شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی بڵاوی کردەوە، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، كەمێک پێش ئێستا گەیشتە تاران بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە و تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکە.
لە ئاماژەیەکدا بۆ سەردانەکەی عاسم مونیر بۆ تاران و پەیوەندیی بە سەردانی بەیانی وەزیری دەرەوەی عومان، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمرۆ دووشەممە ڕایگەیاند: بڕیارە ئەم سەردانە ئەمڕۆ بەڕێوە بچێت و لە چوارچێوەی پەیوەندییە باش و تایبەتەکانی نێوان ئێران و پاکستاندا دەبێت.
جەختیشی کردۆتەوە کە سەردانی وەزیری دەرەوەی عومان هیچ پەیوەندییەکی بەم بابەتەوە نییە، بەڵکو لە ڕووی کاتەوە نزیکەی هاوکاتە و بڕیارە بەیانی بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسەکانی ئاسایشی گەرووی هورمز و ڕێڕەوە دەریاوانییەکان ئەنجام بدرێت.