شارپرێس:
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم وەڵامی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق دەداتەوەو تۆمەتباری دەکات بەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پاکتاوی نێوانیان و داواش لەسەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات دەستوەردان بکات و مافیان بۆ بگێرێتەوە.
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، بەگوێرەی ڕاسپاردەی لیژنەیەکی حکومی کە سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق لەساڵی 2025 ڕەزامەندی لەسەر داوە، تاوەکو پاکتاوکردن لەنێوانیان بکرێت و لەبەرامبەردا گرێبەستی کارکردن بەخزمەتگوزاری نەوەی چوارەمیان پێ بدرێت، بەڵام تاوەکو 2ی حوزەیرانی ئەم ساڵ چەند نوسراوێک لەنێوانیان ئاڵوگۆڕکراوە بەبێ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم واژۆکردنی گرێبەستی کارپێکردن بەخزمەتگوزارییەکە چارەسەر بکرێن و بەهۆیەوە دەستەکە گرێبەستی پاکتاوکردنەکەیان هەڵوەشاندوەتەوە.
کۆڕەک تیلیکۆم ڕاشیگەیاندوە، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەو دەستەیە دەسەڵاتی ئەوەی نییە گرێبەستی پاکتاوکردنەکە هەڵبوەشێنێتەوە کە لەلایەن دەسەڵاتی باڵاترەوە بڕیاری لەسەر دراوە.
کۆمپانیاکە داوا لەسەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات دەستوەردان بکات و ماف بۆ کۆمپانیاکەیان بگێڕێتەوەو بەردەوامیش دەبن لەبەرگریکردن لەمافەکانیان.
ئەمە لەكاتێكدایە، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق بڕیاریدا بەدەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سامانە گوزراو و نەگوازراوەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمدا، داواشى لەبەشداربوان كرد چیتر کارتی باڵانسی ئەو کۆمپانیایە نەکڕن و بەشداری لەخزمەتگوزارییەکانیدا نەکەن.
