دارایی هەرێم ڕونكردنەوە لەدامەزراندنی بانكی نیشتیمان دەدات

کوردستان

19/07/2026‌ 321 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاوێژکاری یاسایی و ڕاسپێردراوی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتیمان ڕایگەیاند، هەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکەکە لەقۆناغی جێبەجێکردندان و هۆشداری دەدات و دەڵێت، هەر زانیارییەک لەدەرەوەی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی وەزارەت بڵاوبکرێتەوە، دورە لەڕاستییەوە و بەرپرسیار نین لێی.


هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی و ڕاسپێردراوی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتیمان، لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ماوەیەکە چەندین هەواڵ و لێدوان و بابەتی ڕۆژنامەوانی لەسەر هەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتیمان و ئەو خزمەتگوزارییانەی لەداهاتودا پێشکەشیان دەکات بڵاودەکرێنەوە، کە زۆرجار زیادەڕۆیی و ناڕاستییان تێدایە.

ڕونیشیکردەوە کە لە ئێستادا پرۆسەی دامەزراندنی بانکەکە لەقۆناغی جێبەجێکردن و تاقیکردنەوەدایە، هاوکات چاوپێکەوتن بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەشەکان و فەرمانبەران بەڕێوەدەچێت.

جەختی لەوەش کردەوە کە هەر زانیاری و بەرەوپێشچونێک لەسەر قۆناغەکانی داهاتوی بانکەکە هەبێت، بەفەرمی لەلاپەڕەی وەزارەتی دارایی بڵاودەکرێتەوە.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،" هەر کەس و لایەن و بەرپرسێک لەوەزارەتە جیاوازەکان لێدوان و شیکردنەوە لەسەر هەنگاوەکانی ئەو بانکە بدات، گوزارشت لەڕای خۆی دەکات و وەزارەت بەرپرسیار نییە لێی.