شارپرێس:
لەلێواری تەقینەوەی جەنگێکی هەرێميی؛ شەوێک کە بەغدا فەرمانی ئامادەباشی دەرکردو تاران بەگروپە چەکدارەکانی وت "ئێستا نا"، چۆن عێراق و سعودیە لەهێرشێکی حەتمی درۆنی و موشەکيی ڕزگاریان بوو؟.
لەکاتژمێرە دژوارەکانی کۆتایی هەفتەی ڕابردودا، بەغدا شاھیدی یەکێک لەقورسترین تاقیکردنەوەی سیاسییو ئەمنی بوو کە تێیدا حکومەتو گروپە چەکدارەکان گەیشتنە لێواری پێکدادان، بهگوێرهى زانیارییە دزەپێکراوەکان، تاران دەستێوەردانی کردوەو فەرمانی (ئێستا نا)ی ئاڕاستەی گروپە چەکدارەکانی عێراق کردوە بۆ ڕاگرتنی هێرشێکی موشەکیو درۆنیی کە بڕیاربوو بکرێتەسەر پێگەی سەربازیی لەناوخۆی عەرەبستانی سعودیە.
دەرکەوتنی عامری لەساتە یەکلاکەرەوەکەدا
پێش چەند کاتژمێرێک لەوادەی دیاریکراوی هێرشەکە، هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوتو داوای لەبهرهى مقاوهمه کرد هێرشەکانیان بۆسەر سعودیە دوابخەن، ئەم دەرکەوتنە ئاماژەیەکی ڕونی سیاسیی بوو کە بڕیارێکی گرنگ لەپشتی پەردەوە دراوە، دواتر گروپەکان بەدەم داواکەی عامرییەوە چونو ڕایانگەیاند، هێرشەکەیان دواخستوە، بەڵام جەختیانکردەوە، بژاردەی تۆڵەسەندنەوە هێشتا بەکراوەیی ماوەتەوە.
ئەم گرژییانە دوای ئەوەهاتن، هێرشێکی هاوبەشی سعودی-ئەمریکی بارەگاکانی حەشدی شەعبی کردە ئامانجو بەهۆیەوە زیاتر لە 52 چەکدارو چەند ڕاوێژكارێكى ئێرانی کوژرانو برینداربون، ئامانجی گروپە چەکدارەکان ئەوەبوو هێرشێکی هاوشێوەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لەکەنداو ئەنجامبدەن.
جموجۆڵیو دیپلۆماسیو فشاری تاران
هاوكات لەگەڵ ئەم دۆخە شڵەژاوە، خالید حومەیدان سەرۆکی هەواڵگریی گشتیی سعودیە، بەسەرۆکایەتی وهفدێكى ئەمنی گەیشتە بەغداو لەگەڵ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە، حومەیدان نامەیەکی فەرمی سەرکردایەتی سعودیەی گەیاندە زەیدیی بۆ سەردانیکردنی ڕیازو جەختی لەپێویستی ڕێگریکردن لەبەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ کردەوە.
سەرچاوە سیاسییەکان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعهكان ئاشکرایانکردوە، ئێران بەهۆی گۆڕانی تێڕوانینی دۆناڵد ترەمپو گەڕانەوەی بۆ ڕێڕەوی دانوستان، فشاری توندی خستوەتەسەر گروپەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە تاوەکو کێشە بۆ تاران دروستنەبێت.
هۆشداریی یاساییو نمایشی هێز لەبەغدا
حکومەتی عێراق لەبەرامبەر گروپە چەکدارەکاندا دەستی بەنمایشێکی هێز کرد کە زیاتر لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکانو گروپەکانی واتسئاپدا ڕەنگیدایەوە، عەلی زەیدیی فەرمانی بەرزکردنەوەی ئامادەباشی سەربازیی دەرکردو هاوکات فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی، کۆبونەوەی بەپەلەی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییە باڵاکان ئەنجامدا.
لەلایەکی دیکەوە، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت توندترین هەڵوێستی خۆی ڕاگرتو ڕایگەیاند، هەر چالاکییەکی چەکداریی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دوای وادەی 30ی ئەیلولی 2026، بهگوێرهى یاسای دژەتیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام لەبەرامبەردا، ئەبو حسێن حومەیداوی ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵڵا بەتوندی ڕادەستکردنی چەکەکانیانی ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، ئەوان کار بۆ پەرەپێدانی چەکەکانیان دەکەن.
ئەم ڕوداوانە دەریانخست کە حکومەتی بەغدا نایەوێت لەبەردەم گروپهكاندا دەستەوەستانو لاواز دەربکەوێت، لەهەمانکاتدا گروپە چەکدارەکانیش نایانەوێت وا نیشانبدەن کە دەستیان لەبژاردەی سەربازیی هەڵگرتوە، ئەمەش داهاتوی ململانێی چەک لەعێراقدا دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختتر.
