توركیا بۆ گفتوگۆ چاوەڕوانی حكومەتی نوێی ئیسرائیل دەكات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت، گەیشتن بە ئاشتی لە لوبنان پێویستی بە گۆڕینی چەمكی ئەمنی ئیسرائیل هەیە، دەشڵێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل باشترە هیوایان بە حكومەتی نوێ هەبێت.

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سكای نیوز ئاماژەی بەوەكرد، سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەكەدا پێویستی بە پێداچوونەوە بە ڕێبازی ئەمنی ئیسرائیلدا هەیە.

سەبارەت بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، كاتێك پرسیاری لەبارەی ئەگەری گفتوگۆ لەگەڵیدا لێكرا، فیدان وەڵامی دایەوە، "با هیوامان بە حكومەتێكی باشتر هەبێت"، ئەوەش ئاماژەیە بۆ داهاتووی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل.

سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر توركیا و كاراكردنی مادەی پێنجەمی پەیماننامەی ناتۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا دووپاتی كردەوە كە "بڕگەكانی هاوپەیمانییەكە بە تەواوی ڕوونن"، ئاماژەی بەوەشكرد "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا سەركردەی ئاشتییە".