شارپرێس:
لەلێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا
کە دەنگدانەوەی قووڵی لەسەر ئاستی هەواڵگریی جیهانی دروستکردوە، نیکۆلای پاتروشێف یاریدەدەری
سەرۆکی ڕوسیاو سەرۆکی دەستەی دەریایی وڵاتەکە، پەردەی لەسەر پلانێکی پێشوی هاوبەش
لادا لەنێوان مۆسکۆو واشنتۆن بۆ لەناوبردنی ئوسامە بن لادن، سەرکردەی پێشووی ڕێکخراوی
قاعیدە.
پاتروشێف کە پێشتر سەرۆکی
دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕوسیا (FSB)
بوە، لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی ڕوسیاو ئاژانسی هەواڵگریی
ناوەندیی ئەمریکا (CIA) پلانێکی هاوبەشیان بۆ کوشتنی بن لادن داڕشتبوو،
ئەم پلانەش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی ڕاستەوخۆو فەرمی لەنێوان سەرۆکەکانی ئەوکاتەی
ڕوسیاو ئەمریکادا جێبەجێکرابوو.
پاتروشێف لەگێڕانەوەی
وردەکاریی پلانەکەدا ئاشکرایکرد، ئەرکەکان لەنێوان هەردوو دەزگای هەواڵگریی (FSB)و (CIA)
دابەشکرابون، لایەنی ئەمریکی داوای لەڕوسیا کردبوو کە ئامێری پێشاندانی شوێنو
چاودێری لەو شوێنەدا جێگیربکات کە بن لادنی لێیە، تا ئەمریکییەکان بتوانن لەڕێگەی
هێرشێکی ئاسمانییەوە بیپێکنو لەناوی ببەن.
یاریدەدەرەکەی پوتن وتی،
"ئەوان دڵنیابون لەوەی ئێمە ناتوانین ئەم ئەرکە سەختە جێبەجێبکەین، بەڵام ئێمە
کارەکەی خۆمان بەسەرکەوتویی ئەنجامدا، لەبەرامبەردا، لایەنی ئەمریکی نەیوێرا هێرشەکە
بکاتو لەبەڵێنەکەی پاشەکشەیکرد، بەمەش پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوو".
پاتروشێف لەکۆتایی لێدوانەکانیدا
تێڕوانینێکی توندی خستەڕوو و ڕایگەیاند، ئوسامە بن لادن بۆ ماوەیەکی درێژ بریکارو
کارمەندی دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا بوە، بەوتەی ئەو، "واشنتۆن تائەوکاتەی بەرژەوەندیی
لەگەڵیدا مابوو بەکاریهێناوە، بەڵام کاتێک بن لادن لەژێر کۆنترۆڵ دەرچوو و بوە ڕێگر
لەبەردەم چالاکییەکانی ئهمریكاو ههواڵگریهكهى، بڕیاری لەناوبردنی درا".
زیاتر لهوبارهیهوه
وتى، "ئەمریکییەکان دەیانوت ئەو مەترسیدارترین تیرۆریستی جیهانە، بەڵام ئێمە
باشدەزانین کە ئەو بریکاری خۆیان بوو، لەو چرکەساتەی کە یاخیبوو و زیانی بەدەزگا ئەمنییەکانیان
گەیاند، بڕیاریاندا هاوشێوەی ئەو دیمەنانەی هەموو جیهان لەسەر شاشەکان بینیمان، کۆتایی
بەژیانی بهێنن".
ئوسامە بن لادن كه ساڵى
1957 لهدایكبوهو 2011 كوژرا، وەک دامەزرێنەرو سەرکردەی پێشوی ڕێکخراوی قاعیدە دەناسرێت،
کە بەداڕێژەری سەرەکیی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 بۆسەر ئەمریکا دادەنرێت،
بن لادن لەساڵی 2011دا لەئەنجامی ئۆپراسیۆنێکی تایبەتو هێرشێکی زەمینیی هێزە تایبەتەکانی
ئەمریکا لەناوچەی ئابۆت ئاباد لەوڵاتی پاکستان کوژرا.
