لەساڵی 2028دا گیرم خواردوە.. چیرۆکی سەیروسەمەرەی ئەو گەنجە ئیسپانییەی ملیۆنان کەسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرقاڵ کردوە

هەمەڕەنگ

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 65 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەک ڤیدیۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک، پیاوێکی ئیسپانی بە ناوی خاڤیێر مشتومڕێکی گەورەی لەنێو بەکارهێنەراندا ناوەتەوە. ئەم پیاوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەشتیاری سەردەمە و لە ساڵی 2028ەوە هاتووە، بەڵام لە داهاتوویەکدا گیرساوەتەوە کە تەواوی مرۆڤایەتی تێیدا نەمابێت و لەناوچووبێت.

 
خاڤیێر لەڕێگەی هەژمارەکەیەوە کە نزیکەی 6.6 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە، دیمەنی شارە بەناوبانگەکانی ئیسپانیای وەک مەدرید، بەرشەلۆنە، ڤالنسیا و ئیشبیلیە بڵاودەکاتەوە. لە ڤیدیۆکاندا جادە، ئۆتۆمبێل، مۆزەخانە، شوێنە نیشتەجێبوونەکان و قەراغ دەریاکان بە تەواوی چۆڵ و خاڵی لە مرۆڤ دەردەکەون.

 ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ماوەی 340 ڕۆژە بە تەنیا لەم جیهانەدا دەژی و هەوڵی دۆزینەوەی هیچ نیشانەیەکی ژیان دەدات. ئەم بابەتە گومان و پرسیاری زۆری لای بەکارهێنەران دروستکردووە، بەتایبەت سەبارەت بە بەردەوامی کارکردنی تۆڕەکانی کارەبا و ئینتەرنێت لەگەڵ نەبوونی مرۆڤدا.

 لە وەڵامدا خاڤیێر دیاریکردووە کە خۆشی بە تەواوی هۆکارەکەی نازانێت، بەڵام ئەگەری هەیە جۆرێک لە پەیوەندیی و خۆکاربوونی پێشکەوتوو لەنێوان تۆڕەکانی وزە و پەیوەندییەکانی داهاتوودا هەبێت.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ڤیدیۆکان، خافێر بەڵگەی سەربەخۆی نەخستۆتەڕوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە گەشت دەکات بە کاتدا،یان ئەوەی کە ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بەڵگەی لەسەر دەکات لە ڕاستیدا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2028، چیرۆکەکەی لەچوارچێوەی ئەو بانگەشانەدایە کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە.