هەولێر دێتەسەر هێڵی بەغداو دیمەشق... بارزانى نامه‌یه‌كى زه‌یدیى ده‌گه‌یه‌نێته‌ دیمه‌شق

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2104 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاستی هەماهەنگی سیاسیی‌و ئەمنی نێوان حکومەتی فیدراڵ‌و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوی لەهەڵکشانە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی 30ی ئەیلول کە دیاریکراوە بۆ کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، لەهەمانکاتدا، ڕۆڵێکی کوردی هاوتەریب دەرکەوتوە بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان بەغداو دیمەشق‌و ئامادەکاریی بۆ سەردانێکی پێشبینیکراوی عەلی زەیدیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق بۆ سوریا.


ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوه‌ته‌وه‌، سەردانی ئەمدواییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق، بەشداربوە لەڕەواندنەوەی بەشێک لەمەترسییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق‌و سوریا سەبارەت بەپەیوەندییە دوو قۆڵییەکان‌و چەندین دۆسیەی سیاسیی‌و ئەمنیی هەڵپەسێردراو.

ڕۆژنامەکە لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستویەتییەوە، بارزانی نامەی ئاڵوگۆڕکراوی نێوان عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران‌و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریای هەڵگرتوە،وتوشیه‌تى، "جوڵەکانی ئەمدواییە ڕێگه‌یان خۆشکردوە بۆ سەردانێکی پێشبینیکراوی زەیدیی بۆ دیمەشق".

ئەم جوڵه‌یه‌ هاوکاتە لەگەڵ بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان بەغداو هەولێر سەبارەت بەدۆسیە ئەمنییەکان، لەسەروشیانەوە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، دوای ئەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ڕۆژی 30ی ئەیلولی داهاتوی وەک دوا مۆڵەت بۆ گروپە چەکدارەکان دیاریکرد بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان، لەگەڵ هەڕەشەی جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دژی سەرپێچیکاران.

لەو چوارچێوەیەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا، پشتگیریی حکومەتەکەی بۆ هەوڵەکانی بەغدا بەمەبەستی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا دوپاتکردەوەو جەختیکردەوە، هەرێم نایەوێت ببێتە لایەن لەهیچ ململانێیەکی ناوچەییدا.

بارزانی ڕاشیگەیاند، هەرێم ڕوبەڕوی زیاتر لەهەزار هێرشی موشەکی‌و فڕۆکەی بێفۆکەوان بوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لەو هێرشانە لەئێرانەوە یاخود لەناوخۆی عێراقەوە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە ئەنجامدراون.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم بونی سەربازانی ئەمریکی لەبنکەی ئاسمانی هەریری ڕەتکردەوەو جەختیکردەوە، ئەو بنکەیە لەماوەی نزیکەی 10 ساڵی ڕابردودا هیچ بونێکی هێزەکانی ئەمریکای بەخۆوە نەبینیوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێم نەکەوتوەتە ژێر هیچ فشارێک بۆ بەشداریکردن لەشەڕداو کاری لەپێشینەیان بریتییە لەپاراستنی خاکەکەیی‌و دورکەوتنەوە لەململانێکانی ناوچەکە.

لەسەر ئاستی هەماهەنگی ئەمنیی، ماجید شنگالی سەرکردە لەپارتی دیموکراتی کوردستان لەلێدوانێکدا ڕایگەیاندوه‌، هەرێم پشتگیریی لەکۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا دەکات‌و پاڵپشتی حکومەتەکەی زەیدیی دەکات لەجێبەجێکردنی ئەم دۆسیەیەدا.

ئاماژەی بەوەشکردوه‌، کوردستان یەکێکبوە لەو ناوچانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتوە لەهێرشی گروپە چەکدارەکان لەکاتی شەڕی نێوان ئەمریکاو ئێراندا، بەتایبەتی دوای بەئامانجگرتنی دامەزراوەو کێڵگە نەوتییەکان.

شنگالی ڕونکردنەوەیدا کە بنکەی هەریر هیچ هێزێکی ئەمریکی تێدانییە، بەڵام ئاماژەی بەبەردەوامی هەماهەنگی ئەمنیی نێوان عێراق‌و ئەمریکا لەهەولێر کرد، هاوشێوەی ئەو هەماهەنگییەی کە لەبەغدا هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرمه‌د بەیاتی پسپۆڕی ئەمنیی باسى له‌وه‌كردوه‌، هاوکاری نێوان حکومەتی فیدراڵ‌و حکومەتی هەرێم لەسەر چەندین ئاستی جیاواز بەڕێوەدەچێت‌و ئاڵوگۆڕی زانیاریی، ڕادەستکردنی داواکراوان‌و هاوکاری لەدۆسیە هەواڵگرییەکان دەگرێتەوە.

بەیاتی ئاماژەی بەچۆڵبونی بنکەی هەریر لەهێزەکانی ئەمریکا کرد، لەگەڵ هەبونی هەماهەنگی ئەمنی عێراقی-ئەمریکی لەدەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر لەچوارچێوەی ڕێکخستنەکانی هاوکاری نێوان هەردولادا.

هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، مەسرور بارزانی دوپاتیکردوه‌ته‌وه‌، پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ دیمەشق گەشەسەندنی بەخۆوە بینیوە، لەکاتێکدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بەباش وەسفکرد، بەڵام حکومەتی هەرێم بەردەوامە لەسەر ئەو هەڵوێستەی کە سیاسەتی دەرەوەو پەیوەندییە فەرمییەکان لەگەڵ وڵاتان لەچوارچێوەی دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵیدان.