كەجەكە لەبارەی چۆڵكردنی قەندیلەوە ڕونكردنەوە دەدات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 334 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مستەفا قەرەسوو ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە لەبارەی ئەگەری جێگیربوونی بەشێك لە سەركردەكانی پەكەكە لە كەمپدا، دەڵێت "دەكرێت زۆر شت ڕووبدەن بەڵام بابەتی كەمپنشینی ئەندامانی تەڤگەر زۆر مەحاڵە و بە هەموو شێوەیەك ڕەتی دەكەینەوە".

مستەفا قەرەسوو بۆ كەناڵی مەدیا هابەر وتی "لە جیهاندا هەموو شتێك دەشێت ڕوو بدات، بەڵام شتێكی لەم شێوەیە نابێت. ئێمە تەڤگەرێكی ئاوا نین. ئێمە ناتوانین ببینە تەڤگەرێك كە ئیرادەی خۆمان لە ناو كامپەكاندا سنووردار بكەین و بیخەینە ژێر كۆنترۆڵەوە".

وتیشی "ئێمە دەمانەوێت پرسی كورد چارەسەر بكەین. دەمانەوێت بچینە توركیا و سیاسەتی دیموكراتی بكەین. دەمانەوێت ببینە بەشێك لە تێكۆشانی دیموكراسی لە توركیادا. ئێمە تەڤگەرێكی دیموكراتی و شۆڕشگێڕی لەم شێوەیەین. نابێت كەس بكەوێتە ناو تێڕوانینێكی لەو شێوەیەوە كە پێمان بڵێن بڕۆن لە فڵانە كامپدا بمێننەوە. بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم كە دەوڵەتی توركیش ئێمە دەناسێت. پەكەكە دەناسێت، تەڤگەرەكە دەناسێت. ئەوان خۆشیان زۆر باش دەزانن كە ئێمە شتێكی لەم شێوەیە قبووڵ ناكەین."

مستەفا قەرەسوو لەبارەی ئەگەری چۆڵكردنی قەندیل ڕونیكردەوە، "ئەو ناوچانەی ئێمە لە ئێستادا لێیانین، بەهۆی پێگەی ستراتیژییانەوە هەمیشە جێگەی ململانێ و شەڕ بوون، هەر ئەم گرنگییەش وایكردووە كە دەیان ساڵە سەرەڕای دژایەتیی جیهانی و هێرشەكانی دەوڵەتی تورك، خۆمان لەم جوگرافیایەدا ڕابگرین. چۆڵكردنی ئەم ناوچانە لە لایەن ئێمەوە، مەترسیی دروستبوونی بۆشایییەكی ئەمنی گەورە و جێگیربوونی هێزەكانی وەك داعش یان سەرهەڵدانی پێكدادانی ناوخۆیی لە نێوان لایەنەكان لەوانە پارتی و یەكێتی لێدەكەوێتەوە".