شارپرێس:
تورکیا لەمساڵانهى دواییدا وەک یەکێک لەگەورەترین هەناردەکارانی چەکو لەسەروی هەموشیانەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، بۆ وڵاتانی کیشوەری ئەفریقیا دەرکەوتوە.
لەماوەی ڕابردودا، تورکیا لەفرۆشتنی چەک بەوڵاتانی ئەفریقیا بازدانی گەورەی تۆمارکردوەو دوای باشبونی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ میسر، هەماهەنگییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە پەرەپێداوە، ئێستا درۆنو کۆپتەرە جەنگییەکانی تورکیا لەچەندین وڵاتی ئەفریقیدا ئامادەییان هەیە، بەتایبەتی لەناوچەی کەناراوەکان (ساحل)و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیا.
ئەنكەرەو قاهیرە دوای ساڵانێک لەناکۆکی بەهۆی پرسی (ئیخوان موسلمین)ەوە، گەڕانەوە بۆ هەماهەنگی لەئاستە جیاوازەکاندا، ئەم نزیکبونەوەیە بوە هۆی زیادبونی هاوکارییە سەربازییەکانو لەحوزەیرانی 2026دا هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکیان بۆ "بەرهەمهێنانی هاوبەشی درۆن" واژۆکرد، کۆمپانیای (هاڤێلسان)ی تورکیو کارگەی (قادر)ی میسری لەچوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا ئۆتۆمبێلی زەمینیی بێ فڕۆكهوان یان (ئۆتۆمبێلى ڕۆبۆتى سهربازیى) بەرهەمدەهێنن.
جگە لەمە، هەردوو وڵات چەندین مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامداوە، وەک (دەریای هاوڕێیەتی) لە2025و (هەڵۆی زێڕینو ههڵۆكانى ئهنادۆڵ) لەمساڵدا، لهوبارهیهوه لیوا ئوسامە مەحمود کەبیر ڕاوێژکار لەکۆلێژی فەرماندەییو ئەرک لەمیسر، دەڵێت، "ئەم پەرەسەندنانە گوزارشت لەئاڕاستەیەکی تایبەتی هاوکاریی سەربازیی نێوان هەردوو وڵات دەکەن".
هەروەها باس لەوەشدەکرێت کە میسر بخرێتە ناو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی پێنجەمی تورکیا (قێن)، دکتۆر محەممەد سەروەت شارەزای کاروباری تورکیا، پێیوایە، تورکیا دەیەوێت میسر بکاتە دەروازەیەک بۆ چونە ناو بازاڕەکانی دیكهى ئەفریقیا، هەروەها ئەم هاوکارییە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەکە کە ڕوبەڕوی ئەم دوو سوپا گەورەیەی ناوچەکە ببێتەوە.
درۆنە تورکییەکان دوای ئەوەی لەململانێ جیاوازەکاندا کارامەیی خۆیان سەلماند، بونەتە گرنگترین چەک کە ئەنكەرە بەئەفریقیای دەفرۆشێت، تورکیا لەگەڵ وڵاتانی وەک (سۆماڵ، لیبیا، چاد، بورکینافاسۆ، گانا، نایجیریاو سەنیگال) ڕێککەوتنی بەرگریی واژۆکردوە.
ئامارەکان ئاماژە بەگەشەیەکی خێرا دەکەن؛ هەناردەی چەکی تورکیا بۆ ئەفریقیا لە 83 ملیۆن دۆلارەوە لەساڵی 2020، گەیشتوەتە 460 ملیۆن دۆلار لە2021دا، بەشێوەیەکی گشتیش، کۆی هەناردەی چەکی تورکیا لە 248 ملیۆن دۆلارەوە لەساڵی 2002 بۆ 505 ملیار دۆلار لە 2023دا بەرزبوەتەوە.
فڕۆکەی "بایراکتار TB2" ئێستا یەکێکە لەباشترین بژاردەکان لەبەردەم وڵاتانی ئەفریقیا، وڵاتانی وەک (کینیا، تونس، مەغریب، مالی، جیبۆتیو ئەسیوپیا) ئەمجۆرە درۆنەیان کڕیوە، کۆمپانیای (بایکار) تەنانەت کارگەیەکی لەمەغریب کردوەتەوە تا باشتر پێداویستییەکانی کڕیارەکانی لەو کیشوەره دابین بکات.
شارەزایان دەڵێن، چەند هۆکارێک هەن بۆ سەرکەوتنی چەکی تورکی لەئەفریقیا ئهوانیش، نرخی یەک فڕۆکەی (بایراکتار TB2) لەنێوان (2 بۆ 5) ملیۆن دۆلاردایە کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر چواری نرخی درۆنە سەربازییەکانی وڵاتانی دیكه، ههروهها وڵاتانی ئەفریقیا دەبینن کە ئەم چەکانە لەشوێنانی وەک لیبیاو ئۆکرانیا تاقیکراونەتەوەو ئەنجامی باشیان هەبوە، بۆ نمونە ئەسیوپیا لەشەڕی هەرێمی تیگرایدا بەکاریهێناوەو نایجیریاو تۆگۆش بۆ پاراستنی سنورەکانیان سودیان لێ بینیوە.
فێراس ڕهزوان ئۆغڵو شرۆڤەکاری سیاسیی تورک، دەڵێت، "بازرگانیی چەک لەگەڵ ئەفریقیا لەچوارچێوەی ستراتیژییەکی گەورەدایە؛ چونکە ئەفریقیا بازاڕێکی پڕ لەکێبڕکێیەو بەهۆی بونی ململانێی سەربازییەوە، خواست لەسەر کڕینی چەک تێیدا زۆرە".
