ده‌زانى تۆ وه‌ك مرۆڤێك ڕۆژانە پێویستت بەچەند لیتر ئاو هەیە؟

تەندروستی

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

"زیاتر ئاو بخۆرەوە" یەکێکە لەباوترین ئامۆژگارییە تەندروستییەکان، بەڵام زۆر خواردنەوەی ئاو مەرج نییە هەمیشە سودی تەندروستی زیاتری هەبێت، هەروەها بڕێکی دیاریکراویش نییە کە بۆ هەموو کەس‌و هەموو بارودۆخێک بگونجێت.


ئەکادیمیا نیشتمانییەکانی ئەمریکا بۆ زانست، ئەندازیاریی‌و پزیشکی، تێکڕای خواردنەوەی ڕۆژانەی گونجاوی ئاویان بەنزیکەی 3.7 لیتر بۆ پیاوان‌و 2.7 لیتر بۆ ژنان دیاریکردوە، بەڵام ئەم ژمارانە بەو مانایە نین کە دەبێت هەموو ئەو بڕە تەنها بەشێوەی پەرداخە ئاو بخورێتەوە، بەڵکو کۆی گشتیی ئەو ئاوە دەگرێتەوە کە جەستە لەڕێگەی ئاوی خواردنەوە، خواردنەوەکانی دیكه‌و خۆراکەوە دەستیدەکەوێت.

جەستە پێویستی بە چ بڕێکە؟
پێویستی بەشلەکان لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیكه‌ دەگۆڕێت، تەنانەت بۆ هەمان کەسیش لەڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی دیكه‌ جیاوازە، ئەوەش به‌گوێره‌ى پلەی گەرمی، ئاستی چالاکیی جەستەیی، بڕی ئارەقکردنەوەو باری تەندروستی.

جەستە بەزۆری لەکاتی وەرزشکردن یان کارکردن لەکەشوهەوای گەرمدا، هەروەها لەکاتی لەدەستدانی ئاو بەهۆی تا، ڕشانەوە یان سکچونەوە، پێویستی بەشلەی زیاترە، بۆ زۆربەی کەسانی تەندروست، "تینوێتی" نیشانەیەکی سروشتییە بۆ پێویستی جەستە بەخواردنەوەی ئاو.

ئایا دەکرێت بڕێکی زیاد لەپێویست ئاو بخورێتەوە؟
بەڵێ، هەرچەندە گورچیلەکان دەتوانن لەکەسێکی تەندروستدا لەئاوی زیادە ڕزگاریان بێت، بەڵام خواردنەوەی بڕێکی یەکجار زۆر لەماوەیەکی کورتدا ڕەنگە لەتوانای جەستە زیاتربێت بۆ پاراستنی هاوسەنگی شلەکان.

ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی چڕیی سۆدیۆم لەخوێندا، کە بەحاڵەتی (کەمیی سۆدیۆمی خوێن ـ Hyponatremia) ناسراوە، لەحاڵەتە سەختەکاندا دەبێتە هۆی سەرئێشە، دڵتێکهەڵاتن، سەرلێشێوان‌و گرژبونی ماسولکەکان، ئەگەر چارەسەرنەکرێت ڕەنگە مەترسیداربێت، ئەگەری ئەم کێشەیە لەکاتی وەرزشە درێژخایەن‌و تاقەتپڕوکێنەکاندا زیاد دەکات، کاتێک کەسەکە بڕێکی زۆر شلە دەخواتەوە هاوکات لەگەڵ لەدەستدانی سۆدیۆم لەڕێگەی ئارەقکردنەوەوە.

ئایا خواردنەوەی ئاو لەبەیانیاندا ژەهرەکان دەردەکات؟
هیچ پێویستییەکی پزیشکی گشتی نییە کە کەسێکی تەندروست هەر کە لەخەو هەستا پەرداخێک ئاو بخواتەوە بەئامانجی (دەرکردنی ژەهرەکان)، دەکرێت لەبەیانیاندا ئاو بخورێتەوە بۆ قەرەبوکردنەوەی شلەکان یان وەک عادەتێکی ڕۆژانە، بەڵام ئەم کاتە (بەیانیان) هیچ توانایەکی نائاسایی بەئاوەکە نابەخشێت بۆ پاککردنەوەی جەستە.

گورچیلەکان بەبەردەوامی کاردەکەن بۆ پاڵاوتنی خوێن‌و ڕزگاربون لەپاشماوەکان‌و ئاوی زیادە لەڕێگەی میزەوە، جگە لەڕۆڵی جگەر لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مادانەی دەچنە ناو جەستە، یاسای هەرە سادە ئەوەیە کە بڕی پێویست شلە وەربگریت به‌گوێره‌ى پێویستیی جەستە، چالاکی، کەشوهەواو باری تەندروستیت، لەبری ئەوەی هەوڵبدەیت زۆرترین بڕی ئاو بخۆیتەوە، ئەوەی داواکراوە پاراستنی هاوسەنگییە، نەک زیادەڕۆیی.