شارپرێس:
وتەبێژی حکومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بەم نزیکانە سەردانی هەردوو وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری تورکیا دەکات.
بەوتەی عەبوودی ئەم سەردانانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری حکومەتدان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی دوای ئەو ئەنجامە ئەرێنییانەی لە سەردانە فەرمییەکەی پێشووی سەرۆک وەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدەست هاتبوون.
عەبودی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) جەختی لەوە کردەوە کە هەردوو سەردانەکە لەسەر بنەمای پێویستییەکانی هاوسێیەتی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان ئەنجام دەدرێن.
هەروەک ڕوونیشی کردۆتەوە کە گفتوگۆکان ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی چەندین دۆسیەی دوو قۆڵی و پرسە هەرێمییەکان لەخۆدەگرن، بەتایبەت لە سایەی ئەو پێشهاتانەی ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت و ئەو هەوڵانەی بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری دەدرێن.
بەوتەی ناوبراو بایەخێکی زۆر بەو ڕۆڵە دەدرێت کە عێراق دەتوانێت بیگێڕێت لە پشتگیریکردنی دیالۆگ و کەمکردنەوەی گرژییەکان، بەپشتیوانیی پەیوەندییە هاوسەنگەکانی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا.