شارپرێس:
میدیاكانی ئێران ڕۆژی یەكشەممە كوژرانی حەمید ڕەزا دێهقان، ئەفسەری سیستەمی بەرگری ئاسمانی هێزی دەریایی ئێرانیان لە ئەنجامی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ شاری جاسك لە باشووری ئێران ڕاگەیاند.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، دێهقان لە كاتی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئامانجە سەربازییەكان لە باشووری ئێران كوژراوە و ئاماژەی بەوە كردووە كە لە یەكەكانی بەرگری ئاسمانی هێزی دەریایی ئێراندا خزمەتی كردووە.
ئەم ڕاگەیاندنە دوای چەند ڕۆژێك دێت لە پشتڕاستكردنەوەی كوژرانی هەشت ئەندامی سوپای ئێران لە هێرشەكانی ئەمریكا كە شارەكانی بەندەر عەباس و بوشەهریان كردە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرنا بە گێڕانەوە لە سوپای ئێران بڵاویكردەوە، كوژراوەكان سەر بە هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی بوون و لە كاتی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەی كە دامەزراوە سەربازییەكانی باشووری وڵاتیان كردبووە ئامانج، كوژراون.
سوپای ئێران دووپاتی كردەوە كە بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەكان و بەڵێنیدا تۆڵەی هێرشەكانی ئەمریكا بكاتەوە و جەختیشی كردەوە كە خوێنی قوربانییەكان "بە خۆڕایی ناڕژێت".