ئەمریکا بونی سەربازیی خۆی لەسعودییە کەمدەکاتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2130 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، تێکچونی کتوپڕی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو هاوپەیمانە نزیکەکەی، شانشینی سعودیە، بەهۆی ڕەتکردنەوەی پشتیوانیکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەشەڕی دژ بەئێران، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی واشنتۆن دوای کۆتاییهاتنی ئەم دۆخە، بونی سەربازی خۆی لەو وڵاتەدا کەمبکاتەوە.


میدیاکانی ئەمریکا بەبەردەوامی باسی ناكۆكیی توندی نێوان کۆشکی سپیی‌و شازادەی جێنشینی سعودیە، محەمەد بن سەلمان دەکەن.

ئەم ناکۆکییە کاتێک سەریهەڵدا کە دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا، پرۆژەی ناسراو بە"پرۆژەی ئازادی" ڕاگەیاند، داوای بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازیی زیاتری ئەمریکای دەکرد لەبنکەکانی سعودیەدا، بەڵام ڕیاز بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دژی وەستایەوەو ڕێگەی بەواشنتۆنن نەدا، بەهۆی ئەو نیگەرانییە قوڵەی کە هەیبوو لەوەی بنکەکانی ببنە ئامانجی ڕاستەوخۆی موشەکەکانی ئێران.

کیریل سیمینۆڤ شیکەرەوەی سیاسی پێیوایە، ئەم گۆڕانکارییانە نیشانەی تەنگژەیەکی قووڵی پێکهاتەیین لەپەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا، بەتایبەت کە ڕیاز چیتر خۆی بەبارمتەی هەژمونی سەربازیی ئەمریکا نازانێت.

سعودیە لەماوەی ڕابردودا ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی لەگەڵ پاکستان واژۆکردوە کە ناوەندێکی نوێی هێزی دروستکردوە، هاوکات ڕاوێژکارییە دیپلۆماسییەکانی ئەمدواییەی لەگەڵ چین لەسەر ئاسایشی دەریاوانی لەگەروی هورمز، دەریدەخەن کە پشتیوانی پەکینیشی بەدەستهێناوە.

ئەم دۆخە نوێیە وایکردوە سعودیە لەجێبەجێکارێکی سادەی خواستەکانی ئەمریکاوە ببێتە قەوارەیەکی سەربەخۆ کە دەتوانێت مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت‌و ڕێگریی لەو دەستپێشخەرییە سەربازییانەی ئەمریکا بکات کە ئارامی‌و سەقامگیریی شێخنشینەکانی کەنداو دەخەنە مەترسییەوە، ئەمەش ئەنجامدانی هەر سەرکێشییەکی سەربازیی لەلایەن ئەمریکاوە لەناوچەکەدا بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان نزیک دەکاتەوە لەمەحاڵ.