شارپرێس:
بهگوێرهى زانیارییهكان، بڕیارە لەکاتژمێرەکانی داهاتودا کۆبونەوەیەکی گرنگو چارەنوسساز لەنێوان سەرکردایەتی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یهپهژه)و ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخۆی حکومەتی سوریا لەدیمەشق بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هاوار لەزارى سەرچاوەى تایبهتى خۆیهوه ئاشكرایكردوه، ئەو کۆبونەوەیە چەند دۆسیەیەکی هەستیار لەخۆدەگرێت کە گرنگترینیان بریتین لەداھاتووی یەپەژەو تاوتوێکردنی پێگەی یاساییو سەربازیی یەکینەکانی پاراستنی ژن لەچوارچێوەی سوریای نوێدا، ههروهها میکانیزمی تێکەڵبون، گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگهکانی تێکەڵبونی ئەم هێزە لەناو دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەت، بەتایبەتی لەناو وەزارەتی ناوخۆدا، لهگهڵ جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی تایبەتمەندیی ئەم هێزە وەک هێزێکی دەستپێشخەری ژنان کە خاوەن ئەزمونێکی زۆرە لەشەڕی دژی تیرۆردا.
وهكو زانیارییهكان ئاماژهیان پێكردوه، ئەم دیدارە دوای زنجیرەیەک لێکتێگەیشتنی سیاسیی دێت کە لەدیمەشق بەڕێوەچونو ئامانجیان یەکخستنەوەی دامەزراوە سەربازییو ئەمنییەکانە لەژێر چەتری دەوڵەتدا.
چاودێرانیش پێیانوایە، تێکەڵبونی (یەپەژە) لەناو وەزارەتی ناوخۆدا، نەک تەنها وەک هێزێکی ئەمنی، بەڵکو وەک سیمبولێکی مافەکانی ژنان لەسوریای داهاتودا دەبینرێت، چاوەڕوانیشدەکرێت دوای کۆبونەوەکە، بەیاننامەیەکی هاوبەش یان زنجیرەیەک بڕیار دەربچێت کە تێیدا شێوازی فەرمیی کارکردنی (یەپەژە) وەک بەشێک لەهێزەکانی ناوخۆی سوریا دیاریبکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئامادەیی خۆیان بۆ تێکەڵبون لەناو سوپای نیشتمانی سوریادا نیشانداو شهوى ڕابردوش فهرماندهى ئهو هێزه، بهفهرمى ههڵوهشاندنهوهى ههسهدهى ڕاگهیاند.
