شارپرێس:
ساڵانێکە شەربەتی چەوەندەر وەک بەرزکەرەوەی ئاستی توانى وەرزشکردن بە شێوەى سروشتی بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵام بەڵگە زانستییەکان لەسەر کاریگەرییەکەی ناکۆک بوون. ئێستا، شیکارییەکی گەورە کە لە ساڵی ٢٠٢٦ لە ٣٣ توێژینەوە و داتای زیاتر لە ٥٠٠ وەرزشکاری پیشەگەر و ئاماتۆر ئامادە کراوە، بەهێزترین بەڵگە دەخاتە ڕوو کە پشتگیری لەکاریگەرییەکانى شەربەتى چەوەندەر دەکات.
ئەنجامەکان دەریدەخەن کە خواردنەوەی شەربەتی چەوەندەر پێش ڕاهێنان یان پێشبڕکێکان دەتوانێت توانای ئەنجامدانی وەرزش بە شێوەیەکی پێوانەیی زیاد بکات. نهێنییەکەشی لە نیتراتی سروشتیدایە کە لە چەوەندەردا هەیە. لەش نیتراتەکان دەگۆڕێت بۆ ئۆکسیدی نیتریک، کە مۆلیکولێکە بۆرییەکانی خوێن فراوان دەکات، ئەمەش ڕێگە بە ڕۆیشتنی خوێن و ئۆکسجین و ماددە خۆراکیەکانی زیاتر دەدات تا بگاتە ماسولکەکان. هەروەها کارکردنی مایتۆکۆندریاکان باشتر دەکات، کە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وزەی خانەکان و ڕێگە بە ماسولکەکان دەدات وزەی زیاتر بەرهەمبهێنن لەکاتێکدا ئۆکسجینی کەمتر بەکاردەهێنن.
توێژینەوەکە دەریخستووە وەرزشوانان زۆرترین کاراییان دەبێت کاتێک ٧٠ بۆ ١٤٠ ملیلیتر شەربەتی چەوەندەر یان ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ ملیلیتر ئاوی چەوەندەری ئاسایی نزیکەی دوو کاتژمێر پێش وەرزشکردن دەخۆنەوە. ئەمەش کات دەدات بە جەستە بۆ گۆڕینی نیتراتەکان بۆ ئۆکسیدی نیتریک. توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە خواردنەوەکە لە کاتەکانی تردا، بەتایبەتی نزیک لە دەستپێکی پێشبڕکێکە، کەمتر کاریگەری دەبێت.
هەروەها توێژینەوەکە پێشنیاری ئەوە دەکات کە شەربەتی چەوەندەر ڕەنگە سوودی زیاتری هەبێت بۆ وەرزشوانانی تازەکار لە چاو وەرزشوانە پیشەگەرەکاندا، بەوپێیەى جەستەی وەرزشوانانی پیشەگەر تاڕادەیەکی زۆر لە ڕێگەی ڕاهێنانی بەردەوامەوە کارایی باشترە. بەڵام خواردنی شەربەتی چەوەندەر هێزی ماسولکەکان زیاد کرد و ماندوێتی دوادەخات لەو وەرزشانەی کە پێویستى بە خێراییەکى زۆرە، هەروەها تواناى بەرگەگرتنى جەستە زیاد دەکات لە وەرزشەکانی وەک ماراسۆندا.
بەکارهێنانی شەربەتی چەوەندەر تەنها سوودى بۆ وەرزش نییە. بەپێی توێژینەوە نوێیەکان لەسەر ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەرکەوتووە کە خواردنەوەکە دەتوانێت پەستانی خوێن دابەزێنێت و بە باشترین شێوە و توانای ڕۆیشتن و ئەنجامدانی چالاکییەکانی ڕۆژانەی نەخۆشەکان زیاد بکات. باشترکردنی جوڵەى جەستە و بەکارهێنانی ئۆکسجین، جگە لە یارمەتیدانی وەرزشوانان، دەتوانێت کوالیتی ژیانی ئەو کەسانەش باشتر بکات کە ڕووبەڕووی سنوورداربوونی جەستەیی و هەناسەدان دەبنەوە.