شارپرێس:
دەرکەوتنی پیاوێک بەدەمامکێکی ڕەشو کڵاوێکی بەیسبۆڵەوە لەڕیزەکانی پێشەوەی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆچکردوی ئێران، دەنگۆیەکی زۆری لەمیدیاکاندا نایەوە.
زۆرکەس پێیانوابوو، ئەوکەسە موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئێرانە، ئەم گریمانەیە خێرا لەمیدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوەوەو وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی گواستنەوەی دەسەڵات سەیرکرا.
بەڵام ڕاپۆرتێکی ئێران ئینتەرناشناڵ، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردهوهو ڕونیکردوهتهوه، ئەوکەسە محەممەد جەواد خامنەیییە نەوەی گەورەی عەلی خامنەییو کوڕی مستەفا خامنەیی.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، محەممەد جەواد، بەهۆی بریندارییو سوتانی سەختەوە لەهێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لە 28ی شوباتدا کە بوە هۆی کوژرانی عەلی خامنەییش، ناچار بوە دەموچاوی دابپۆشێت.
ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەی بەوەشکردوە، موجتەبا خامنەیی لەدوای ئەو هێرشانەوە بەئاشکرا نەبینراوەو دەنگۆی هەواڵگریی هەن کە باس لەبرینداربونی سەختی دەکەن.
ئامادەبونی ئەو تەنها لەڕێگەی پەیامێکەوە بوو لەتێلێگرام کە تێیدا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی باوکی کردبوو.
بەردەوامیی بزربونی موجتەباو برینداربونی کەسە نزیکەکانی خێزانی خامنەیی، ئاستی ئەو تەمومژە پیشاندەدات کە دەوری پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتی گرتوە، سەرەڕای هەوڵەکانی دەسەڵات لەئێران بۆ پیشاندانی یەکگرتویی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەڕێوڕەسمەکەدا.
