شارپرێس:
سوپای پاسدارانی ئێران جەختدەکاتەوە، ڕاگەیاندنی
جەنگی ئابوریی لەلایەن ئەمریکاوە، دانپێدانانە بەشکستێکی گەورە، ئاشکرایدەکات، ئێران
سیناریۆو پلانی ئامادەکراوی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەموو جۆرە هەنگاوێکی دوژمنکارانە هەیە.
عەمید حسێن مەحەبی وتەبێژی سوپای پاسدارانی
ئێران ڕاگەیاندنی جەنگی ئابوریی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بەدانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆ
بەو شکستە قورسە وەسفکرد کە ئەمریکا توشی بوە، ئهمه لهكاتێكدایه ئێران چەندینجار
ڕایگەیاندوە، سیناریۆی ئامادەکراوی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەنگاوێکی
دوژمنکارانە هەیە، لەوانەش جەنگی ئابوریی.
لەلایەکی دیکەوەو لەهەڵوێستێکی هاوشێوەدا، لیوا
موحسین ڕەزایی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران شەممەى ڕابردوو هۆشداریداو
ڕایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا دەست بەجەنگی ئابوریی بکات، ئەوا تەنها یەک دڵۆپە
نەوت لەکەنداوەوە ناچێتە دەرەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران لەماوەی دوو
مانگی ڕابردودا 70 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردوە".
ڕەزایی داوای لەوڵاتانی دەوروبەری ئێران
کردوه، تێوەگلان لەجەنگی ئابوریی دژی وڵاتەکەی ڕەتبکەنەوەو هۆشداریدا کە هەر وڵاتێک
بەشداریی تێدابکات وەک "وڵاتێکی دوژمن" هەژماردەکرێت.
ڕونیشیکردەوە، تاران سەرەتا لەگەڵ وڵاتانی
دراوسێی وتوێژ دەکات بۆ ئەوەی هاوکاری واشنتۆن نەکەن، "بەڵام ئەگەر بەردەوامبن،
ئەوا دەبنە ئامانجی ئێمە"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "سکرتاریەتی ئەنجومەنی
باڵای ئاسایشی نیشتمانی خەریکی ئامادەکردنی بەڵگەنامەیەک بۆ ئاسایشی ئابوریی وڵاتەکەیە".
لەهەمان چوارچێوەدا، مەهدی ڕەحیمی سەرۆکی
ئاژانسی هەواڵی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندوه، ئەمریکا تێگەیشتوە بژاردەی سەربازیی
دژی ئێران هیچ ئەنجامێکی نابێت، ڕەحیمی جەختیکردەوە، هەرلایەنێک لەم جەنگە ئابورییەدا
پشتیوانی ئەمریکا بکات، دەبێت باجەکەی بدات.
ئەم کاردانەوانە دوای ئەوەدێن، دۆناڵد ترەمپ
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستپێکردنی ئەوەی ناوی نا "توندترین پرۆسەی ئابوریی وێرانکەر
لەمێژودا دژی هەر وڵاتێک" ڕاگەیاندو بە"جەنگی ئابورییو گۆشەگیریی بێوێنە"
وەسفیکرد، ترەمپ هەڕەشەی ئەوەیکردبوو، هەر وڵاتێک لەڕێگەی دامەزراوە داراییەکان، کۆمپانیاکان،
فڕۆکەخانەکان یان لایەنە حکومییەکانییەوە ببێتە "هەناسەیەک" بۆ ئێران، ڕوبەڕوی
لێکەوتەی ئابوریی گەورە دەبێتەوە.
ئێرانیهكان پێیانوایه، ئەم ململانێیانە لەکاتێکدایە
کە ئێران ڕوبەڕوی هێرشی (ئەمریکی ـ ئیسرائیلی)و گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی
بوەتەوە، جگە لەو گوشارە ئابورییە بەردەوامانەی کە چەندین دەیەیە لەچوارچێوەی
سزاکاندا لەسەریەتی، لەکاتێکدا واشنتۆن لەبەدیهێنانی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی لەجەنگ
دژی تاران شکستیهێناوە.
