شارپرێس:
شاسوار عەبدولواحید رایدەگەیەنێت، ناوی «پێشمەرگە» و هێزەکانی پێشمەرگە،
ناو و هێزێکی دەستووری و یاسایین و هیچ ناکۆکییەک لەسەر ئەمە نییە، بەڵام لە
هەرێمی کوردستاندا، هێزی میلیشیایی، هێزی حیزبیی و هێزی شەخسیشمان هەیە
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی
بەوەکرد،" هەر هێزێکی سەربازیی کە نیشتیمانی نەبێت و فەرمان لە تاکە کەس یان حیزب وەربگرێت،
واتا فەرمان لە دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەکان وەرنەگرێت، ئەوا ئەو هێزە میلیشیایە
و دەبێت یان چەک بکرێت، یاخود بە تەواوی لە ناو دامەزراوە نیشتیمانیی و دەستوورییەکانی
هەرێمدا یەکبخرێن و تێکەڵ بکرێن ".
ئەوەشیخستەڕوو، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردودا، هێزەکانی هاوپەیمانان، بە سەرکردایەتیی
ئەمریکا، ملیاران دۆلاریان خەرج کرد بۆ هەوڵدان بۆ یەکخستنی تەنها هەشت لیوای پێشمەرگە.
بەڵام تا ئەمڕۆ، ئەم ئامانجە بەدی نەهاتووە و نەیانتوانیوە یەکیانخەن.
شاسوار عەبدولواحید وتیشی،" ئەو لیوایانە، لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی
تریش، هێشتا لە کردەوەدا فەرمان لە کەس و حیزبەکان وەردەگرن نەک لە دامەزراوە فەرمیی
و دەستوورییەکانی هەرێم ".