سوپای پاسداران شوانێكی هەرێمی كوردستانی كوشت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 184 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

ئەمڕۆ یەك شەممە رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، لە هێڵی سنووریی پیرانشار و شاری سۆران، شوانێكی گەنجی كورد بە ناوی ڕێباز سلێمان ساڵح تەمەن ٣٠ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران گیانی لەدەست دا و سەدان سەر لە مەڕوماڵاتەكەشی لەلایان ئەم هێزانەوە براون. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێك تەرمی ئەم شوانە تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزەكانی سوپای پاسداران جێگیر لە هێڵە سنوورییەكانی پیرانشار و ناوچەی سیدەكان سەر بە شاری سۆران لەپارێزگای هەولێر، شوانێكیان بە ناوی ڕێباز سلێمان ساڵح هەركی كە بۆ گەڕاندنەوەی مەڕوماڵاتەكەی نزیك سنوور ببووەوە، داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و تەرمەكەشیان ڕفاندووە.

ئەم شوانە لە كاتێكدا كە لە لەوەڕگەكانی شاخاویی ناوچەكە خەریكی لەوەڕاندن و چاودێریی ڕانە مەڕەكەی بووە و مۆڵەتی فەرمی هەبووە، لەناكاو و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایان هێزە چەكدارەكانی سوپای پاسدارانەوە كراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر كوشتنی ئەم گەنجە تا ئێستا تەرمەكەی ڕادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە.

هەروەها هێزەكانی سوپای پاسداران جگە لە كوشتنی ئەم گەنجە، نزیكەی ٨٥٠ سەر لە مەڕوماڵات (مەڕ و بزن)ی ئەم شوانەیان بردوە.