سەرۆكی هەرێم پەیامێكی لەبارەی تێكەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا بڵاوكردەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 255 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یەكگرتنی  هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ هێزەكانی حكومەتی سوریا دەكات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكدا دەڵێت "پێشوازی لەو پێشكەوتنە گەورەیە دەكەم كە لە پرۆسەی تێكەڵبوونی هەسەدە بە هێزەكانی حكومەتی سوریا و ئەو هەنگاوانەی بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوانیان نراون، بەدەستهاتووە."

بارزانی دەشڵێت "پێشهاتێكی گرنگ بۆ بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا بەدیهاتووەو داوا لە سەرجەم لایەنە كوردییەكان و پێكهاتەكانی سوریا دەگەم پشتیوانی لەو هەنگاوانە بكەن و بەشداری لە سەرخستنیاندا بكەن".

سەرۆكی هەرێم هەروەها دەڵێت "بەرز دەینرخێنم و ستایشی دیدگەی حەكیمانەی ئەحمەد شەرع و رێبازە بەرپرسیارانەكەی دەكەم لە چارەسەركردنی پرسەكاندا لەرێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن، هەروەها سەركردایەتیكردنی سوریا بەرەو داهاتوویەكی باشتر. هاوكات ڕۆڵ و هەوڵەكانی مەزڵوم عەبدی لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا بەرزدەنرخێنم."


لەپەیامەكەیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان هیوا دەخوازێت پرۆسەكە بەتەواوی جێبەجێبكرێت و ببێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێ لە سوریا، كە تێیدا مافەكانی سەرجەم هاووڵاتییان و پێكهاتەكانی پارێزراوبن، و وڵات بەرەو ئاشتی، ئاسایش، سەقامگیری، بووژانەوە و خۆشگوزەرانیی زیاتر هەنگاوبنێت.