مۆسکۆ له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى ئۆكرانیا بۆ وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ى ته‌رمى سه‌ربازه‌كانى هاته‌ده‌نگ

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2111 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوكات لەگەڵ ڕەتکردنەوەی دەستپێشخەریی مۆسکۆ بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی سەربازە کوژراوەکانی کێیڤ لەشاری کۆنستانتینۆڤکا، وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئەو هەڵوێستەی ئۆکرانیای بە"داڕمانێکی مرۆیی بێوێنه‌ لەمێژودا" ناوبرد.


ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، سەرکۆنەی ڕەتکردنەوەی وەرگرتنەوەی تەرمی کوژراوان‌و ڕادەستکردنی دیلەکانی شەڕی لەلایەن حکومەتی ئۆکرانیاوە کردو ڕایگەیاند، ئەم هەڵوێستە نیشانەی "داڕمانێکی مرۆیی بێپێشینەیە" لەو وڵاتەدا.

زاخارۆڤا لەلێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەمێژودا هیچ قەوارەو کۆمەڵگەیەک نەبوە وەرگرتنەوەی تەرم، بریندارو دیلەکانی خۆی ڕەتبکاتەوە، جەختیکردەوە، پرۆسەی وەرگرتنەوەی تەرمی کوژراوانی جەنگ، نەریتێکی باوه‌ تەنانەت لەسەردەمەکانی پێش دەرکەوتنی ئایینە ئاسمانییەکانیشدا.

ئەم لێدوانانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا دوای ئەوەدێن، وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی دەستپێشخەرییەکی مرۆیی بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی سەربازە ئۆکرانییەکان لەشاری کۆنستانتینۆڤکا ڕاگەیاند؛ ئەوشارەی کە مۆسکۆ دەڵێت، هێزەکانی کۆنترۆڵیانکردوە، لەبەرامبەردا، لایەنی ئۆکرانی دەستپێشخەرییەکەی ڕەتکردوەتەوەو ڤلادیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، دانی بەلەدەستدانی ئەوشارەدا نەناوە.

ئه‌م په‌یامه‌ى وه‌زاره‌تى ڕوسیا هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ لێدوانێكى  ئەپتی عەلائەدینۆڤ فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی (ئەحمەد)ی ڕوسیا كه‌ ئاشكرایكردبوو، حکومەتی کیێڤ ڕەتیدەکاتەوە تەرمی سەربازەکانی کە بەسەدان هەزاره‌ لەمەیدانەکانی جەنگداو به‌جێماون وەربگرێتەوە، بەتایبەت لەشاری (کۆنستانتینۆڤکا)، ئەمەش بەمەبەستی شاردنەوەی ئەو کارەساتە سەربازییەی بەسەریهاتوە.

وتوشیه‌تى، "ڕێژەی ڕاستەقینەی ئەو زیانە مرۆییە گەورانەیە کە بەر سوپاکەی کەوتوە، به‌گوێره‌ى خەمڵاندنەکان، کۆی گشتیی زیانەکانی ئۆکرانیا لەنێوان (کوژراو، دیل‌و کەمئەندامی جەنگ) دوو ملیۆن سەربازیی تێپەڕاندوە".