شارپرێس:
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی فەرمانی پێگەیشتوە خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سەربەخۆ لەناو خاکی ئێران ئامادە بکات و دەشڵێت، سوپاكەیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەناو خاكی ئێراندا ئامادەكردوە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لەچاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا سەبارەت بەگرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی گەروی هورمز، ڕایگەیاند، لە هەر کات و ساتێکدا بێت ئەوان بۆ ڕوبەڕوبونەوە ئامادەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای وڵاتەکەی فەرمانی ڕاستەوخۆی لەلایەن سەرۆک وەزیران و خودی وەزیری بەرگرییەوە پێگەیشتوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سەربەخۆی ئیسرائیلی لەناو خاکی ئێران ئامادە بکات بەبێ بەشداریی ئەمریکا.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە، سوپاکەیان ئامادەکارییەکانی تەواو کردوەو ئێستا سوپا تامەزرۆی گەڕانەوەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی.
لە 28ی شوباتی ئەمساڵ، ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیان نایە قۆناغێکی یەکجار مەترسیدارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریکاو ئیسرائیل بەهەماهەنگی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئاسمانی و سەربازییان دژی ئێران دەستپێکرد.
