شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی نوێی کەناڵی (DW) ئەڵمانی پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵو تراژیدیی لادەدات کە تێیدا سەدان گەنجی وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت لە(سوریا، میسرو مەغریب) بونەتە قوربانیی تەڵەیەکی سەربازیی ڕوسیا، ئەو گەنجانە کە بەدوای ژیانێکی باشتردا ڕویان لەڕوسیا کردوە، ئێستا لەنێوان دوو بژاردەی یەکجار سەختدا ماونەتەوە: یان چون بۆ بەرەکانی جەنگی ئۆکرانیاو ڕوبەڕوبونەوەی مردن، یان ڕەوانەکردنیان بۆ زیندانە تاریکەکانی ڕوسیا.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، زۆربەی ئەو گەنجانە لەڕێگەی نوسینگەکانی ڤیزاو قاچاخچییەکانەوە فریو دراون، بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە کە وەک "پاسەوانی دامەزراوە ئاوییەکان" یان "کارمەندی بیناسازیی" لەناوخۆی ڕوسیا کاردەکەنو موچەیەکی خەیاڵییان پێدەدرێت، بەڵام کاتێک دەگەنە خاکی ڕوسیا، ڕاستییەکان دەگۆڕێن؛ پاسپۆرتەکانیان لێ وەردەگیرێتو فشارێکی دەرونیو یاسایی توندیان دەخرێتەسەر بۆ ئەوەی گرێبەستی سەربازیی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا واژۆبکەن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، ڕوسیا یاساکانی کۆچبەری وەک چەکێک بەکاردەهێنێت، ئەو گەنجانەی ڤیزاکانیان بەسەردەچێت یان کێشەیەکی بچوکی یاساییان بۆ دروستدەکرێت، دەخرێنە ناو بنکەکانی دەستبەسەرکردن، لەوێ ئەفسەرە ڕوسەکان دێنە لایانو پێیاندەڵێن، "یان بۆ ماوەی 10 ساڵ دەخرێنە زیندانو دواتر دەردەکرێن، یان بۆ ماوەی ساڵێک دەچن بۆ شەڕو لەبەرامبەردا ڕەگەزنامەی ڕوسیو پارەیەکی زۆرتان پێدەدرێت"، ئەمەش وایکردوە زۆرێک لەگەنجان بەناچاریی ڕێگەی شەڕ هەڵبژێرن.
تراژیدیای سەرەکی ئەوەیە کە ئەم گەنجانه، بەبێ هیچ مەشقو ڕاهێنانێکی سەربازیی پێشوەختە، ڕەوانەی "هێڵی یەکەمی شەڕ" دەکرێن، ڕاپۆرتەکە باسی چەندین گەنجی سوریو میسری دەکات کە تەنها دوای چەند هەفتەیەک لەگەیشتنیان بۆ ڕوسیا، تەرمەکانیان لەبەرەکانی جەنگی ئۆکرانیا دۆزراوەتەوە.
باس لهوهشكراوه، سوپای ڕوسیا ئەمانە وەک سوتەمەنی جەنگ بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی زیانە مرۆییەکانی سوپا فەرمییەکەی کەمبکاتەوە.
خێزانی ئەو گەنجانە لەوڵاتەکانی خۆیانەوە هاواردەکەن، بەڵام دەستیان بەهیچ شوێنێک ناگات، حکومەتی وڵاتانى عەرەبیش تائێستا هەڵوێستێکی جدییان بۆ پاراستنی هاوڵاتییەکانیان لەم "تەڵە ئەمنییەی ڕوسیا" وەرنەگرتوە.
ڕاپۆرتەکەی (DW) وەک زەنگێکی مەترسی لێدەدات بۆ هەموو ئەو گەنجانەی کە پێیانوایە ڕوسیا دەروازەیەکە بۆ ڕزگاربون لەهەژاریی، بێئاگا لەوەی کە ڕەنگە ببێتە گۆڕستانی خەونەکانیان.
