ئیسرائیل كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەیەكی ستراتیژی لوبنانی ڕاگەیاند

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 184 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان بەرزاییەکی ستراتیژییان لەباشوری لوبنان کۆنترۆڵ کردوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەی ئەمنی لەناو خاکی لوبناندا.


یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەڕاگەیتندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆنترۆڵکردنی زنجیرە بەرزاییەکانی (عەلی تاهیر) بەواتای کۆتاییهاتنی قۆناغی سەپاندنی دەسەڵات دێت لەناوچەی ئەمنی لەباشوری لوبنان.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، حیزبوڵڵا ئەم بەرزاییە ستراتیژییەی بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل بەکارهێناو و تۆڕێکی بەرفراوانی تونێلی تێدا دروستکردوە کە ناوەندی فەرماندەیی تێدابوە. کاتز وتیشی، "سوپای ئیسرائیل ئێستا کار بۆ لەناوبردنی تونێلەکان دەکات و بەشێوازێکی تاکتیکی لەسەر بەرزاییەکە جێگیر دەبێت بۆ ئەوەی رێگە لەگەڕانەوەی دوژمن بگرێت."

کاتز جەختی کردەوە کە ئەو و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سیاسەتێکی ڕون و بێ گەڕانەوە بەرامبەر لوبنان پەیڕەو دەکەن و وتیشی، "ئیسرائیل لەناوچەی ئەمنی لەلوبنان ناکشێتەوە تاوەکو حیزبوڵڵا لەسەرانسەری لوبنان دانەماڵدرێت و هەڕەشەکان لەسەر دانیشتوانی ناوچەی جەلیل لانەبرێن".

بەرزایی (عەلی تاهیر) کە 600 مەتر لەئاستی دەریاوە بەرزە، بایەخێکی جیۆپۆلیتیکی و سەربازیی گەورەی هەیە، چونکە بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی باشوری لوبناندا دەڕوانێت، لەناویاندا شاری نەبەتییە.