حیزبوڵڵاى ئێستا بۆ تاران: لە سەرمایەوە بۆ بارگرانى

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 58 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شەڕ چۆن پەیوەندیی ئێرانى لەگەڵ هێزە لە برییەکان گۆڕی؟
ن/دانێڵ بایمان، مامۆستا لە زانکۆی جۆرجتاون و بەڕێوەبەری بەرنامەی شەڕ و هەڕەشە نایاساییەکان لە ناوەندی CSIS

ڕێبەرانی نوێی تاران ئێستا لە پێگەیەکی بەهێزترن. یادداشتە سەرەتاییەکەی لێکتێگەیشتن، بێ ئەوەی داوای هیچ سازشێکی دەستبەجێ لەسەر بەرنامە ئەتۆمی یان مووشەکییەکەى ئێران بکات، هەندێک ئاسوودەیی داراییی کورتخایەن و هەروەها هیوای قازانجی گەورەتر لە داهاتوودا بۆ ئێران دابین دەکات. لە ڕاستیدا، تەنها ئەوەی پێویستە ئێران بیکات ئەوەیە ڕێگە بە هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورموز بدات، هەروەها تاران هەوڵ دەدات ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ وەرگرتنی باجێکی ناڕاستەوخۆ لەو هاتوچۆیە.
بەڵام لە پشت ئەم سەرکەوتنانەدا گۆڕانێکی گرنگ هەیە؛ ئێران ئیتر وەک جاران پشت بە هێزە لە برییەکانى وەک حیزبوڵڵا نابەستیت بۆ ترساندنی دوژمنەکانی.
هێزە لەبرییەکان هێشتا بۆ ئێران سوودبەخشن، بەڵام ئیتر ناوەندی ستراتیژی بەرپەرچدانەوەى تاران نین. لەبری ئەوە، ئێران پێی وایە هەڕەشە لەسەر بازاڕی جیهانی وزە و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، خێراتر و کاریگەرتر لە مووشەکەکانی حیزبوڵڵا یان هێرشی میلیشیاکان، فشاری سیاسی لەسەر واشینگتۆن دروست دەکات.
ئەمە واتای ئەوە نییە کە حیزبوڵڵا، حەماس یان حوسییەکان گرنگییان لەدەستداوە، بەڵکو ڕۆڵیان گۆڕاوە. ئێستا ئەوان بەشێکن لە کۆمەڵێک ئامرازی ناچارکردن، نەک قەڵغانى سەرەکی ئێران. تەنانەت، ئێستا ئەوە تارانە کە هەوڵی ڕزگارکردنی ئەوان دەدات، نەک بە پێچەوانەوە.
پێش هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ و شەڕەکانی دوای ئەو ڕووداوە، ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی پشتى بە هێزە لەبرییەکان دەبەست بۆ بەرپەرچدانەوە و هەڕەشەکردن لە دوژمنەکانی.
ئەگەر ئەمریکا یان ئیسرائیل هێرشیان بکردایە سەر ئێران، حیزبوڵڵا ـ کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار مووشەک و هێزی شەڕکەری هەبوو و لە شەڕی سوریا ئەزموونی گەورەی بەدەستهێنابوو ـ دەیتوانی هەزاران مووشەک دابارێنێت بەسەر ئیسرائیل دا و هەروەها هێرشی زەمینی بکاتە سەر ئەو وڵاتە.
ئەگەر ئیسرائیل هێرشی بکردایەتە سەر لوبنان، حیزبوڵڵا دەیتوانی بەرپەرچی بداتەوە یان لانیکەم شەڕەکە بێ کاریگەر بکات، وەک لە شەڕی ساڵی ٢٠٠٦دا کە لە ماوەی ٣٤ ڕۆژدا بەردەوام مووشەکی دەگرتە ئیسرائیل.
لە هەمان کاتدا، حەماس و هەروەها هێزەکانى تر کە ئێران پشتگیری لێدەکردن لە فەلەستین، عێراق، یەمەن و شوێنەکانی تر، دەیانتوانى بەشداری شەڕەکە بکەن. ئەم گرووپانە، لەگەڵ بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران، ئامرازی سەرەکی تاران بوون بۆ وەڵامدانەوە بە دوژمنەکانی.
هێزە لەبرییەکان، ئامرازێکی کەمتێچوو بوون بۆ فراوانکردنی هەژمونى ئێران. لە نەوەدەکانى سەدەى پێشوو، تاران بە پشتگیری لە جیهادی ئیسلامی فەلەستین و حەماس، گفتوگۆکانی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکانی تێکدا، چونکە ئەو پرۆسەیەی بە هەوڵێکی ئەمریکا بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران دەزانی. هێرشەکانی ئەو گرووپانە هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی بنیامین نەتەنیاهۆ بوون لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٦ بوو.
بە شێوەیەکی گشتی، ئەو هێزانە بۆ ئێران ئامرازێک بوون بۆ دروستکردنى کاریگەری لە سەر زۆر وڵاتی موسوڵمان، هەرچەندە هێزی سەربازی ئاسایی و ئابووریی ئێران لاواز بوو. هەروەها تاران لەگەڵ هێزە لەبرییەکانى، بە تایبەتی حیزبوڵڵا، هاوکاری کرد بۆ ئەنجامدانی هێرشى تیرۆریستی لە دژی ئامانجەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. بەڵام هەموو ئەم ستراتیژە دوای ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ گۆڕا.
حەماس هەرچەندە هێشتا لە غەززە چالاکە، بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە بە توندی لاواز بووە. زۆربەی ڕێبەر و شەڕکەرەکانی کوژراون و تواناى مووشەکیی لەناوچووە.
لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ئیسرائیل هەزاران شەڕکەری حیزبوڵڵای کوشت یان بریندار کرد، بە هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی نهێنی، وەک تەقینەوەی پەیجەرەکانی حیزبوڵڵا. هەروەها ئیسرائیل سکرتێری گشتی حیزبوڵڵا، حەسەن نەسرەڵڵا، و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و ڕێبەرانی سیاسی کوشت، و دواتریش ژمارەیەک لە جێنشینەکانیانیش کوژران. هەروەها ژمارەی مووشەکەکانی حیزبوڵڵا، کە پێشتر نزیکەی ١٥٠ هەزار دانە بوون، ئێستا بۆ ٢٥ هەزار دانە یان کەمتر دابەزیوە.
کاتێک ئیسرائیل و ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٦ هێرشیان کردە سەر ئێران و ڕایانگەیاند ئامانجیان گۆڕینی ڕژێمە، حیزبوڵڵا هەندێک مووشەک و درۆنی گرتە ئیسرائیل، بەڵام هێرشی فراوانی ئەنجامنەدا. کاریگەری ئەو هێرشانەش سنووردار بوون و زیاتر وەک نیشاندانی هاوخەمی بوو لەگەڵ ئێران تا دەستپێکردنی شەڕێکی گەورە.
حیزبوڵڵا نە زۆرینەی مووشەکەکانی بەکارهێنا، نە هەوڵی ناردنی شەڕکەرى دا بۆ ناو ئیسرائیل و نە هێزی سەربازی بەتەواوى خستە گەڕ.
هێزە لە برییەکانى تریش زۆربەیان بێدەنگ بوون. حوسییەکانی یەمەن تەنها چەند هێرشێکی سنوورداری مووشەکییان ئەنجامدا.
هەروەها، لە ڕووی ستراتیژییەوە، گەورەترین زیان بۆ ئێران و هێزەلەبرییەکانى نەک لەسەر دەستی ئیسرائیل لێی کەوت، بەڵکو بە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە ساڵی ٢٠٢٤ دا بوو. حکومەتێکی نوێ بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع، کە پێشتر پەیوەندی بە گرووپە جیهادییەکانەوە هەبوو، دەسەڵاتی گرتە دەست. سوریا پێشتر هاوپەیمانی نزیکی ئێران بوو بۆ پشتگیری حیزبوڵڵا و فشار دروستکردن لەسەر ئیسرائیل، بەڵام حکومەتی نوێى سوریا بەهۆی پشتگیری ئێران لە ئەسەد، دوژمنایەتی توندی لەگەڵ تاران و حیزبوڵڵا هەیە.
لە ئێستادا حوسییەکان هێشتا ئامرازێکی گرنگی ئێرانن، حیزبوڵڵاش هەوڵی نوێکردنەوەی هێزی خۆی دەدات. هەروەها، ئەمریکا کتائب حیزبوڵڵای عێراقی تاوانبار کردووە بە پلان دانان بۆ ئەنجامدانى هێرشى تیرۆریستیی لە ناو ئەمریکا و ئەوروپا. لەگەڵ ئەوەشدا، هێزە لەبرییەکان نەیانتوانی ببنە هێزێکى کاریگەرى بەرپەرچدانەوە لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە پێچەوانەوە، بوونیان خۆی بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران.
هەر دوای ٧ی ئۆکتۆبر، ڕێبەرانی ئیسرائیل دەستیان کرد بە تاوانبارکردنی ئێران. تەنانەت ئەگەر تاران ڕاستەوخۆ فەرمانی ئەو هێرشەی نەدابێت، بەڵام بە پارەدان، چەکدارکردن و ڕاهێنانی ئەو هێزانە، لە دیدی ئیسرائیلەوە، کۆماری ئیسلامی بەرپرسیار دەکات.
بۆ ئیسرائیل، ٧ی ئۆکتۆبر هاوسەنگیی ستراتیژی گۆڕی؛ کاتێک هێزە لەبرییەکان هەر هێرشێک بکەن، ئیتر هۆکارێک نامێنێت بۆ خۆپاراستن لە هێرشکردنە سەر خۆی ئێران.
لە کۆتاییدا، ئێران ڕەنگە ناچار بێت سەرچاوەى سەربازی و دارایی سنوورداری خۆی بۆ دوبارە بەهێزکردنەوەی حیزبوڵڵا تەرخان بکات، هەروەها، ئەو نیگەرانییەی کەهەیە سەبارەت بەوەى ئێران پارەی بەدەستهاتوو لە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان بۆ پشتگیری لە هێزە چەکدارەکانى وەک حیزبوڵڵا بەکاربهێنێت، لە جێگەی خۆیدایە. بەڵام ئەگەر ئەمە ڕووبدات، واتە سەرچاوە داراییە پێویستەکانی خۆی لە بوارى ناوخۆیی و سەربازییە گرنگەکان بەکارناهێنێت، لە کاتێکدا ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بەو سەرچاوە داراییانە هەیە.

وەرگیران و ئامادەكردنی بەختیار ئەحمەد