شارپرێس:
بەر لەدەستپێکردنی لوتکەی ناتۆ لەئەنكەرە، میدیا فەرمییەکانی ڕوسیا هێرشێکی توند دەکەنەسەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغانو بەدوڕوی سیاسیی تۆمەتباریدەکەن، بەهۆی ئەوەی لەلایەکەوە پێشنیازی نێوەندگیریی ئاشتیی دەکاتو لەلایەکی دیکەشەوە پشتگیریی لەپڕچەککردنی سوپای ئۆکرانیا دەکات.
ڕۆژنامەی (نیزافیسیمایا غازیتا)ی ڕوسی، هێرشیکردوەتهسەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بەهۆی ئەوەی کە بە"دوڕویی"و ناڕاستگۆیی لەهزرو بیركردنهوهكانیدا وەسفیکردوە سەبارەت بەپێشنیازەکەی بۆ نێوەندگیریی ئاشتیی لەنێوان ڕوسیاو ئۆکرانیادا، لەکاتێکدا کە هەوڵدەدات چەک بۆ ئۆکرانیا دابینبکات.
گینادی پێترۆڤ ڕۆژنامەنوسی ڕوسی لەوتارێکدا کە لەڕۆژنامەی نیزافیسیمایا غازیتا بڵاوکراوەتەوە نوسیویەتی، "لوتکەی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەئەنكەرە کە بڕیارە لە(7و 8)ى ئەم مانگهدا واته سبهینێو دوسبهى بەڕێوەبچێت، بەشێوەیەکی بەربڵاو تەرخاندەکرێت بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژئاواو ئۆکرانیا".
دهشڵێت، "بەر لەبەڕێوەچونی لوتکەکە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێشنیازی نێوەندگیریی لەململانێی ڕوسیاو ئۆکرانیادا کردوە، هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ پەیوەستبونی وڵاتەکەی بەبەرنامەی "کاری ئاسایشی لەپێناو ئەوروپادا" (SAFE) دەربڕیوە کە بەرنامەیەکی سەر بەیەکێتیی ئەوروپایەو دابینکردنی چەک بۆ سوپای ئۆکرانیا لەخۆدەگرێت".
بهبۆچونى ئهو ڕۆژنامهنوسه، "وا دیارە ئەردۆغان نیازی پەیوەستبون بەبەرنامەی کاری ئاسایشی لەپێناو ئەوروپادا (SAFE) کە سوپای ئۆکرانیا لەڕێگەیەوە چەک دەکڕێت، وەک ڕێگرێک لەبەردەم ئەم هەوڵانەی نێوەندگیریی نابینێت، لەڕاستیدا، لوتکەکەی ئەنكەرە بەپەیوەندییە دژبەیەکەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ لایەنە جیاوازە نێودەوڵەتییەکاندا دەناسرێتەوە، تورکیا گرنگییەکی یەکجار گەورەی بۆ ڕۆژئاوا هەیە، سوپاکەی یەکێکە لەبەهێزترین سوپاکانی ناتۆ؛ بەبێ تورکیا، ڕوبەڕوبونەوەی لێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا مەحاڵ دەبێت؛ هەروەها تورکیا خاوەن هەژمونو کاریگەرییەکی گەورەیە لەو ململانێیانەی لەوڵاتانی دراوسێدا بەردەوامن".
گینادی پێترۆڤ ئهوهشى وتوه، "هاوپەیمانی ناتۆ، هاوشێوەی یەکێتیی ئەوروپا، خۆی لەپلەی یەکەمدا وەک هاوپەیمانێتییەکی وڵاتە دیموکراتەکان پێناسە دەکات، لەکاتێکدا تورکیا لەسەردەمی ئەردۆغاندا زیاترو زیاتر لەبەها دیموکراتییەکان دوردەکەوێتەوە، تەنانەت سەرکردەی تورکیا هیچ نیازێکیش بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکەی نیشان نادات، بەو شێوەیە، سەرکردەی تورکیا پێشنیازی نێوەندگیرییەکەی لەژێر بارودۆخێکی ئاڵۆزدا دەخاتەڕوو، وادیارە ئەو، وەک چۆن لەتورکیا پێش هەڵبژاردنەکان باوە، سورە لەسەر زیندوکردنەوەی بیرۆکەی پەیوەستبونی وڵاتەکەی بەیەکێتیی ئەوروپاوە کە بیرۆکەیەکە هێشتا لەلایەن بەشێکی زۆری دەنگدەرانی تورکیاوە پشتگیریی لێدەکرێت".