو کەسانەی زانیاری ناڕاست بەمەبەستی لاوازکردنی متمانە بە سیستمی دارایی بڵاودەکەنەوە، ئەم پڕۆژە یاسایە، لەچەند ساڵی ڕابردوودا، یەکێك بووە لەپڕکێشە ترین بابەت، کەمشتومڕی زۆری هەڵگرتووە لەگۆڕەپانی سیاسی و یاسایی عیراقدا.
لەساڵی 2011 ەوە چەندین جار هەوڵدراوە ئەم یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تێپەڕێنرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتییە توندەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەشێك لەپەرلەمانتارانەوە، چەند جارێك پاشەکشەی پێکراوە.
بەشێك لەدەسەڵاتداران دەیانەوێ وەکو کراس بۆ خۆیانی بدورن و ڕوناکبیران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش دژی ئەم هەوڵەن.
ـــ پوختەیەك لەسەر بارودۆخی ئەم پڕۆژە یاسایە دەخەینە ڕوو:
1. مێژوو و دۆخی ئێستای پڕۆژە یاساکە.
• دۆخی ئێستا: هەتا ئەم ساتە، ئەم  بابەتە وەك "پڕۆژە یاسا" ماوەتەوە و نەبووەتە یاسایەکی کارپێکراو لەسەرانسەری عیراقدا، چونکە هەمیشە لەلایەن ڕوناکبیران، بەوانەی بەشێکن لەدەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیش بە "مەترسی بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین" ناوی دەبرێت.
2 . بۆچی ناڕەزایەتی لەسەر هەیە؟
نیگەرانییە سەرەکییەکان لەسەر ئەو دەقە یاساییانەن کە لە پڕۆژەکەدا هاتوون، بەتایبەتی:
• تەنگ پێ هەڵچنینی ئازادی ڕادەربڕین:
ڕەخنەگران پێیان وایە دەقەکان بە جۆرێك داڕێژراون کە دەسەڵات دەتوانێت بۆ کپکردنی دەنگی ڕەخنەگرو چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاریان بهێنێت.
• دەستەواژەی ناڕۆشن و گشتی:
بەکارهێنانی ووشەی وەك "پێشێلکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان"، "تێکدانی ئاسایشی گشتی" یان "هەڕەشە بۆ سەر شکۆمەندی دەوڵەت" کە دەکرێت بە ئارەزووی خۆیان لێکدانەوەی بۆ بکرێت و خەڵکی پێ تۆمەتبار بکرێت.
• سزای توند:
پڕۆژە یاساکە سزای زۆر قورسی لەخۆ گرتووە، لەوانە زیندانیکردنی درێژخایەن و غەرامەی دارایی زۆر، تەنانەت بۆ ڕەخنەی سادە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
3 . ئایا یاسایەکی تر هەیە؟
لەنەبوونی یاسایەکی تایبەت بە تاوانەکانی تەکنەلۆژیا، دادگاکانی عیراق ئێستا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی سۆشیاڵ میدیاو  ئینتەرنێت، پەنا دەبەنە بەر یاسای سزادانی عیراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 (بڕگەکانی پەیوەست بە ناوزڕاندن، هەڕەشە، یان تێکدانی ئاسایش). ئەمەش خۆی لە خۆیدا کێشەی بۆ پسپۆڕانی یاسایی دروستکردووە، چونکە یاساکەی 1969 بۆ سەردەمی دیجیتاڵ دانەنراوە.
4 . ئایا لە هەرێمی کوردستان جیاوازە؟
لەهەرێمی کوردستانی عیراق یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ (یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن) کارا کراوە.
ئەم یاسایە چەندین ساڵە لەهەرێم جێبەجێ دەکرێت و هەمان مشتومڕ و ناڕەزایەتییەکانی لەسەرە، چونکە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان دەڵێن، ئەو یاسایەش بەهەمان شێوە بۆ سنووردارکردنی ئازادییەکان بەکاردێت. لە ژێر پەردەی پاراستنی ئاسایشدا، دەبێتە بەربەست لەبەردەم ئازادی تاکە کەسیدا.
🔸 پڕۆژە یاسای تاوانەکانی تەکنەلۆژیا، لەڕوانگەی یاسایی و تەکنەلۆژیاوە، پێویستی بەوورد بوونەوەیە، لێرەدا بەبێ ئەوەی هەموو بڕگەکان لێکبدەینەوە، پۆلێنکردنی ئەو خاڵانە دەخەینە ڕوو کە لەگەڵ سەردەم دەگونجێن و ئەوانەشی کە بەربەست دروست دەکەن:
یەکەم: بڕگە گونجاوەکان (لەگەڵ سەردەمی پێشکەوتن)
ئەو بڕگانە زۆر پێویستن و لە هەموو وڵاتێکی پێشکەوتوودا هەن، چونکە پاراستنی سەروەت و سامانی دیجیتاڵی دەکەن:
• پاراستنی داتای کەسی و نهێنی بانکی:
ئەو بڕگانەی سزای دزینی زانیاری بانکی، هاککردنی ئەژماری بانکی و ئاشکراکردنی زانیاری کەسی دەدەن، بەتەواوی لەگەڵ سەردەمی ئێستادا دەگونجێن.
• سزادانی ساختەکاری و فێڵکردن: هەر بڕگەیەك کە تاوانی ساختەکردنی ناسنامەی دیجیتاڵی یان فێڵکردن لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بە تاوان دەناسێنێت، گونجاوە.
• پاراستنی ژێرخانی تەکنەلۆژی: ئەو بڕگانەی کە تێکدانی سێرڤەرەکان، یان هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان بەتاوان دادەنێن، لەگەڵ پێویستییەکانی ئاسایشی نیشتمانی لەسەردەمی دیجیتاڵدا یەکدەگرنەوە.
دووەم: بڕگە نەگونجاوەکان (بەربەست بۆ پێشکەوتن)
ئەم بەشە ئەو بڕگانەن کە زیاتر لەگەڵ "کۆنترۆڵکردن" دەگونجێن نەك "پاراستن" بەهۆکاری سەرەکی کێشەکان دادەنرێن:
• بڕگەکانی تایبەت بە "سوکایەتیکردن بە شکۆی دەوڵەت:
ئەو ماددانەی کە ڕەخنەگرتن لە بەرپرسان یان دەسەڵات بە "سوکایەتیکردن" یان "تێکدانی شکۆی دەوڵەت" ناودەبەن، لەگەڵ سەردەمی پێشکەوتن و دیموکراسیدا ناگونجێن، ئەم جۆرە بڕگانە ئاستەنگی بۆ ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری پیشەیی دروست دەکات.
🔸 دەستەواژەی "بەها کۆمەڵایەتییەکان": ئەو بڕگەی کە بێ ئەوەی پێناسەیەکی ووردی هەبێت، باس لە "پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان" دەکات، زۆر مەترسیدارە، لەسەردەمی پێشکەوتندا، کولتوور و بەهاکان بەردەوام لە گۆڕانکاریدان و ئەم بڕگەیە دەکرێت وەک چەکێك بۆ کپکردنی هەر بیرۆکەیەکی نوێ یان جیاواز، تەنانەت لەبەرامبەر پێشکەوتن و گەشەی زانست.یش بەکاربهێنرێت.
• سزای توندو نادادپەروەرانە:
هەندێك بڕگە سزای توندی (وەك زیندانیکردن بۆ ماوەیەکی درێژ) بۆ تاوانێکی بچوکی سەر سۆشیاڵ میدیا دادەنێن، ئەمە لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەری مۆدێرن ناگونجێت، چونکە سزاکە دەبێت لەگەڵ قەبارەی زیانەکەدا بگونجێت.
🔸 بۆچوونی گشتی:
• کێشەکە لەوەدایە، پڕۆژەکە زۆر جار "تاوانی ئەلیکترۆنی" و "تاوانی ڕای جیاواز" تێکەڵ دەکات، ئەگەر پڕۆژەکە تەنیا جەختی لەسەر (هێرشی ئەلیکترۆنی، فێڵکردن، دزینی داتا، تێکدانی ئامێرەکان) بکردایەتەوە، دەبوو بە یاسایەکی زۆر پێشکەوتوو.
• یاساکە پێویستی بە "تەکنیکی‌کردن" هەیە، واتە دەبێت بە ئامانجگرتنی (سەلامەتی زانیاری و پاراستنی مافی تاك) بێت، نەك پاراستنی دەسەڵات لەڕەخنەی هاوڵاتیەکانی.
هەر بڕگەیەك کە "تەکنەلۆژیا وەک ئامراز" بەکاردەهێنێت بۆ تاوان (وەك دزی و فێڵ) گونجاوە، هەر بڕگەیەك کە "مرۆڤ وەك بەکارهێنەر" بە ئامانج دەگرێت بەهۆی بۆچوون و ڕەخنەکانییەوە، بە تەواوی لەگەڵ سەردەمی پێشکەوتندا ناگونجێت و ڕێگرە لەبەردەم پەرەسەندنی کۆمەڵگە.
هەموو ئەم ترسەی دەسەڵات لەمیللەتەکەی خۆی و ترسی میللەتیش لەدەسەڵاتەکەی ئەوەیە، کە عیراق هێشتا لەقۆناغی ڕاگوزەر دایە، کە ئەمەش لەمێژووی دەوڵەتداریدا دەگمەن و شەرمهێنەریشە بۆ سیاسیەکانی و بۆ گەلانی عیراق، کە تا ئێستاش دەوڵەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سیاسی بنەماڵەیی دواکەووتوو بەکاردێت، کە بوونەتە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم بنیاتنانی "دەوڵەتی دامەزراوەیی.

 

هەژار سدیق