شارپرێس:
دوران كاڵكان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە لهچاوپێكهوتنێكدا بۆ پێگەی میدیاسۆپ لەگەڵ ڕۆژنامەوانو خاوەنی پێگەکە (ڕوشان چاکیر) لەقەندیل زۆر پرسى گرنگى شرۆڤه كردو لهسهرهتادا جهختیكردهوه، "هیچ كاتێك دۆخى توركیا بۆ دۆخى پێشتر ناگهڕێتهوه"، كاڵكان بهڕۆژنامهنوسه توركهكه دهڵێت، "پێموایه ههڵه هاتون بۆ قهندیل، شوێنى ئێوهو دیدارتان دهبوو لهگهڵ عهبدوڵڵا ئۆجهلان بێت لهئیمراڵى".
ئەندامهكهى کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە ئهوهشى ڕونكردهوه، "كاتێك بڕیارى كۆتایی خهباتى چهكدارییمان ڕاگهیاند، لهناو كۆمهڵگهى كوردىو توركیشدا سهرسوڕمانێكى زۆر هاته ئاراوه، بهڵام ئهم بڕیارهمان بهواتاى ئهوهنییه ئیتر گهریلاو ئهندامهكانمان ببن بهههڵمو بچن بهئاسماندا".
كاڵكان لهو چاوپێكهوتنهدا ئهوهشى وت، "ئهگهر خهباتى پهكهكهو خودى ڕێبهر ئاپۆ نهبوایه، دۆخی پارتى دیموكراتى كوردستان لهباشور هیچكات نهدهگهیشته ئێستاى، بهواتاى ئهوهى لەهەموان زیاتر خۆی خستە پەناگەی ئێمەوە، ئەگەر پارتى دوبارەبوهوه بهپارتى ئهوه بەپاڵپشتو بەهۆکاری ئەو پێشهاتانەی کە لەباکورەوە هاتنە ئاراوە بوهوه بهو حزبهى ئێستا".
دهقى چاوپێكهوتنهكهى كاڵكان:
ڕوشان چاکیر: سەرهتا زۆر سوپاست دەکەم کاڵکان، بەهۆی ئەوەی بەڕێزت جگە لەمیدیاکانی حزبەکەت لێدوانو چاوپێکەوتن لەگەڵ هیچ میدیایهكى دیكه ناکەیت، ئێمە یەکەم میدیای تورکیاین کە چاوپێکەوتنتان لەگەڵ دەکەین، لە2013وە جارێکی دیكه لەسەردەمی قۆناغی یەکەمی چارەسەری چاومان بەیەکتر کەوت، بەڵام ئەو قۆناغە داڕماو کۆتایىهات..
کاڵکان: پێموایە کەمێک بەهەڵە هاتون بۆ ئێرە، ئەبوایە بچن بۆ ئیمڕاڵی.
چاکیر: داواکاریم پێشکەشکردوە، بەڵام هێشتا وەڵاممان وەرنەگرتوە، چارەسەرى ئەمەش دەکەن، بابێینەوە سەر پرسەکانمان، ئایا قۆناغی ئەمجارەش توشی داڕمان دەبێت؟
کاڵکان: بەدڵنیایەوە بەردەوامە شتی وا ڕونادات.
چاکیر: چۆن؟
کاڵکان: یەکەم شت هەلومەرجەکانی کە لەئارادان ڕێگە بەداڕمانی ئەم قۆناغە نادەن، هەلومەرج، مەبەستمان لەهەلومەرجی سیاسییو سەربازییه، هەلومەرجی ناوچەکەو تورکیاو هەروەها هەلومەرجی ناوخۆیی تورکەکان جیاوازن، واتا دۆخەکە وەک 2013 نییە، لەدوای 2015 بارودۆخی زۆر قورس هاتنە ئاراوەو دەتوانین وەها پۆلێنى بکەین کە قۆناغی دوای 2015و قۆناغی دوای 2023، واتا قۆناغی دوای شەڕی غەززە، ئەمانە گۆڕانکاریەکیان هێناوەتە ئاراوە، لەدوای 2015 قۆناغێک هاتە ئاراوە کەئەویش قۆناغی دەستپێکردنەوەی شەڕ بوو، ئەمەش گەلێک شتی تازەی هێنایه ئاراوە، وەکو ئەوانەی پێشوتر نەبون.
هەم ڕوبەڕوی ئەم پرسیارەی کردینەوە (ئیتر تا کوێ؟) ئەم پرسیارەش پێویستی بەوهڵام هەبوو کە دەبێت چارەسەریەک بۆ ئەمە بدۆزرێتەوە، چونکە هەموشتێک بەشەڕ چارەسهر ناکرێت، شەڕ ئامرازێکەو زۆرجاریش بەسیاسەت کێشەکان چارەسەردەبن، ئێستاش هەم کاتی چارەسەریەو هەمیش کاتی سیاسەتکردنە، جیهانی دەرەوەش بەمشێوەیەیه، واتا بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینین، زۆرێک لەدەوڵەتو ڕێکخراوی بەهێز لەناوچون، ئەوانەی خۆیان بەڕێکخراوی هەرە بەهێزو سەرکردەی هەرە بەهێزى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانی، لەناوچون، ئەمە سەردەکێشێ بۆ چ دۆخێک، خەڵکانێک لەدەرەوەی ناوچەکەدا دێنو دەیانەوێت چارەنوسی ناوچەکە بگۆڕن، بەڵام ئێمە مرۆڤی سەر خاکی ئەم ناوچەیەین، خۆناکرێ هەموو دەرگاکانیان بۆ بخەینەسەر پشت!، ئایا ئێمە ناتوانین لەنێوان خۆماندا هیچ چارەسەریەک بدۆزینەوە؟ ئایا ناتوانین ئیڕادەیەک نیشانبدەین؟ بەڵێ ئێمە لەم بابەتەدا بەبڕیارین، لەسەر ئەم بنەمایەش تێگەیشتنمان بۆ کرد كه ئایدیاکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانو بانگەوازەکەی 27ى شوبات هەیە، لەسەر ئەم بنەمایەش ئێمە وەک بزاڤ بەبڕیارین بۆ پێشخستنی قۆناغی تازە، بەڵام ئایا بەتەنها پێماندەکرێ؟ ئەمەیان بابەتێکی جیاوازە.
چاکیر: ئێوە باسی 27 شوباتتان کرد، من لههۆتێلەکەی ئەستەمبوڵ بوم کاتێک وهفدهكه بانگەوازەکەی خوێندەوە، بەتایبەت لەسەر پرسی ویستو نەویستی دەوڵەت نەتەوە، خۆبەڕێوەبەرییو ڕەتکرنەوەی، تەنانەت منیش سەرم سوڕما، ئایا ژێرخانی جەماوەرییو کادرەکانی خۆتان سەریان نهسوڕنەما؟
کاڵکان: بەڵێ بێگومان سەرسوڕمانێکی زۆر ڕویدا، لەناو ڕێکخستنو بەتایبەت لەناو چینو توێژەکانی کۆمەڵگه زۆر زیاتر ڕویدا، کاتێک زانیاریهکانمان پێگەیشتو هەروها لەڕاگەیاندنەکانەوە سەیرمان دەکرد، لەناو خودی خۆشمان هەژاندنێکی زۆر هاتەئاراوە، بەڵام ئۆجەلان (بیرکردنەوەیەکی سیستماتیکی هەیە) لەپەڕاوی کتێبەکانی کە بە(پەڕاوی پاراستن) هەمیشە ئەم بیرۆکانەی خستونەتهڕوو، لەبنهڕهتدا بانگەوازەکە بەردەوامی هەموو ئەمانەبوو، بۆیە بۆ ئێمەی سەرکردایەتی ئەم بزاڤە ئەوهندە نامۆ نەبوو، ئێمە لەڕوی ئایدۆلۆژییو هزرییهوه بۆ ئەمە ئامادەین، بەڵام سیاسەتی ڕۆژانە دەستنادات بۆ ئەمە، یاخود هێزمان تێری هەندێ شت ناکات، بۆیە لەبەرامبەری زۆر بەداخراوی دەمێنینەوە، نزیکبونەوەیەکی دیموکراسی هەیەو وادەزانی بەسیاسەت زۆر شت بەدەستنایەت، بەوهۆیەشەوە نیگەرانیەک ڕویدا، بەڵام ئێمە ئامادەباشیمان هەبوو، لەشوێنی خۆی وەڵاممان دایەوە، واته لەیهكى مارس ڕاگەیهنراوێكمان ههبوو، هەروەها ئاگربەستمان ڕاگەیاند وەک وەڵامێکی خێرا بۆ ئەم دۆخە، واتا تا ئەو ئاستە ئامادەباشیمان هەبوو.
چاکیر: بەهۆیەوە دابەشبونێک هەبوو، ئەویش کۆمەڵگهی نەتهوەپەرستی تورک کە بڕوایانوابوو هەموو ئەمانە لەدرۆ بەولاوە هیچی تر نینو نەتەوەپەرستی کوردیش ئێوەو ئۆجەلانیان بەخائین وەسفکرد..
کاڵکان: بەڵێ، گوێبیستی هەموو ئەمانەبوین، بەڵام لێرەدا ئۆجهلان دەڵێت، "ئەوەی من بۆ کوردم کردوە، تەنها خوداوەندە ستمکارەکان دەتوانن ئینکاریی لێبکەن"، دەبێ ئەمە بزانن کە لەکوردستانو لەماوەی 50 ساڵی ڕابردوو ئەوەی بۆکورد هاتوهتە ئاراوە بەڕێبەرایەتی ئۆجهلان بوە، بەخەباتو بیروباوەڕەکانی ئەوەوە خوڵقاوە، ئەمە هەرگیز کەس ناتوانێ ئینکاریی لێبکات، با ئێمە ئەم پرسیارە بکەین، ئەگەر ئەمە نەبوایە کوردایەتی بەکوێدەگەیشت؟ پهكهكه نەبوایە چارەنوسی کورد چی دەبوو؟ ئەگەر دەرکەوتنی ئۆجەلان نەبوایە، بۆ نمونە ئەگەر بگەڕێینەوە سەرەتای 1970کان، ئەمە نەبوایە دۆخەکە چى دهبوو، ئهى لەباکور چی دهبوو؟ لەباشورو ڕۆژهەڵات چی دهبوو؟ لەپێش هەموشیانەوەی دۆخی پارتى دیموكراتى كوردستان چی دهبوو؟ کە لەهەموان زیاتر خۆی خستە پەناگەی ئێمەوە، ئەگەر پارتى دوبارەبوهوه بهپارتى ئهوه بەپاڵپشتو بەهۆکاری ئەو پێشهاتانەی کە لەباکورەوە هاتنە ئاراوە بوهوه بهو حزبهى ئێستا، بەهۆیەشەوە بیری تەسکی نەتەوەپەرستەکان کە نەیانتوانیی زۆرشت بکەن، لەلایەک لەسەر ئەو دەستکەوتانە دەژین کە ڕێبەر ئاپۆ بەدەستیهێناون، لەلایەکی دیكهشهوه دهیانهوێت لەدژی بوەستنەوەو دوژمنایەتی بخوڵقێنن.
چاکیر: لەگەڵ هەموو ئەمانە پێمخۆشبوو بپرسم، تۆ یەکێکی لەدامەزرێنەرانی ئەم بزاڤەو کوردیش نیت، تۆ تورکمانى؟
کاڵکان: بەڵێ تورکمانم.
چاکیر: با بێینەسەر ڕای گشتیی تورکیا، بۆچی متمانەتان پێناکەن؟
کاڵکان: ئاساییە نەیکەن، چونکە کۆمەڵگهی تورکیا ساڵانێکە بەبیری تەسکی نەتەوەپەرستی گۆشکراوه، بۆ نمونە نزیکەی دوساڵە دوای بانگەوازەکەی باخچەلی، بەڵام لەدەرەوەی ئەمەدا هیچکەس هەڵوێستێکی وەهای نیشان نەداوە، بەتایبەت سیاسیەکانو ئەوانەی لەچواردەوری پرسی دیموکراسی هەڵدەسوڕێن هەڵوێستێکی ئەووتۆیان نەبوە.
چاکیر: لەتورکیا ڕایەک هەیە دەڵێ: گەمەیەکی ئەردۆغانەو ئۆجەلانو باخچەلیش بەشێکن لەم گەمەیە؟
کاڵکان: دەکرێ گەمەیەک بێت، ئێمە ناتوانین بڵێن گەمەیەک نییە، لەکۆتاییدا ئەمە کارێکەو هەرکەس بهگوێرهى شارەزاییو زانابونی خۆی کاردەکاتو مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات، بۆیە ناتوانین 100% بڵێن گەمە نییە، هەموو ئەوکارانەی کراون لەدەستپێشخەریو بانگەوازو پێکهێنانی لیژنەکان، ناکرێ بڵێن بەبیرۆکەیەکی هاوبەشو تێگەیشتنێکی هابەش بەڕێوەدەچن، بەمانایەکیتر هەریەکەو بهگوێرهى بیرۆکەو تێگەیشتنی خۆی بەڕێوەی دەبات، بەڵام ئەگەر گەمەش بێت ئایا دهرگا لەبەردەم سیاسەتکردن دەکاتەوە؟ ئیمکانیەتی ئەوە دەڕەخسێنێ کە شتێکی تازە بێتە ئاراوە؟ ئێمە بەمشێوەیە لێی دەڕوانین، دوای 26 ساڵ لەزیندانی ئێمراڵی لەئاپۆیان پرسی (نائومێد نەبوی؟) لەوەڵامدا وتی، "من مرۆڤێکم ئومێد دەخوڵقێنم"، شتەکان بۆ ئێمە بەمشێوەیەیه، ئێمە لەدرزێکی بچوکی دەرگاکانیش بێ، بەهیواوە دەڕوانین، لەقسەکانی ئێوە واتێگەیشتم کەدەبێ هەموو شتێ لەدەوڵەت چاوەڕێ بکرێت، هەموشتێک لەڕێگهی رێکەوتنەکانەوە بێتە ئاراوە، ئەمە هەڵوێستێکی ڕاست نییەو ئێمە 50 ساڵە بەخەباتو تێکۆشانو پشتیوانیی خەڵکی کوردستان دەستکەوتەکانمان بەدەستهێناوە، ئەگەر وابێ، کەواتە ئێمە هیچمان نەکردوە.
چاکیر: ئێوە لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی هاوشاری یەکترن، چیت هەیە بۆ باخچەلیو ئەوەی کە ئەنجامیداوه؟
کاڵکان: ئەوەی ڕاستی بێ کاتێک برادەران زانیاریی ئەوەیان پێداین کە لەناو هۆڵی پەرلەمان تەوقەی لەگەڵ کردوین، سەرسام بوینو لەنێوان خۆماندا گفتوگۆیەکی زۆر دروستبوو، دوایی گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە تەنها ئەوانەی شەڕدەکەن، دەتوانن ئاشتیی بەرپابکەن، بەمەش کاتێک شەڕ دەگاتە ئەم هەلومەرجانە، دەسپێشخەریەکەی باخچەلی شتێکی ئاسایی نەبوو، گرنگە ئەوانەی شەڕدەکەن بڵێن با شەڕ نەبێ.
چاکیر: وتتان 50 ساڵە خەبات دەکەن، ئەی چیتان بەدەستهێنا؟
کاڵکان: مەبەستت لەقۆناغی ئاشتیو دیموکراسییە؟
چاکیر: بەڵێ
کاڵکان: شتی هەرە گرنگ ئەوەیە کە لەئێستادا تورکیا گفتوگۆ لەسەر ئەمە دەکات کە پێشتر نەیدەکرد، کۆمەڵگهی کوردیش ئەمە گفتوگۆدەکات، واتا زمانی گفتوگۆ هاتوهتە ئاراوە، خەریکە نیگەرانیەکان کەمدەبنەوە، وەک دەزانرێ نزیکە 100 ساڵە ئەم کێشەیە هەیە، 50ساڵە پهكهكه خەباتدهكاتو 40 ساڵە بەبێ دابڕان واته لە1984 شەڕ دهكات، بەڵام قۆناغی شەڕی دوای 2015 قۆناغێکی هەرە دژواربوو سەبارەت بەخەڵکو نیگەرانی یەکجار گەورەی لێکەوتەوەو دەرهنجامەکانیش زۆر خراپبون، لەئێستادا کەمێک ئەم نیگەرانیانە خەریکە دەڕەوێنەوە، سەبارەت بەئێمەش گفتوگۆ دەکەینو قۆناغێکهو وهكو هەلی بەخۆداچونەوە مامهڵهى لهگهڵ دهكهین، لەم ماوەیەدا چیمان کردو چیمان نەکردوە، ئێمە ناڵێن کەموكوڕیمان نییە، بەڵام خەباتو تێکوشانێکی زۆر گەورەمان بەڕێوەبرد، هەروەها دەبێ ئەمە بزانین کە ئەم قۆناغە بواری خەباتو تێکۆشانی لەزۆر گۆڕەپانی جیاواز بۆ ڕەخساندوین، بۆ نمونە پێشتر خەباتو تێکۆشان تەنها سنورداربوو بەچەکو سهنگەرەکانی شەڕ، بەڵام ئێستا زۆر جیاوازەو لەهەموو بوارەکاندایە، واتا تێکۆشان نەوستاوەو بەرتەسکیش نەبوهتەوە، هەموو ئەمانە دەستکەوتی بەنرخن.
چاکیر: لەدواین لێدوانتان لە 11 ی تەمموز بۆ میدیاکانی حزبەکەتان لەگەڵ ئەوەی پێداگریی لەبەردەوامی قۆناغەکەدا هەبوو، بەڵام زیاتر لەشێوەی سکاڵاکردنێک وابوو، واتا وەک ئەوەی بڵێن ئێمە چەکەکانمان سوتاند، بەڵام لەبەرامبەردا ئێوە هیچ هەنگاوێکتان نەنا، شتێکی لەم بابەتەی پێوەدیاربوو..
کاڵکان: لێرەدا دەتوانم بڵێم کە ئەمە بەئیرادەی خۆمان ئەم ههنگاوانەمان ناون، بانگەوازێک کرا، خۆی لەخۆیدا نۆ ساڵ بوو شەڕێکی دژوار هەبوو، ئەگەر هەلێک بڕهخسێ بۆ سیاسەتکردن ئێمە هەمیشە ئامادەین، ئەم قۆناغە کە بەدەستپێشخەریی باخچەلیو بەدەنگەوەهاتنی ئۆجەلان بۆ داواکەی باخچەلی دەستیپێکرد، ئێمە ئەمەمان زۆر بەباشیو لەجێگهی خۆیدا بینی، دەتوانم بڵێم کە ئێمە تەنانەت بەمان بەدەسپێشخەرێکی درهنگوەختیش لەقەڵەمدا، چونکە هەندێ لایەنی دەرەکیو ناوخۆی هەبوو تورکیایان زۆر هاندا بۆ شەڕکردن، ئەمە لەئێمەوە سەرچاوەی نەگرتبوو، دوای ئەمە بۆ بەشداریکردن لەقۆناغەكه ئێمە بەئیرادەی خۆمان بڕیارماندا، کۆنگرەمان کردو بڕیارماندا، ئێمە دەمانەوێ لەناوخۆماندا گۆڕانکارییو نوێبونەوە ئەنجامبدەین، ئێمە لەسەر ئاستی ستراتیژیی گۆڕانکاریمان ئەنجامدا، ئێمە دەتوانین ئەوە بڵێین کە شەڕ هاوشێوەی پێشوو نابێت، ئەگەر بارودۆخێکی پێچەوانەی دیكه نەیەتە ئاراوە، ئێمە ئەو ڕێکخراوەین کە شەڕی چەکداریمان بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا وەستاندوە، واتا چیتر شەڕ ناکەین، بەڵام لەدۆخی ئێستادا ئەگەر هێرشمان بکرێتەسەر، هەڵبەتە پۆزسیۆنی خۆپارێزیی بەبنەما دەگرین، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێ ئەوەیە ڕێگە لەبەردەم سیاسیەتکردن بکرێتەوە لەناو سیاسیەتی دیموکراتیدا ڕۆڵمان هەبێت، بەمشێوەیەش دەتوانین خزمەتی بەکۆمەڵگەی کوردو تورک بکەین.
چاکیر: کاتیک باس لەسیاسەتی دیموکراتیک دەکەن، زۆر بەشێوەیەکی گشتگیر قسە دەکەن، بەڵام من زۆر مەبەستمە ئەوە بزانم، تۆ، وهكو جهمیل بایک، موراد قەرەیلانو چەندی دیكه دەتانەوێ بێنەوە تورکیاو بەشداریی کاری سیاسییو یاسایی بکەن؟
کاڵکان: بۆچی وانەبێ؟ نابێ شتێکی وا ڕوبدات؟
چاکیر: من دەپرسم؟
کاڵکان: بۆ نەبێ!؟ تۆ سەیری گەلێک ڕوداوی مێژویی لەجیهاندا بکەین، سەیری ڕوداوەکانی ناو تورکیا بکەینو هەڵسەنگاندن بۆ ڕوداوو پێشهاتەکانی 10 بۆ 20 یاخود 30 ساڵ لەمەبەر بکەینو هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، ئایا تورکیا هەر تورکیای جاران ماوە؟ واتا نەگۆڕاوە؟ بەڵی گۆڕانکاریی زۆر ڕویانداوەو دەکرێ ڕوبدەن، بەڵام پێشینەی ئێمە ئەوەیە کە ئۆجەلان بتوانێ مومارەسەی کاری سیاسیی بکات بەشێوەیەکی ئازادانە، خۆی لەخۆیدا ئەمە 26 ساڵە لەوێیە مافە یاساییەکان چین ئەوهمان دەوێت، لەمەزیاتر چیان دەوێت، ماوەی حوکمەکەی 25 ساڵەو ئێستا تهواوبوە واتا ئێستا لەیاسایی زیاتر بەسیاسەت دەپێورێت، ئەگەر بەپێوانی سیاسەت بپێورێت ئاپۆ ڕاستەخۆ دەتوانی مومارەسەی کاری سیاسیی بکات، لەم بابەتەدا پێویستە بڕیارێک بەئیڕادەیەکی سیاسیی بدرێت، بیانوەکە ئەوەیە کە هێشتا کۆمەڵگه گونجاو نییە بۆ ئەم بڕیارە، ئاخر خۆ کەس کار بۆ گونجاندنی لەکۆمەڵگه ناکات.
ئێمەتەنها دەتوانین کار لەسەر ڕای گشتیی کۆمەڵگهیی کوردی بکەین، ناتوانین لەسەر ڕای گشتیی تورکی کاربکەین، چونکە ڕێڕەوەکان بۆ ئێمە داخراون، ئەگەر بۆ ئێمە داخراوبن، بەلانی کەم بۆ ئاپۆ کراوەبن، کلیلەکە لەدەستی ئۆجەلاندابێت.
چاکیر: لەچوارچێوەی قسەکانی تۆدا ئەگەر من وەک ڕۆژنامەوانێک وەک چۆن لەگەڵ ئێوەدا ڕووبەڕوو چاوپێکەوتن ئەکەم، بچم لەگەڵ ئۆجەڵانیشدا چاوپێکەوتن بکەم. دەبێتە هێورکردنەوەو قەناعەت پێکردنی ئەوانەی کە دەڵێن ئۆجەڵان تیرۆرست و بکوژی منداڵی ساوایە. یاخود کین و نەفرەتیەکە زیاتر دەکات؟
کاڵکان: ئێمە باوەڕمان بەوەی یەکەمە. لەسەر ئەم بنەمایە باوەڕیمان وایەکە ئەگەر لەسەرەتادا کین و نەفرەتیشیان هەبێ، بەڵام پاشان دەڵێن بابزانین چی لەناو ئەم بابەتەدا هەیە، هەمومان مرۆڤینو دەکرێ بەمشێوەیە مامەڵە بکەین، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتەسەر ئاپۆ شتەکان زۆر جیاواز دەردەکەون، بەڕەهایی دەبێتە مایەیی گفتوگۆ قسە لەسەرکردن، من دڵنیاشم هەموو ڕایەکان لەسەر ڕابەر ئاپۆ زۆر پۆزەتیڤ دەبنو کەسیش ڕەتیناکاتەوە، واتا لەئاپۆوە گوێبیستی قسەو باسێک دەبن کە ڕەتیناکەنەوە، من لەو باوەڕەدام وەها ڕوبدات، با تاقی بکەینەوە، ئەگەر وانەبێ بۆ ئەوەندە ڕێگریی لێدەکرێ، ڕێگریی مەکەنو پێشی بەردەن، بەلایهنی کەمهوه با ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە لەشوێنێکی دیكهو ڕێگە بۆ میدیاکان بکرێتەوەو باقسە بکاتو بزانن کاریگەریی ئەرێنی دەبێت یان نا، ئەمە تەنها بۆ بۆ ئێمراڵی نییە، بەڵکو بۆ بەشێکی زۆری لایەنەکان لەتورکیا، بۆ ئۆپۆزسیۆنو ئەوانی تریش، ئەمە کرانەوەی کۆمەڵگایەکی دیموکراسیە، ئەگەر قسەی باش بکەن کاریگەریی باشی دەبێ لەپرسی دژەکوردبون لەناو کۆمەڵگهدا، ڕئبەر ئاپۆش دەتوانێ ئەمە بکات.
چاکیر: باسی ئۆپۆزسیۆنتان کرد، کە دەڵێین ئۆپۆزسیۆن لەسەروی هەمویانەوە جەهەپە دێت، دوای ڕوداوەکانی 19مارسی ساڵی ڕابردوو هەڵوێستێک هەبوو گوایە ئێمە بەدەردی خۆماندا کەوتوەو ناتوانێ بەدەردی کوردیش سەرقاڵ بین، ئێوە ئەمە چەند بەڕاست دەبینن؟
کاڵکان: دەردی ئەوان چییە؟ پێمباشە جارێکی تر چاوخشاندەوەیەک بەدەردەکانی خۆیان بکەن، ئەوان نغرۆی چوارچێوەی حزبایەتیەکی بەرتەسک بوبونو جەهەپەیان هێنایە ئەم دۆخە، ئەگەر لەگەڵ دەسەڵات ئەوەندە نەکەوتانایە ناو ململانێ لەسەر دەسەڵاتو هەندێ لەو پرسە گرنگانەی ناو تورکیا نمونەی پرسی دیموکراسی، پرسی کوردو پرسی ئاسایشی تورکیایان هێنابایە بەرباس، جەنگ لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرچاوانە، دەیانتوانی لەم خەلەکە تەسکەدا ڕزگاریان ببێ، تورکیا لەئێستادا بەردەوام لەژێر هەڕەشەی ئاسایشدایەو لەهەرچوادەوری شەڕو جەنگەو ڕۆژانە کاریگەری تەواو دەکاتەسەر تورکیا، کەچی ئۆپۆزسیۆن لەشەڕی دەسەڵات وەرگرتندابوو، بۆیە نەیتوانیی هیچ هەنگاوێک بنێن.
چاکیر: کە باسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستت کرد، من بەشێکی زۆر نوسراوەکانی چاوپێکەوتنەکانی ئۆجەلانم خوێندونەتەوە، ئۆجەلان لەسەرهتاوە باسی شتێکی وەک بەغەزەب بون دەکات وەک ئێوەش ئاماژەتان پێدا، باسی شەڕى هەژمونگەرایی لەڕۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، باسی کاریگەرییەکانی ئیسرائیل لەسەر بزاڤەکەی ئێوەو تەنانەت لەنوسینێکدا ژماردم ئۆجەلان 15جار ناوی ئیسرائیل دەهێنێ، ئەم مەسەلەیە چییە؟ ئایا ئیسرائیل دەیەوێت تەماستان لەگەڵدا دروستبکات؟ ئایا دەیەوێت ئێوە وەک کارتێک لەناوچەکەدا بەکاربهێنێ؟
کاڵکان: لەئێستادا کێشەکە تەنها ئێمە نین، واتا تەنها کوردەکان نین، لەناوچەکەدا ئەو ستاتۆکەی کە100 ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە هەڵدەوەشێتەوەو دەڕوخێ، 100 ساڵ لەمەبەر چی دامەزرابوو؟ ستاتۆکهی دەوڵەتی نەتەوەبوو، ئەمەش لەسەرەتا لەتورکیاو ئێرانهوه شێوەی وەرگرت.
واتە هێزە پێشەنگەکان لەناوچەکەدا تورکیاو ئێران بون، ئێستا بەپێشەنگایەتی ئیسرائیل پێشدەخرێت، ئیسڕائیل لەگەڵ عەرەبەکان ڕێکەوتنێکی کردوە، عەرەبەکانیش پێشکەوتن بەخۆیانەوە دەبینن، واتا لەگەڵ سعودیهو میسر لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی ئیبراهیمی پارسەنگی ڕێکەوتنی نێوان عەرەبو ئێسڕائیلیەکانە، بەڵام لەواقیعدا لەسەر بنەمای بەهێزبونی هەژمونی ئیسرائیل بەرەو پێشدەچێت، بەبەهێزبونی هەژمونی ئیسرائیل تێیدا هەژمونی هەندێ لەوڵاتی عەرەبیش بەهێز دەبێ، چونکە ئەوسەردەمە عەرەبەکان دەوڵەتی پلەدویان بۆ دروستکران، بەوپێیەش هەژمونێكى تازە لەدروستبوندایە، زۆر بەڕونیی کاتێک ئەمە دەکرێ بەپلەیەک ئەمریکای لەپشتەوەیە، هەموو وڵاتانی ئەوروپاش لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریەدان، کاتێک دەنگێکی پێچەوانە لەئینگلتەرەوە هات، ڕاستەخۆ ئەمریکا موداخەلەی کرد، گۆڕانکارییهکی گەورە هەیەو هەموانیش لەناویدان، لەتورکیا 24 کاتژمێر لەکێشمەکێشمدایە لەگەڵ ئیسرائیل، لەهەمانکاتیشدا پەیوەندییو ڕێکەوتنیشیان هەیە، لەئێستاشدا کاتێک ستاتۆی دەوڵەتی نەتەوە لەگۆڕێ هەڵدەگیرێت، لەڕابردودا ئەم ستاتۆى دەوڵەتی نەتەوەیه لەهەموان زیاتر دژ بەکوردبوو، کردی بەهیچ لەقەڵەمدرا لەنێوان دەوڵەتە نەتەوەکانی دیکەدا پارچە پارچەکردو بەسیاسیو سەربازیی توشی ئینکارو زەمینەی لەناوبردنی کوردی هێنایە ئاراوە.
ئەم گۆڕانکاریانە دینامیکی کورد دەخاتەڕوو، هێزی کورد دەخاتەڕوو، کاریگەریی کورد لەم قۆناغەدا دەخاتەڕوو، ئێستاش ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت گۆڕانکاریی بکەن، پێویستیان بەم دینامیکەی دەیەوێت ئەم هێزە لەلای خۆیان بێت، ئیسرائیلیش کاتێک دەیەوێت ئەمەبکات، بۆخۆی بەپێویستی دەزانێت، نەک تەنها ئیسرائیل، بەڵکو تورکیا هەمان شت دەکات، خۆی لەخۆیدا لەکۆنەوە ئەو هێزانە هەن کە لەخۆیانەوە نزیکبنو پەیوەندیی باشیان لەگەڵیاندا هەیە، ئەمەش هەموکەسێ دەیزانیو تورکیاش ئەمە دەزانێ، بۆ نمونە تورکیا ڕێکەوتنی لەگەڵ ئەو هێزانەدا هەیە کە پەیوەندیی نزیکو مێژویان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، من سەرم سوڕماوە بۆچی تورکیا چاوخشاندەوەیەک بەسیاسەتی ئێستادیدا ناکاتەوە.
چاکیر: باهەندێکیش بێینەسەر قۆناغی چارەسەریی، وەک دەزانرێ لەم مانگەدا بڕیاره پاکێجێکی چوارچێوەی یاسایی بێتە ناو پەرلەمان، بەڵام لەکەناڵەکانی ئێوەوه، یاخود ڕاستترە بڵێن لەلایەن ئێوەوە زۆر هەندێ لێدوانی کە لەشاخەوە هەن وەک "ناوەڕۆکی ئەمە نازانین، ئاگادارنینو دەیانەوێت وەک ئەمری واقیع بەسەرماندا بسەپێنن" هێشتا هەمان هەڵوێستان هەیە؟
کاڵکان: ئێمە ناڕەزایهتیمان لەبەرامبەر دەرکردنی یاسا نییەو بەتەوەوەی بەپێچەوانەوە ئێمە پێمانوایە بۆ ئەمکارە زۆر درهنگیش کەوتونو دەکرا زوتر دەستوبرد لەم مەسەلەیە بکرایە، بەڵام ئەوە بەمانای ئەوەنییە کەتهنها یاسا دەربچێت، جا ئەو یاسایە چی ئەبێو چۆن ئەبێ، باببێت، ناوەڕۆکەکەی زۆر گرنگەو هەروەها شێوازەکەشی زۆر گرنگە، بۆ نمونە وهفدى دەم پارتی دەچێت بۆ ئیمڕاڵیو چاوپێکەوتن دەکاتو لەوێش بەناوی دەوڵەتەوە لەگەڵیان دادەنیشن، دەرئەنجامەکانی وەک زانیاریی بەدەستی ئێمە دەگاتەوە، بێگومان ئەوانەی چاوپێکەوتنەکان دەکەن زانیاریی بەئێمە دەدەن، خۆ ئێمە ڕاستەوخۆ لەچاوپێکەوتنەکان بەشدارنین، بەڵام هیچ دەقێک یان نوسراوێکی ئەم دیدارانە بەئێمە ناگات، بەوپێیەش هەندێ پلانسازی دێتە ئاراوە، بۆ نمونە دەبوایە لەمانگی مایس پلانێک جێبەجێبکرێت نەکرا، ئەمە ئێمەی نیگەرانکرد، ئەم پلانە بۆ مانگی حوزەیران تازەکرایەوەو بڕیاربوو لەدوای جەژنی قوربان، پێشئەوە سەبارەت بەیاساکە لە27 حوزەیران ئاپۆ نوسراوێکیدابوو ڕاوبۆچونی خۆی سەبارەت بەیاساکە خستبوەڕوو، دەمپارتیش ئامادەبوو هەروەها ئاکپارتیش ئامادەکاریدەکرد، دەبوایە دوای جەژن کۆببنەوە هەرسێ ڕەشنوسەکە گفتوگۆی لەسەربكرایهو بگەیشتنایهته کۆتاییو بەبێ گیرۆدەبون لەنێوان سێ ڕۆژدا بچونایهته ئیمڕاڵیو لەوێ بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرایە، دەبوایە زانیاریی بۆ ئێمەش بهاتایە، بێگومان بگهیشتایهته ئاپۆ زانیاریی بۆ ئێمە بەشێوەی نوسراو بەڕێدەکرد، ڕاوبوچونی ئێمەی دەویستو بەلایەوە گرنگبوو، تەنانەت ڕەنگە داوای ئەوەی بکردایە کە وهفدێك لەڕێخستنەکان (مەبەستی سەرکردایەتی قەندیل) بچێت بۆ ئیمراڵی لەوی بگەیشتینایە بڕیاری هەرە کۆتایی بۆ هەموو ئەم پرسانە، لایەنی دەوڵەت واتا ئەوانەی لەگەڵ ڕابەر ئاپۆدا کۆدەبنەوە لاریان لەهەموو ئەمانە نەبوو، بەڵام هەمدیسان هیچ کام لەمانە جێبەجێنەبوو، بەڵام جەژن تێپەڕیو گەلێک کات تێبەڕی لەژێرناوی یاسادا هیچ دەرئەنجامێد نەخرایەڕوو، ئەمانە هەموی دەگوترێن، بەڵام لەکرداردا هیچ نییە، دوایین شت ئاکپارتی لەگەڵ دەمپارتی كۆبونەتەوە (ئاڤگان ئالا سەرۆکی نوسینگەی ئەردۆغان) دەوترێ ڕەشنوسێک پێشکەشدەکرێت، کراوە نەکراوە؟ هیچ ڕونکردنەوەیەک نییە، ئەگەر بهگوێرهى پلانی بۆ دارێژراوە قۆناغەکە کاری بۆ بکرێت، ئێمە هیچ لاریەکامان نییە.
چاکیر: چی ڕودەدات؟
کاڵکان: ئەنجامێک سەرهەڵدەدات، دەچێتە پەرلەمان، یاسایەک دەردەچێت، پاشان سەیری دەکەینو بەوپێیە بڕیار دەدەین، ئەگەر لەسەرەتاوە ئەمە بکرێت، ئەوا ئێمەش بەشداردەبین.
چاکیر: دەزانم کە لەپڕۆسەکەدا، واتا پڕۆسەی دانوستانی دەوڵەت لەگەڵ ئۆجەلان، تۆو هاوڕێکانت دەرفەتی ئەوەتان بۆ ڕەخساوە لەگەڵ ئۆجەلان قسەبکەن، ئەم ڕاستە
یان درۆیە؟
کاڵکان: ناکرێ بڵێین درۆیە، هەروەها زۆریش ڕاست نییە، چونکە لەپرسێکی وەها گرنگدا دەبوایە زۆر لەوەزیاتر گفتوگۆی لەسەر بکرایە، شتگەلێک هەبون دەبوایە لەئاستی زۆر پێشکەوتودا ئەنجامبدارانایا، بەڵام نەتوانرا ئەنجامبدرێن.
چاکیر: کەواتە ئەگەر یاسایەک دەرچوو و ئۆجەلانیش ئۆکەی لەسەرکرد، ئایا ئێوە پابەند دەبن پێیەوە؟
کاڵکان: زانیاریی بۆ ئێمە دێت، ڕێبەر ئابۆ زانیاریىو نەخشەڕێگهکە وەک ڕەشنوس بۆ ئێمە دەنێرێو ئێمەش ڕای خۆمانی لەسەر دیاریدەکەین.
چاکیر: لێرهدا شتێکم بینی، واتا لەقەندیل بهگوێرهى ئەوەی هەلی ئەوەم بۆ ڕەخسا لەگەڵ زۆرێک لەهاوڕێکانت قسەبکەم، ئەوەم بینی کە نائومێدیەک هەیە سەبارەت بەپڕۆسەکە، بەڵام هەمویان دەیانەوێت متمانە بەهەنگاوەکانی ئۆجەلان بکەن، بەلانی کەم من وەهایی دەبینم.
کاڵکان: ئەمە ڕاستە، ئێمە کاتێک بڕیاری بەستنی کۆنگرەی 12شدا بەمشێوەیەبوو، ئەوکاتە ئێمە وتمان ئەگەر دەیانەوێت ئێمە کۆنگرە ببەستین ئەوا دەیبەستین، بەڵام هیچ بڕیارێکی تێدانادەین، ئاسان نییە بۆ ئێمە چەند سەدکەسێک کۆببینەوەو کۆنگرەیەک ببەستین، بەڵام لەوێ چ بڕیارێک دەردەچێت؟ ئەوە ئێمە نایزانین، ئەگەر بینەوێت بزانن چ بڕیارێک لەکۆنگرەکە دەربچێت، تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانیی ئەم بڕیارە دەربکات، بەڵام وتیان ئێوە کۆنگرە ببەستن پاشان ڕێنمایی هاتو وەک (ڕێنمایی کۆنگرەو پێشەکییەک بۆ مانیفێستی قۆناغەکە) هات، هەروەها پەیامێکی کورتی ڤیدۆیی هاتو لەسەر ئەم بنەمایەش ئاپۆ پێیڕاگەیاندین کە کۆنگرە بکەینو بڕیاربدەین، ئێمەش کردمانو بڕیارماندا، ئەم بڕیارەش لەئێمە داواکراوبوو جێبەجێمان کرد، بەڵام لەمە بەدواوەو چۆنیەتی بەپڕاتیکردنی پۆسەکە تەنها ئاپۆ دەتوانی بیکات، بڕیارەکامان بەمشێوەیە بۆ ڕای گشتیی بەیان کردو بەمشێوەیەش بۆ ڕێبەر ئاپۆمان نارد بۆ ئێمڕاڵیو وتمان: ئەوەی لەئێمە داواکراوە جێبەجێمان کردوە، بەڵام بڕیارێکی دیكه هەیە کە ئێمە خۆمان داومانە، ئەویش ئەوەیە کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە لەسەر ئاستی پڕاتیک کردار تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانی جێبەجێیان بکاتو بەڕێوەیان ببات.
ئێمە ناتوانین بیخەینە کردارەوە، هێزی ئێمە تێری ئەمە ناکات، لەئێستاشدا ئەوەی هاوڕێکانمان باسیان کردوە پێناسەیەکە لەم ڕاستیە، ئێمەش هەمان شت دەڵێن کە ئەمە هەم ڕێگه ڕاستەکەیەو هەم ئەوەی كه پێیى دهوترێت ڕێگهى دروست، لەڕووی دەسەڵاتیشەوە ئەمە ڕێگه هەرە ڕاستەکەیە، چونکە بەدەر لەڕێبەر ئاپۆ هیچ کەسی تر ناتوانێ هیچ بڕیارێک بهپهكهكه بدا،. جا بگرە لەقۆناغێکی لەمشێوەیە هیچ کەس ناتوانێ قەناعەت بەهێزێکی شەڕکەر بکات کە دەستبەرداری چەکەکانی بێت، من پێشتر لەپێنج چاوپێکەوتنی دیكه ڕامگەیاندوەو لێرەش ڕایدەگەیهنم، لەئێمە داوا مەکەن، چونکە ئێمە ناتوانین، دەتوانین بیکەین، نەخێر ناتوانین بیکەین، چونکە هەرکەسێک ڕۆڵێکی خۆی هەیە، سنورێکی هەیە بۆ ئەوکارانەی کە دەسەڵاتو توانای بەسەریاندا هەیە، ئەگەر بڵێن با جەمیل بایک یان موراد قەرەیلان بێت ئەمەبکات، ئهگەرچی دەتوانن بیکەن، بەڵام بۆ بیکەن؟ ئەی ئیشی ئۆجەڵان لەوێ چییە؟ 26 ساڵە لەزیندانی ئیمراڵیدایە، بەئاسانی دەتوانن بڕیاربدەنو لەوی دەریبهێنن، ئەمە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارەو پێشتریش زۆرکەسی بەمشێوەیەوی دەرهێناوە، لەڕوی یاسایشەوە دەتوان بەپشتبەستن بەبڕیارەکانی دادگایی مافەکانی مرۆڤ لەئەوروپا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەربکەن، لەڕوی یاساییو سیاسیشەوە هیچ بەربەستێک نییە کە ئۆجەلان ئازادبکرێتو مومارەسەی کاری سیاسیی بەشداریی چالاکی سیاسیی ببێت ئازادانە.
چاکیر: من جارێک لەگەڵ کەسایەتیهكى ئەکادیمی کورد، بەڵام لەپارتەکەی ئێوە نەبوو، گفتوگۆم کردوە لەمبارهیەوە، ئەو وتی: دەوڵەت دەیەوێت تا ئۆجەلان خۆی لەژیاندایە، ئەم پرسە لەگەڵ ئەودا چارەسەربکات، وەک ئێوەش وتتان دەرەوەی ئۆجەلان هیچ کەسی تر ناتوانێ وەها بڕیاری بەکۆمەڵتان پێبدات، واتا بڕیاری چارەنوسسازی لەمشێوەیە؟
کاڵکان: بەڵێ، بێگومان ئەمە نیشاندەری دۆخی ڕاستەقینەی ئێمەیە.
چاکیر: دوای بانگەوازەکەی 27 شوبات ئێوە ملکەچی بڕیارەکەبونو ڕێکخستنەکانتان هەڵوەشاندەوە
کاڵکان: کۆتایمان بەخەباتی چەکداریی هێنا، واته ستراتیژمان گۆڕیى.
چاکیر: بەوپێیەی ڕێکخستنهكهتان هەڵوەشاندەوە، بەڵام هێشتا هەن؟ ئەم بونەتان لەژێر چ ناوێکدایە؟
کاڵکان: یەعنی بڕیاری هەڵوەشاندەوەمان داوە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی دەبێ هەنگاوی لایەنی بەرامبەریش هەبێو پێشی بۆ واڵا بکرێت.
چاکیر: واتا بڕیارێک هەیەو هێشتا نەچوهتە بوارى جێبەجێکردنهوه، ئەمەش پێویستی بهكات ههیه؟
کاڵکان: بۆ جێبەجێکردنی پێویستە ڕێکخستنەکان گۆڕانکارییو خۆنوێکردنەوە ئەنجامبدەن، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەش پێویستی بەسازکردنی زەمینەی یاساییو مرۆیىو سیاسیی هەیە،
ئەم ڕێکخستنە پێکهاتەیەکە لەکۆمەڵێک مرۆڤ، خۆ ئەم گۆمەڵە مرۆڤە نابن بەهەڵم! بەجارێک بەئاسماندا بڵاونابنەوە، ناکرێ ئەمە بکرێو دەژینو بونیان هەیە، بەمشێوەیە ئەگەر کەسانێک هەبن واچاوەڕوان بکەن کە دوای ساڵانێک لەخۆ هەڵوەشاندنەوە پەرشوبڵاو دەبنو کۆتاییان پێدێت، ئەوا خەیاڵیان خاوە، ئەم ڕێکخستنە پەرشووبڵاو نابێت، تەنها دەگۆڕێتو خۆی نوێدەکاتەوە.
چاکیر: ئێستا باس لەئەنتگراسیۆن دەکرێت، چۆن دەبێت؟
کاڵکان: ئەم پرسە بەتاکە کەسەکانەوە وابەسته نییە، لەڕوی مەفهومەوە ئەنتگراسیۆن وەک یەکگرتنی کۆمەڵێک بەش لەناو خەلەکێکی گەورهتردا وایە، ئەتگراسیۆنی دیموکراتێک دەبێ لەچوارچێوەی بنەماکانی دیموکراسیادا بێت.
چاکیر: زیاتر دەمەوێت پرسیار لەوەبکەم، تاکەکان وەک ئەو ماسیەی لەناو ئاو دەرهاتویان لێنایەت؟
کاڵکان: نا بۆ وابێ! ئەگەر زەمینەیەکی دیموکراسیی سازبکرێت، ئەوتاکانە بتوانن بەناسنامەی خۆیان بەشداریی کاری سیاسیىو ڕێکخراوەیی بکەن، بەردەوامدەبن لەخەبات، گۆڕانکارییو نوێبونەوەیان بەسەردادێت، ئێمە لەمێژوی خۆماندا تەنها ڕێکخراوێکی چەکداریی نەبوینە، هەرچەندە زۆربەمان وەک چەکدار ماینەوە، بەڵام بەشی زۆری ئەوانەی ئێستا چەکیان بەدەستەوەیە لەناو خەباتی مەدەنیو لەناو کۆمەڵگهدا کاریانکردوەو بەرکەوتیان لەگەڵ کۆمەڵگادا بۆ دروستبوە، ئێمە هەرگیز خۆمان لەناو بزاڤێکی چەکداریدا قەتیس نەکردوە، بەڵکو لەهەمانکاتدا بزاڤێکی کۆمەڵایەتیش بوینە.
وەک ڕێبەر ئاپۆش باسی لێوەکردوە، کاتێک ئەوان دەڵێن ( ڕاهبیتاسینۆن) واتا ( التاهیل)یان بکەین، ئەو لەوەڵامدا دەڵێت پێویستیان پێی نییە.. ڕەنگە ئامادەکاری پێویستبێ بۆ ئەمە، چونکە بەشێکیان ماوەیەکێ درێژە لەچیاکان ماونەتەوە وپێویستیان بەسیستمێکی پەروەردەیی هەبێ، بەڵام بەئاسانی دەتوانن تێکەڵی بەکۆمەڵگا ببنەوە، بەڵام ئەگەر پێمان بڵێن ئێوە ناتوانن مومارەسەی مافی سیاسیی بکەن بەناسنامەی خۆتانو مافی ڕێکخراوەیتان نییە .. ئەوکاتە بۆ ئێمە تهنها ڕێگهی بەندیخانە نیشاندانهو نمونەی ئیمڕاڵی لەپێش چاوە.
چاکیر: بابگەڕێینەوە سەر پرسی ناوچەکە، ئێوە پێشتر ئەزمونێکی سوریاتان هەیە، بەڕونتر بڵێم، پشتیوانیتان لەئەمریکاو بەشکێکیش لەئیسرائیل وەردەگرتو ئەم ئەزمونەش ماوەیەکی درێژبوو هەبوو، بەڵام لەکۆتایدا لەنیوەی ڕێگه جێیانهێشتن؟
کاڵکان: هەموو کەس دەتوانێ واز لەیەکتری بهێنێ، ئەمە پەیوەستە بەپەیوەندیەکانو ڕێکەوتنە سیاسیەکانەوە، بەڕای من لەڕۆژئاوادا ئەم ڕێکەوتنانە کورتخایەن نەبون، بەڵام زۆریش درێژەیان کێشا، لەوانەبوو زوتریش کۆتای پێبهاتایە، ئەمانە هەمووی پەیوەندییو رێکەوتنی تاکتیکی بون. ئەوانەی بەمشێوەیە لێی تێنەگەیشتوبون هەڵەیانکردو زەرەریان کرد، هەموو ئەو لێکەوتوو زەرەرانەی لەڕۆژئاوا هاتنە ئاراوە سەرچاوەیان لەبەباشی تێنەگەیشتن لەمجۆرە ڕێکەوتنو پەیوەندیانە هاتنه کایەوە، بەهەڵە تێگەیشتبون، هێزەکانی خۆیان ئامادەنەکردبوو، یانیش ڕاستر بڵێین متمانەیان بەهێزەکانی خۆیان نەکردبوو، دەرئەنجام کەوتە تەڵەوە، ئەگەر وانەبوایە بەبۆچونی من دەکرا پێش لەمەبگیرێتو ئەودۆخە دروستنەبوایە. ساڵی 2019ش ئەوکاتە سەرۆک ترهمپ وتی، "لەسوریا دەکشێینەوە"، ئەوکاتە زۆرێک لەهاڕێکانمان بڕوایان بەکشانەوهی ئەمریکا کرد لەڕۆژئاواو کەوتنە پەڵەقاژەوە، ئەوکاتەش من نوسیم: مەترسن پاشەکشێ ناکات، ئێستاش کاتی نەهاتوە پاشەکشێ بکات، بەڵام بەمانای ئەوەنییە کە هەرگیز پاشەکشێ ناکەن، لەم چوارچێوەیەشدا پەیوەندیەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەمانەدا هیچکاتێک نەبوە بەپەیوەندیەکی ستراتیژیی، بەڵام دیسان هاوڕێیانمان ئێستاش دانیشتنو یەکتربینیان هەیە لەپاریسو ئەڵمانیا، هەرکەس بهگوێرهى بەرژەوەندیەکانی خۆی کاردەکات. ئێمە سەبارەت بەکورد لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوهێزە نین وابەستەبین بەهێزە دەرەکیەکان، هیچ کاتێکیش پەیوەندییو ڕێکەوتنمان ڕەتنەکردوهتەوە، بەڵام بەپلەیەک پشت بەگەلانی ناوچەکە دەبەستین.
چاکیر: باس لەوەدەکرێت کە لەسەر پرسی ڕۆژئاوا ئەوکاتە لەنێوان ئیمڕاڵیو قەندیل ناکۆکیەک دروستبوو، لەڕێگهی وهفدى دەمپارتی نێوەندگیریەک هەبوو؟
کاڵکان: من نازانم ئەوکاتە تاچەند زانیاریی ڕاستو دروست دەگەیشتن بەئۆجەلان، هیچ شتێکی ئەووتۆی نەگەیشت بەئێمە، بەڵام ئەگەر زانیاریمان هەبوایە، بۆچونی جیاواز نەدەبون. دەمانتوانی بەپێی بۆچونەکانی ئۆجەڵان هەڵسوکەوت بکەین، بەڵام کاتێک نەبوو، ئێمەش بەپێی تێگەیشتنی خۆمان هەوڵی چارەسەرکردنماندا. ئەوی لەبنەمادا شتەکانی ئیدارەدەداو هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرد ئیدارەی ڕۆژئاوابوو، لهوێ ئیدارهیەک هەبوو، لەوێ ئیدارەیەکی سەربەخۆ هەبوو ئەنجومەنێکی باڵای نیشتیمانی پێکهاتبوو، تورکیا موداخەلەی کردو دەرئەنجام بەمشێوەیەیی لێهات، وەک وتتان ئەو هێزانهى پشتیوانی کوردیان دەکرد لەلەندەن کۆبونەوەو ئەمجارە دەرگاکانیان بۆ تورکیا واڵاکردوەو لەئەساسدا هاتنی جۆلانیش بۆسەر دەسەڵات بەمشێوەیە بوو.
چاکیر: بابگەڕێینەوە بۆ تورکیا، لەبارەی سەڵاحهدین دەمیرتاش چی دەڵێیت؟
کاڵکان: دەتەوێ چی بڵێم؟
چاکیر: تۆ دەزانی! دەربچێت، دەرنەچێت، لەم قۆناغەدا دەتوانێ ڕۆڵێکی چۆن ببێنی؟
کاڵکان: خۆی لەخۆیدا لەڕوی یاساییەوه بڕیاردراوەو دەبێ دەربچێت، مانەوەی تائێستا هەڵوێستێکی سیاسییە، نەک تەنها بۆ دەمیرتاش بۆ هەموو زیندانیانی سیاسی دەرچونیان زۆر گرنگەو دەتوانن ڕۆڵی گرنگ لەپڕۆسەکەدا ببینن، دەمیرتاش هەمیشە دەتوانێ ڕۆڵی زۆر گەورەببێنێ، ئەمە بۆ فیگەن یوکسەکداغیش ڕاسته.
