راپرسییەک دەربارەی زیادبونی هەوادارانی ئامەد سپۆر باخچەلی پەست و نیگەران کردوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1254 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 دەولت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی حیزبی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (MHP)، لە هەڵوێستێکدا سەبارەت بە پەیوەندیی وەرزش و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، داوای کرد یانە و ڕێکخراوە وەرزشییەکان نەکرێنە ئامرازی هەوڵە ئیستیفزازکەرییەکان بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵگا.

باخچەلی بە تایبەتی ڕەخنەی لە توێژینەوەیەک گرتووە کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی کورد (KSC) و کۆمپانیای Rawest ، بە پشتگیریی دامەزراوەی Friedrich-Ebert-Stiftung ، ئەنجام دراوە. ئەم توێژینەوەیە کە لە 28 ئابی 2026ئەنجمادراوە، لەسەر تێڕوانینی کوردەکانی تورکیا بۆ ئامەدسپۆر و هەواداریی ئەم یانەیە بووە.

بەپێی ئەو راپرسییە، کە لە 19 پارێزگا و بە بەشداریی 1471 کەس ئەنجام دراوە، ژمارەی ئەو کوردانەی لە تورکیا ئامەدسپۆر بە یانەی یەکەم یان دووەمی خۆیان دادەنێن، لە نزیکەی یەک ملیۆنەوە بۆ نزیکەی چوار ملیۆن زیاد بووە.

باخچەلی ئەم ئەنجامەی بە شێوەیەکی توند هەڵسەنگاندووە و گوتویەتی ئەم جۆرە توێژینەوانە هێڵی نێوان تۆپی پێ و ناسنامەی کۆمەڵایەتیی قووڵتر دەکەن و بە بۆچوونی ئەو، دەتوانن هەستی جوداجوازیی بەهێز بکەن.

سەرۆکی MHP هەروەک وتویەتی وەرزش دەبێت بنەمای هاوڕێیەتی، ئاشتیی، یارمەتیی دوولایەنە و ڕێزگرتن بێت، نەک شوێنی سیاسەتی ناسنامەیی و وتاری دابەشکەر.

 باخچەلی جەختی کردۆتەوە کە ئامەدسپۆر و هەموو یانەکان دەبێت لە هەڵوێست و وتارێک دوور بن کە گرژیی کۆمەڵایەتیی زیاد بکات، هەروەها بەبیری هێناوەتەوە کە پێشتر سەرکەوتنی ئامەدسپۆری لە گەیشتن بە یانە پاڵەوانەکانی تورکیا بە پێشکەوتنێکی گرنگ بۆ ئامەد و تۆپی پێی تورکیا ناوبردووە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی