ترەمپ: بە توندی لەئێرانمان داو گەرووی هورمز كراوەیە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 252 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ڕۆژی یەكشەممە دووپاتی كردەوە كە ئەمریكا شەوی رابردوو گورزێكی زۆر بەهێزی لە ئێران داوە لە كاردانەوەی هێرشەكانی تاران بۆ سەر كەشتییەكان لە گەرووی هورمز.

لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی سی ئێن ئێن ترەمپ وتی: دوێنێ شەو زۆر بە توندی لە ئێرانمان دا.

ترامپ دەشڵێت، ئەمریكا و ئێران لە ڕۆژی شەممە نزیك بوون لە گەیشتن بە ڕێككەوتن.

ناوبراو درێژەی بە قسەكانی دا و وتی: "خەریك بوو دەستبەرداری هەموو شتێك بن، دواتر لەناكاو دوای دوو كاتژمێر، بە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان كەشتییەكیان كردە ئامانج، ئەم كەسانە كێشەیان هەیە".

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا ڕایگەیاند كە گەرووی هورمز بەڕووی هەموو كەشتییەكاندا كراوەیە و سوپای ئەمریكاش ئامادەیە بۆ دەستەبەركردنی ئازادی كەشتیوانی، سەرەڕای ئەوەی ئێران ڕایگەیاند كە ڕێڕەوە ئاوەكە دادەخات.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا سێنتكۆم لە پۆستێكی سۆشیال میدیادا ڕایگەیاندووە كە "هێزەكانی ئەمریكا ئامادەن بۆ دەستەبەركردنی بەردەوامی ئازادیی كەشتیوانی سەرەڕای دەستدرێژییەكان".

سێنتكۆم ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئێران كۆنتڕۆڵی گەرووەكە ناكات".

هێزەكانی ئەمریكا لە ماوەی هەفتەیەكدا بۆ جاری سێیەم هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەستپێكرد، ئەمەش وایكرد تاران هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر چوار وڵاتی عەرەبی ئەنجام بدات.