عێراق.. ئامادەکاریی بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانی 127 کەسایەتیی گەندەڵ دەکرێت

عیراق

19 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەکی حکومیی لەبەغدا ڕایگەیاند کە لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، خەریکی ئامادەکردنی لیستێکە کە نزیکەی 127 کەسایەتیی لەخۆدەگرێت کە تێوەگلاون لە بەقاچاخبردنی پارەی گشتی و دەستبەسەرداگرتنی خانوووبەرە و دارایی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ گێڕانەوەیان.

 
سەرچاوەکە بەپێگەی "شەفەق  نیوز"ی راگەیاندووە کە لێژنەکە لە ڕێگەی تیمێکی پسپۆڕەوە بۆ چاودێریکردنی پارە دزراو و قاچاخکراوەکان، دیارترین ئەو کەسانەی دەستنیشان کردووە کە لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون، لەگەڵ ئەو خانووبەرە و داراییانەی کە دوای ساڵی 2005 بە پارەی گشتیی کڕدراون.

سەرچاوەکە ڕوونیکردۆتەوە کە لێژنەکە لیستێک ئامادە دەکات کە نزیکەی 127 کەسایەتی لەخۆدەگرێت کە خاوەنی خانووبەرە و دارایی کڕدراو بە پارەی عێراقین لە وڵاتانی کوێت، تورکیا، ئیمارات، لوبنان، قەتەر، ئوردن، عومان، ئێران، و چەند وڵاتێکی ئەفریقایی و ئەوروپی.

ليژنەکە ئەو موڵکانە سەرژمێریی دەکات و بەهاکانیان دەخەمڵێنیت بۆ دەستبەسەرداگرتنیان، و ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەندێک لە تێوەگلاوەکان خاوەنی هاوینەهەوار و هۆتێلی گرانبەهان.

حکومەتی عێراق لە 28ی حوزەیرانی ڕابردوودا هەڵمەتێکی لەژێر ناوی قۆناغی یەکەم بۆ گێڕانەوەی پارەی گشتیی دەستپێکرد کە دەستگیرکردنی بەرپرسان و پەرلەمانتاران و بازرگانانی لەخۆگرت.