مالیکی: هەر روبەڕوبونەوەیەک لەنێوان حکومەت و گروپەکان روبدات، هەموو عێراق دەسوتێنێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 170 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوری مالیکی جەختیکردەوە لەسەر گرنگی یەکلاکردنەوەی پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت، دور لە گرژی و ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی، هۆشداری توندیش دەدات لەوەی ئەگەر ڕوبەڕوبونەوە ڕوبدات تەنها لەنێوان پێکهاتەی شیعەدا نابێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو عێراق دەبێت.

بەگوێرەی میدیای فەرمی عێراق، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک چاودێری سیاسی ئاماژەی بەوەکردوە،" عێراق بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت و پێویستی بە ئاستێکی بەرزی بەرپرسیارێتی و حەکیمانەیە ".

ئەوەشیخستەڕوو، لەکاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی حکومەت، هەندێک لایەن هەوڵی نانەوەی ئاگر لە دۆخی سیاسی وڵات و تێکدانی دۆخەکە دەدەن.

نوری مالیکی وتیشی،" دروستبونی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی لەنێوان حکومەت و گروپە چەکدارەکان زۆر مەترسیدار دەبێت و هەڕەشە لە سەقامگیری عێراق دەکات، هەر روبەڕوبونەوەیەکی ناوخۆییش هەموو عێراقییەکان دۆڕاو دەبن تیایدا ".

بەوتەی مالیکی،" ئەوانەی وابیردەکەنەوە کە ڕوبەڕوبونەوەکە تەنها لەنێوان پێکهاتەی شیعیدا دەبێت لە خەیاڵدان، چونکە لێککەوتەکانی بەسەر تەواوی دەوڵەت و هەموو کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی دەبێت ".