شارپرێس:
دەستەی دەستپاکی عێراق بەفەرمی ڕایگەیاند، چەندین
وڵاتی جیهان ڕەتیدەکەنەوە پارە دزراوەکانی عێراق بگەڕێننەوەو وەک سەرچاوەیەکی دارایی
بۆ بەهێزکردنی ئابوریی خۆیان سەیری دەکەن، دهشڵێت، "ئەمەش پرۆسەی گەڕاندنەوەی
ملیاران دۆلاری تاڵانکراوو دزراوى عێراقى ڕوبەڕوی بەربەستێکی یاساییو نێودەوڵەتیی
زۆر قورس کردوەتەوە".
عەباس مەتعەب بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی
سەرچاوەکان لەدەستەی دەستپاکی ڕایگەیاند، "گرنگترین ئەو كۆسپو بهربهستانهى
کە ڕوبەڕوی عێراق دەبنەوە لەگەڕاندنەوەی پارە دزراوهكاندا، بریتین لەجیاوازیی یاساکانی
نێوان وڵاتان، جیا لەو کۆتوبەندانەی کە هەندێک یاسا دەیسەپێنن لەسەر ڕادەستکردنی
داواکراوان یان پاراستنی نهێنیی بانکەکان".
مەتعەب ڕونکردنەوەی زیاتریداو وتی، "یاسای
هەندێک لەوڵاتان ڕێگە نادات بەڕادەستکردنی ئەوکەسانەی کە مەرجی یاسایی دیاریکراویان
بەسەردا دەسەپێت، هەروەک چۆن ئامادەنین زانیاریی لەسەر ئەو هەژمارە بانکییانە
ئاشكرابکەن کە پارە دزراوەکانی عێراقیان تێدا دانراوە، تەنانەت هەندێک وڵات سەیری
ئەو پارە دزراوانه دەکەن وەک بەشێک لەئابوریی نیشتمانیی خۆیان، بەتایبەت کاتێک بڕی
پارەکان یەکجار زۆربێت".
ئهو بهرپرسه عێراقیه جەختیكردهوه، دەستەی
دەستپاکی تەنها پشت بەڕێوشوێنە یاساییەکان نابەستێت، بەڵکو وهفدى دانوستانکار دەنێرێتو
ڕێککەوتنامە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا واژۆدەکات؛ بەئامانجی هاندانیان بۆ هاوکارییو وەڵامدانەوەی
داواکارییەکانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی تۆمەتبارانو پارە دزراوەکان.
ئهوهشى وت، "ستافی تایبەت بەگەڕاندنەوەی
پارەکان، خاوەنی ئەزمونێکی باڵان لەیاسای نێودەوڵەتیو ڕێککەوتنامە جیهانییەکاندا،
ئەمەش یارمەتیدەر بوە لەبەدیهێنانی دەستکەوتی نایابو قۆناغی داهاتوش گەواهیدەری ئەنجامی
زۆرباشتر دەبێت لەم دۆسیەیەدا".
پێشتر دەستەی دەستپاکی ڕایگەیاندبوو، "ڕەشنوسی
یاسایەکی تایبەت بەگەڕاندنەوەی پارەکان بەمنزیکانە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت، توانیویشمانە
دەستبەسەر بڕێکی زۆر لەپارەی عێراقیدا بگرین لەدەرەوەی وڵات".
ئهوهشى ئاشكراكرد، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی
لەگەڵ نوسینگەی ناوەندیی نیشتمانیی ئینتەرپول لەبەغدا، ڕێککەوتنی هاوکارییان واژۆکردوە؛
بۆ بەدەستهێنانی دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆ بەسیستمی زانیارییەکانی ئینتەرپول، ئەمەش
بەمەبەستی زانینى شوێنی داواکراوانو پەرەپێدانی لێکۆڵینەوە تاوانکارییەکان بەهاوکاری
لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی لەوڵاتە جیاوازەکاندا.
