شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئێرنا) ئاماری نوێی قوربانیانی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی ڕابردوی ئەمریکای بۆسەر خاکی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەیان کەس بونەتە قوربانیو زیانی مادیی زۆریش بەناوچەکە گەیشتوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکەی ئێرنا، لەئەنجامی ئەو بۆردومانانەی شەوی ڕابردوو ئەمریکا ئەنجامیدان، هەردوو پارێزگای هورمزگان (لەباشور)و خۆزستان (لەباشووری ڕۆژئاوا) کراونەتە ئامانج، تائێستا کوژرانی 4 کەسو برینداربونی 70 کەسی دیكه پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەم ناوچانەی کراونەتە ئامانج، بەهۆی هەڵکەوتەیان لەسەر کەنداوو نزیکییان لەگەروی هورمز، ناوچەیهكى گرنگو ستراتیژین لەڕوی سەربازییو ئابورییەوە، تاران دەڵێت، "بەشێک لەو هێرشانە شوێنی مەدەنییان پێکاوە، لەوانە ئۆتۆمبێلێکی ئاهەنگی هاوسەرگیریی کە پێنج قوربانی لێکەوتوەتەوە".
ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە لەکاتێکدادێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وەشاندنی گورزی توندتر لەتاران دەکاتو ڕایگەیاندوە، "هێرشەکانیان لەدەوروبەری گەروی هورمز بەردەوامدەبن"، لەبەرامبەریشدا، ئێران بەئاراستەکردنی موشەکی بالیستی بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لەئوردن، وەڵامیدایەوە.
بهگوێرهى زانیارییەکان، دۆخی تەندروستیی هەندێک لەبریندارەکان ناجێگیرە، ئەمەش ئەگەری بەرزبونەوەی ژمارەی کوژراوەکان لەکاتژمێرەکانی داهاتودا زیاتر دەکات، چاودێرانیش دەڵێن، "گواستنەوەی جەنگ بۆ ناو خاکی ئێرانو وەڵامدانەوەی تاران لەدەرەوەی سنورەکانی، ناوچەکەی بەرەو جەنگێکی گشتگیرو چاوەڕواننەکراو پەلکێشکردوە".
هاوکات وەزارەتی تەندروستیی ئێران-یش وتویهتى، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ناوخۆی وڵات، دەیان کەس برینداربون. هەروەها بەڕێوەبەری مانگی سوری ئێرانی-ش لەپارێزگای هورمزگان پشتڕاستیکردەوە، لەئەنجامی بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی ئاهەنگی هاوسەرگیریی لەناوچەی (سیریک)، 4 کەس گیانیان لهدهستداوه کە منداڵیشیان لەنێودایە.
