شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی
دەزگای پەخشی ئیسرائیل، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و
ئیسرائیلدا، تورکیا هەڕەشەی پشتیوانی ئاسمانی بۆ ئێران کردوە، ئەگەر هێزە کوردییەکان
بچنە ناو خاکی ئێرانەوە لە چوارچێوەی پلانێکی زەمینی کە لەلایەن مۆسادەوە داڕێژرابوو.
دەزگای پەخشی
ئیسرائیل لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە،" پلانی مۆساد بریتی بووە لە پاڵپشتیکردنی
هێزە کوردییەکانی ئێران بۆ دزەکردنە ناو خاکی ئێران، لەگەڵ دابينكردنى پاڵپشتى هێزی
ئاسمانی ئیسرائیل بۆ ئۆپەراسیۆنەکە ".
لە ڕاپۆرتەکەدا
ئاماژە بەوە کراوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر
ئامانجەکانی لە ڕۆژئاوای ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستان) ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی ڕێگە خۆشبکات
بۆ هێرشێکی زەمینی لەلایەن هێزە کوردییەکانی ئێرانەوە کە لە کوردستانی عێراقەوە دەستى
پێدەکرد، بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی شارۆچکە و شارەکانی نزیک سنوری ئێران و عێراق.
ئەوەشخراوەتەڕوو،
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئیسرائیل، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و هێزە کوردییەکانی ئێران
زیاتر لە ساڵێک پێش سەرهەڵدانی ڕوبەڕوبونەوەکە دەستیپێکردوە.