شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئیسرائیلی، تورکیا هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی بونی سەربازی لەبنکەی ئاسمانیی "ئەبو ئەلزهور" لەپارێزگای ئیدلب بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرتوە، ئەوەش بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی هەفتەی ڕابردوی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکە.
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردوە کە دوای ئاڵۆزییەکان، جموجۆڵێکی دیپلۆماسیی چڕ بەڕێوەچوە کە کۆبونەوەی ئاست بەرزی لەنێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و سوریاو تورکیا گرتۆتەوە، لەوانەش کۆبونەوەی ڕۆمانی گۆفمان، سەرۆکی دەزگای موساد لەگەڵ ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لەئوردن.
ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە کە ڕێگە بەهیچ جێگیربونێکی سەربازیی تورکیا لەسوریا نادات، بەتایبەت بڵاوکردنەوەی سیستەمی ڕادارو بەرگریی ئاسمانیی کە هەڕەشەن بۆ سەر سەربەستیی جوڵەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کردوە کە وڵاتەکەی ڕوبەڕوی هەوڵەکانی تورکیا بۆتەوەو بەرپرسانی ئەمنیش هۆشدارییان داوە کە لەحاڵەتی دووارە بونەوەیدا بنکەکە دەکەنە ئامانج.
لەبەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا سەردانی کاتسی بۆ باشوری سوریا ئیدانە کرد و بەپێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی ناوبرد.
ئەم ناکۆکییە بەشێکە لەکێشمەکێشێکی فراوانتر لەسەر سەپاندنی هێڵە سورەکانی ئیسرائیل دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پاشەکشەی تورکیا تەنیا ڕێکارێکی تەکتییکییەو بەمانای دەستبەرداربون لەڕوڵیی لەسوریا نایەت، چونکە ئەنقەرە هاوکاریی سەربازیی نزیکی لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشق هەیە.
هاوکات، وەزارەتی بەرگریی تورکیا و وەزیری دەرەوەی سوریا بونی بنکەیەکی هەمیشەیی تورکیایان لەئەبو ئەلزهور ڕەتکردۆتەوەو ڕایانگەیاندوە سەردانەکان بۆ مەبەستی مەشق و شیاندنەوەی بنکەکە بوە بۆ هێزی ئاسمانیی سوریا.
بۆ ڕێگریکردن لەڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەنێوان دوو هاوپەیمانەکەیدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بەکارکردن کردوە بۆ دروستکردنی میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەنێوان تورکیاو سوریاو ئیسرائیل.