شارپرێس:
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای دەستپێشخەریی ستراتیژی بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و گەشەپێدانی بەردەوامی گەروی هورمز بەکۆدەنگی لەلایەن لیژنەکەیانەوە پەسەند کرا، هاوكات، سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکان لەئێرانیش ڕایگەیاند، تاران بەهەر نرخێک بێت لەهەڵوێستی خۆی سەبارەت بەگەروی هورمز پاشەکشە ناکات.
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نوسیویەتی، هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای "دەستپێشخەریی ستراتیژی بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و گەشەپێدانی بەردەوامی گەروی هورمز، لەلایەن ئەندامانی لیژنەکەوە بەکۆدەنگی پەسەند کراوە.
عەزیزی ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم پڕۆژەیاسایە بەتەواوی لەچوارچێوەی رێنماییەکانی رێبەری باڵای ئێران و بەسودوەرگرتن لەپێشنیازو تێبینییەکانی دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵات داڕێژراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم دەستپێشخەرییە ستراتیژییە، پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێرانە لەناوچە هەستیارو ستراتیژییە ئاوییەکاندا.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران ڕونیکردەوە، بڕیارەکە بەپشتیوانیی تەواوی ئەندامانی لیژنەکە تێپەڕیوە، ئەمەش گرنگی ستراتیژیی ئەم دەستپێشخەرییە دەردەخات بۆ پاراستنی سەقامگیری، گەشەپێدانی بەردەوام و پەرەپێدانی بارودۆخی ئەمنی لەگەروی هورمزدا.
هاوكات، سادق ئامولی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکان لەگەروی هورمز جێگیرن و پێداگیرن لەسەر ئەوەی کە مافی سەروەریی ئەم رێڕەوە ئاوییە گرنگە بەتەواوی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە.
