شارپرێس:
توێژینەوەیەک پەردە لەسەر نهێنییەکی ناو خانەکانی تەمەندرێژەکان لادەدات، بەجۆرێک توێژەرانی زانکۆی ئۆساکا لە ژاپۆن جۆرێکی دەگمەنی خانە بەرگرییەکانیان دۆزیوەتەوە کە لەلایەن بەساڵاچووانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، ئەمەش ئاماژەی نوێ دەربارەی پیریی تەندرووست دەخاتە ڕوو.
خوێندنەوەکە کە لە گۆڤاری Cell Reports بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە خانەکانی CD4 CTLs، کە جۆرێک لە خانە سپییەکانی خوێنن و بەشێکن لە سیستەمی بەرگری، لەگەڵ تێپەڕاندنی تەمەنی 100 ساڵیدا گەشە دەکەن. لە گەنجاندا ئەم خانانە کەمتر لە 5%ی خانە تاییەکان پێکدەهێنن، بەڵام لەوانەی تەمەنیان 110 ساڵ یان زیاترە (supercentenarians)، ڕێژەکەیان بە ناوەند دەگاتە نزیکەی 17.6%.
توێژەران پشکنینی خوێنیان بۆ 28 کەس لە سێ گرووپی تەمەنیدا کردوو و بۆیان دەرکەوت ڕێژەکە بەپێی تەمەن بەرز دەبێتەوە؛ لە 70 بۆ 99 ساڵی ڕێژەی 4% بووە، لە 100 بۆ 109 ساڵی گەیشتووەتە 9.6%، و لە 110 ساڵ بەسەرەوەش گەیشتووەتە 17.6%.
کووسوکێ هاشیمۆتۆ، مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی ئۆساکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم فراوانبوونە هەڵبژێردراوەی خانەکان ئەوە دەسەلمێنێت کە سیستەمی بەرگریی تەنانەت لە ئەوپەڕی تەمەندا دەتوانێت خۆی لەگەڵ ئاڵەنگارییەکاندا بگونجێنێت.
ئەم خانانە ڕەنگە لەڕێگەی بەئامانجگرتنی خانە پیرەکان و دابینکردنی چاودێریی بەرگری دژی وەرەمەکان، یارمەتی پیریی تەندروست و تەمەندرێژی بدەن.
بەڵام توێژەران جەخت دەکەنەوە کە ئەم دۆزینەوەیە ڕاستەوخۆ ناسەلمێنێت خانەکان ڕێگری لە شێرپەنجە دەکەن یان تەمەن درێژتر دەکەن، بۆیە هەنگاوی داهاتوویان توێژینەوە دەبێت لەسەر ڕەفتاری ئەم خانانە لەناو شانەکانی لەشدا.