حاتەمی: ئێران سەرکەوتوی حەتمیی جەنگەکەیەو وەڵاممان بۆ هەر دەستدرێژییەک توندتر دەبێت

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1548 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی لەباشوری ئێران، سوپای ئێران بەدەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بنکە ستراتیژییەکانی ئەمریکای لەئیمارات‌و بەحرەین بۆردومانکردو فەرماندەی گشتیی سوپاش دەڵێت، "ئێمە سەرکەوتوی حەتمیی جەنگەکەین".


لیوا ئەمیر حاتەمی فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران، هۆشداریدەداتە دوژمنانی وڵاتەکەیی‌و ڕایدەگەیەنێت، "وەڵامێکی زۆر توندترمان بۆ هەر کارێکی دوژمنکارانە دەبێت، دوژمن نەیتوانیوە هیچکام لەو ئامانجانە بپێکێت کە پێشتر ڕایگەیاندبون".

فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ڕایگەیاند، "ئێران لەم جەنگەدا سەرکەوتوی حەتمییە، وەڵامیشمان بۆ هەر هەنگاوێکی دوژمن، چەند هێندەو زۆر توندتر دەبێت، تاوەکو لەهاوکێشەو ئەژمارەکانیدا ئەوە بچەسپێنێت کە ئێران بۆ بەرگریکردن لەخۆی تەواو سورەو خاوەن بڕیارە".

دوێنێ سوپای ئێران ڕایگەیاند، بەدەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەو ناوەندەکانی ئەمریکای لەهەردوو بنکەی (زەفرەو مەنھاد) لەئیمارات کردوەتە ئامانج، ئاماژەی بەوەشکرد، بنکەی (زەفرە) یەکێکە لەگرنگترین ناوەندە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمریکییەکان‌و بۆ مەبەستی هێرشی ئاسمانی‌و هەواڵگریی‌و پشتیوانیی بەکاردێت.

هەروەها سوپای ئێران ئه‌وه‌شى ئاشکراکرد، بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (ئارەش) هێرشی بەرفراوانی کردوەتەسەر دامەزراوەکانی ڕادارو بنکەی هێزە ئەمریکییەکان لە(شێخ عیسا) لەبەحرەین.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئێران بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای کرد بۆسەر ناوچە نیشتەجێبوەکان‌و بەئامانجگرتنی ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی، ئەمەی بە"نمونەیەکی زەقی تاوانی جەنگ" وەسفکردو ڕایگەیاند، "ئەم هێرشانە قێزەونیی ناوەڕۆکی مافی مرۆڤی ئەمریکی دەردەخەن، به‌ڵام وەڵامی ئێرانیش بۆ ئەم تاوانانە گشتگیرو بەرفراوانتر دەبێت".

ئەم لێدوانانە دوای ئەوەدێن، ئەمریکا هێرشیکردەسەر باشوری ئێران‌و ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی لەناوچەی (سیریک) کردە ئامانج کە به‌گوێره‌ى ئامارەکانی باره‌گاى خاته‌مولئه‌نبیا، بەهۆیەوە زیاتر له‌چوار هاوڵاتی سڤیل كوژراون کە منداڵێکیش لەنێویاندایەو نزیکەی 70 کەسی دیکەش برینداربون.