هۆكارى مردنی لیندسی گراهام؛ نەخۆشی کتوپڕ بوو يان بۆردومانی ڕوسیا؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4244 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی نوسینگەی فەرمیی سیناتۆری کۆماریی ناسراوی ئەمریکا، لیندسی گراهام، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا گیانلەدەستدانی ناوبراوی بەهۆی "نەخۆشییەکی کتوپڕو کورتخایەن"ەوە لەواشنتۆن پشتڕاستکردەوە، شەپۆلێک لەگومان‌و دەنگۆی جیاواز لەسەر ئاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌و میدیاکان سەریهەڵداوە کە گومان لەڕاستیی هۆکاری مردنەکەی دەکەن.


به‌گوێره‌ى ئەو زانیاریی‌و دەنگۆیانەی بڵاوبونەتەوە، چەند لایەنێک پێیانوایە، گراهام بەهۆکاری سروشتی نەمردوە، بەشێک لەسەرچاوە نافەرمییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، گراهام دوای بەشداریکردنی لەلوتکەی ناتۆ لەتورکیا، سەردانی ئۆکرانیای کردوەو ڕۆژی هەینی ڕابردوو لەکیێڤ لەگەڵ سەرۆک ڤلۆدۆمێر زیلینسکی کۆبوەتەوە، به‌گوێره‌ى ئەم دەنگۆیە، ناوبراو دوو ڕۆژ پێش ڕاگەیاندنی مردنەکەی، لەئەنجامی بۆردومانێکی توندی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا بۆسەر کارگەیەکی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەناوخاکی ئۆکرانیادا کوژراوە.

ئاماژە بەوەشدەکرێت، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا، ڕێک لەو ماوەیەدا بەفەرمی بۆردومانکردنی سەرکەوتوی کۆمەڵگەیەکی سەربازیی دروستکردنی درۆنی لەئۆکرانیا ڕاگەیاندوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ڕاستی ڕوداوەکە دەهێنرێتەوە.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، بەهۆی هەڵوێستە سەرسەخت‌و دژبەرەکانی گراهام بەرامبەر بەتاران‌و مۆسکۆ، بەشێک لەچاودێران لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پێیانوایە، ڕەنگە گراهام لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو دوو وڵاتەوە ژەهرخوارد کرابێت، بەتایبەت دوای ئەوەی میدیاکانی ئێران بەئاشکرا دڵخۆشی خۆیان بەمردنی نیشاندا.

سەره‌ڕای تەشەنەسەندنی ئەم دەنگۆیانە، تائێستا هیچ بەڵگەیەکی فەرمی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا یان لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە نییە کە پشتگیریی لەتیۆریی کوژران یان ژەهرخواردکردنی گراهام بکات، به‌گوێره‌ى میدیا فەرمییەکانی ئەمریکا، گراهام دوای گەڕانەوەی لەگەشتەکەی ئۆکرانیا، لەماڵەکەی خۆی لەواشنتۆن توشی جەڵتەی دڵ بوەو تیمی فریاگوزاری چونەتە هاوکاریی، بەڵام گیانی لەدەستداوە. چاودێرانیش پێیانوایە، نەبونی زانیاریی وردی پزیشکی لەڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەکەیدا، بوەتە هۆی دروستبونی ئەم بۆشاییە زانیارییەو ڕێگەی بۆ بڵاوبونەوەی ئەوجۆرە تیۆرییانە خۆشکردوە.