شارپرێس:
وەک چاوەڕواندەکرا، حکومەتهكهى ئهحمهد شهرع لەسوریا ڕوبەڕوی شەپۆلێکی توندی جیابونەوەو ململانێی ناوخۆیی بوەتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەش بۆ سیاسەتەکانی شهرع دەگەڕێتەوە کە زیاتر گرەو لەسەر هاوکێشە دەرەکییەکان دەکات وەک لەناوخۆی وڵاتەکە، شهرع بژاردەی چونە ناو پڕۆژە (ئەمریکی ـ ئیسرائیلی)یەکەی دژ بەحزبوڵڵا هەڵبژاردوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی توندی لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە لێکەوتوەتەوە کە پێشتر لەلایەن تورکیاوە پشتگیریی دەکران.
سهرچاوهكان زانیاریى ئاشكرادهكهنو باس لهوهدهكهن، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، ڕەنگە کودەتایەکی سەربازیی باو نەبێت، بەڵکو ململانێیەکی قوڵە لەنێوان عەمید جەمیل ساڵح (فەرماندەی فیرقەی 74)و محەمەد جاسم ناسراو بە(ئەبو عەمشە، فەرماندەی فیرقەی 62و لیوای سوڵتان سلێمان شا).
عەمید جەمیل ساڵح، ئەبو عەمشەی تۆمەتبارکردوە بەدزەپێکردنی بەڵگەنامەی نهێنیی وەزارەتی بەرگریی سوریا بۆ هەواڵگریی تورکیا، بەڵام چاودێران پێیانوایە، ئەم تۆمەتە چەواشەکارییە؛ چونکە ئەنكەرە خۆی سەرپەرشتیار، پارەدارکەرو کۆنترۆڵکەری سەرەکیی جومگە سەربازییەکانی حكومهتهكهى شهرعهو پێویستی بەدزەکردنی بەڵگەنامە نییە.
بهوتهى سهرچاوهكان، لەڕاستیدا، جۆلانی هەوڵی دورخستنەوەی هەر کەسایەتییەک دەدات کە وەک ڕکابەرێک بۆ پۆستەکەی بیبینێت، بەڵگەش بۆ ئەمە، سەپاندنی دەستبەسەریی ماڵەوەیە بەسەر سەیف بۆلاد (فەرماندەی فیرقەی حەمزەو جێگری پێشوی سەرۆکی بەرەی سوری بۆ ڕزگاریی) کە بەهۆی پێگە سەربازییو جەماوەرییەکەیەوە وەک مەترسییەک بۆسەر دەسەڵاتی جۆلانی سەیر دەکرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییە ناوخۆییانەدا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سزای توندی بەسەر چەند کەسو گروپێکی چەکداردا سەپاند کە دەستیان لەتاوانو پێشێلکاری دژ بەهاوڵاتیانی مەدەنی لەسووریا هەبوە، بەتایبەت ئەو تاوانانەی دژ بە گەلی کورد لەناوچەی عەفرین ئەنجامدراون، لەسەروی لیستی سزادراوەکانی بەریتانیاوە، ناوی هەریەکە لە(ئەبو عەمشە)و (سەیف بۆلاد) هاتوە.
ئەو سزایانەش لەکاتێکدایە کە بەرەی باکوری سوریا ئێستا دابەشبوە بەسەر سێ باڵی سەرەکیدا، ئهوانیش یهكهمیان، باڵی جۆلانی کە دەیەوێت بچێتە ناو تەوەری ئەمریکی-ئیسرائیلی دژ بەحزبوڵڵا بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی، دوهمیش باڵی توندڕەو (خەلافەتخوازەکان)ه کە دروشمی (قادمون یا کربلاو)یان بەرزکردوەتەوەو دەیانەوێت شەڕ دژ بەعێراق ڕابگەیەنن، سێیهمیش باڵی ناوخۆییه کە دەیانەوێت سهرنجیان زیاتر لهسەر دۆسیەی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی بێتو ناوچەکە لەشەڕی هەرێمی بەدوربگرن.
ئاماژه بهوهشدهكهن، یاریکردنی جۆلانی لەسەر سەرجەم پەتەکانو هەوڵدانی بۆ سڕینەوەی گروپە لایەنگرەکانی تورکیا بەئاسانی تێناپەڕێت، ناوچەکە بەرەو خاڵی تەقینەوە دەچێتو پێویستە جۆلانی بەزویی لەنێوان ئەنكەرە، تەلئەبیبو وڵاتانی کەنداودا، یەکێکیان وەک هاوپەیمانی کۆتایی خۆی هەڵبژێرێت.